سياسەت, جيهان, شیکردنەوە

دە ساڵ تاوانی رژێمی ئەسەد و ئێران لە سووریادا

رژێمی ئەسەد لە دە ساڵی رابردوودا بە پشتیوانی سەربازیی و راستەوخۆی ئێران بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاواربوونی ملیۆنان کەس و هەروەها وێرانبوونی بەشێک لە وڵاتەکەی کە مێژووی شارستانیەتی هەزاران ساڵەی بوو.

Ekip   | 20.03.2022
دە ساڵ تاوانی رژێمی ئەسەد و ئێران لە سووریادا

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA / دکتۆر توران ئاکدەمیر

زۆربەی خەڵکی سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا رێزیان گرت لە یادی دە ساڵەی شۆڕشی سەرانسەری وڵاتەکەیان دژ بە ستەم و تاوانی رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانانی کە تێیدا سەدان هەزار کەس کوژران، ملیۆنان کەس ئاوارە و هەروەها بەشێک لە وڵاتەکەش وێران بوو.

هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی گرتییەوە، هاووڵاتیانی سووریا لە ئاداری ٢٠١١دا رژانە سەر شەقامەکان و هەشت مانگ بەشێوەیەکی مەدەنیانە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەربڕی، بەڵام رووبەڕووی هێرشی چەکداری رژێمی ئەسەد و سوپای پاسداران بوونەوە. تا کۆتایی ساڵ بە هۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، لانیکەم چوار هەزار هاووڵاتی بێتاوان کوژران، چەند هێندەش بریندار بوون و ٢٠ هەزار کەسیش دەستگیر کران کە چارەنووسیان تا ئێستا نادیارە.

بەڵگەی زۆر دەرخەری ئەوەن کە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بە فەرمانی ئێران بووە. جێگری پێشووی وەزیری ناوخۆی ئێران سەید مستەفا تاجزادە، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە چەناڵی تێلیگرامەکەیدا نووسیبووی: "فەرماندەکانی سوپا(ی پاسداران) رایانگەیاند کە بە فەرمانی رێبەریی (خامنەیی) چوونە سووریا بۆ ئەوەی ئەسەد بپارێزن. ستراتیژی ئێمە بەرگرتن بوو لە روودانی جەنگ، سەرەڕای ئەوەی ئەسەدیش دەرۆیشت".

بەشار ئەسەد خواستی دەستلەکارکێشانەوە و دەرچوونی هەبوو لە سووریا، بەڵام ئێران رێگریی لێکرد. بە گوتەی جەنەرال حەسەن پلارک کە سەرۆکی پێشووی بونیادنانەوەی شوێنە پیرۆزەکان سەر بە سوپای قودسە، "تەنانەت خودی بەشار ئەسەد دەیویست پەنا بباتە بەر وڵاتێک و سووریا جێ بهێڵێت، بەڵام حاجی قاسم (سولەیمانی) بە تەنیا وەستا و سووریای رزگار کرد.

جەنەراڵ حوسێن هەمەدانی جێگری ئەو کاتی فەیلەقی قودس و فەرماندەی هێزەکانی ئێران لە سەرکوتکردنی خەڵکی سووریاش لە کتێبی خۆی بە ناوی "پەیامی ماسییەکان" نوسیوویەتی: "ئەو شەوە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز هاتبووە ئاراوە. بەشار ئەسەد یەکلا ببووەوە و بە دوای وڵاتێکدا دەگەڕا بۆ پەنا بردنە بەری، وەک رووسیا".

گریمان، دواتر بەشار ئەسەد لە ئێران داوای پەنابەرییەتی کردبێت، دەستوەردانی سوپای پاسداران لە سووریا لەگەڵ لۆژیکی بەرپرسانی ئێرانی و یاساکانی نێودەوڵەتی دژە. دکتۆر مەهدی نەسیری کە چەند ساڵی رابردوو سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان سەر بە رێبەری ئێران بوو، بەم شێوازە رەخنە لە دەستوەردانی وڵاتەکەی لە سووریا دەگرێت، "ئێمە دەمانتوانی لەسەر خواستی سەرۆکی سووریا بەهاری عەرەبی سەرکوت بکەین، بەڵام سعوودیە ناتوانی لەسەر خواستی بەحرێن بەهاری عەرەبی سەرکوت بکات"

قاسم موحیبعەلی کە بەڕێوەبەری گشتی رۆژئاوای ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بوو و پێشتریش باڵیۆزی وڵاتەکەی لە مالیزیا و یۆنان بوون دەڵێت، "بوونی ئێران لە قەیرانی سووریا هیچ بنەمایەکی نییە، ئەم هەوڵانە بۆ پشتیوانی ستەملێکراوان نەبوو، چونکە پاراستنی بەشار ئەسەد کردەیەکی ئەخلاقی نەبووە. حکوومەتی بەشار ئەسەد دیموکراتیک و دەرخەری خواست و ئیرادەی خەڵکی سووریا نەبووە. بەڵکو حکوومەتێکی ئۆتۆکرات و دیکتاتۆر بووە کە کارنامەی تاوانەکانی بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و لێی راپەڕن. ئەگەر ئێمە لە رۆژانی یەکەمدا هەڵوێستێکی دیپلۆماتیکمان هەبووایە و بە شێوەیەکی دیموکراتیانە بەرەو پێشەوە چووباین، شایەدی کوژران، ئاوارابوون و برینداربوونی سەدان هەزار کەس نەدەبووین".

دوای گۆڕانی شۆرشی سووریا بۆ جوڵانەوەیەکی چەکداری، رژێمی سووریا و سوپای پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لە تۆپخانە و بۆمبە بەرمیلییەکان، زیاتر شارەکان، گوندەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، بازاڕ و مزگەوتەکانیان کردە ئامانج، نەک نەیارە چەکدارەکانیان.

براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبل شیرین عەبادی، هەفتەی رابردوو لە بارەی هێرشەکانی ئەسەد و هاوپەیمانانی دژ بە شارەکانی سووریا لە تویتێکدا نووسی: "حوکمڕانییکردن بەسەر وێرانییەکان، سیاسەتی ئاشکرای دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانە. هەندێکجار ئەم وێرانانە هاوشێوەی گڕگرتنی بینایەک خۆی دەردەخات و هەندێکجاریش لە کۆمەڵگایەکدا بە داڕمانی ئەخلاق، لێوانلێو لە تاوانی و گەندەڵی دەردەکەوێت. ئەوە ئەو کارەساتەیە کە سووریا وکۆماری ئیسلامی (ئێران) بەسەر سووریایان هێنا.

کەسایەتی ئێرانی سادق زیباکەلام-یش لەم بارەیەوە لە تویتێکدا نوسیوویەتی: "لە سووریا فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، بۆمبە بەرمیلییەکانیان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەباراند کە لە دەست ئۆپۆزسیۆندا بوون و ئەو کاتە کە کەسی تێدا نەدەما، سوپای سووریا شارە وێرانەکەی کۆنترۆڵ دەکرد. شۆڕشی خەڵکی چیچان-یش لەلایەن رووسیاوە بە هەمانشێوە سەرکوتکرا، ئێستا هەمان تاکتیکیان لە ئۆکرایناش گرتووەتە بەر.

رژێمی ئەسەد لە دە ساڵی رابردوودا، ٢١٦ جار کەڵکی لە چەکی کیمیایی وەرگرتووە دژ بە نەیارانی، یەکەمینجار دوو ساڵ بەر لە چوونی رووسەکان بوو بۆ سووریا و بە پشتیوانی ئێران ئەو هێرشەی ئەنجامدا. بە پێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کەس کە بەشێکیان منداڵ بوون، (لەم هێرشەدا) گیانیان لەدەستدا.

لەبارەی هێرشە کیمیاییەکانی ئەسەد و هاوپەیمانانی لە دژی منداڵانی سووریایی، رۆژنامەنووسی ئێرانی ساسان ئاقایی چەند رۆژێک بەر لە ئێستا نووسیبووی: "رایگشتی رۆژئاوا، تازە تێدەگەن کە راستییەکان لەبارەی بۆمبە بەرمیلییەکان و کیمیاییەکان چین و چۆن شارەکان لە رۆژێکدا تا شەو، بوون بە حەمامی خوێن. رەنگە خەڵکی سەرانسەری جیهان سەرئەنجام لەوە تێبگەن".

مامۆستای زانستە سیاسییەکان، دکتۆر عەمار مەلەکی-یش دەڵێت: "ئەو کەسانەی کە پشتیوانیان لە دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریا و کوشتاری خەڵکەکە بە بۆمبی بەرمیلی سوپا و بۆمبە کیمیاییەکانی ئەسەد و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا کرد، بوونە هۆی گەمارۆکانی سەر ئێران. ئەوان ناتوانن پۆزی دژایەتی شەڕمان لەسەر لێبدەن و کەسانی دیکە بە شەڕخواز تۆمەتبار بکەن. ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ئێراندا هاتووە، دەرئەنجامی شەڕخوازی دوینێ بوو لە سووریا".

جگە لە پسپۆڕان، هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانی لەوانەش، عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، دانی بە تاوانی رژێمی ئەسەد نا و رایگەیاندبوو، "خەڵکی سووریا لەم دوو ساڵەی رابردوودا زیانێکی زۆریان بەرکەوت. زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوژراو و نزیکەی هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. بەندیخانەکان پڕ بوون، خەڵک کەوتنە بەر پەلاماری بۆمبی کیمیایی حکوومەتەکەی خۆیان".

فائیزە هاشمی رەفسەنجانیش وێرای جەختکردنەوەی لە راستی قسەکانی باوکی، دەڵێت، "ئەگەر ئێوە باوەڕتان بە مرۆڤایەتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و گیانی موسڵمانان هەیە، بۆ بچینە شوێنێک کە ٥٠٠ هەزار سووریایی بە چەکی کیمیایی یان چەکی دیکەی تێدا کوژراوە، بە راستی قسەکانی باوکم یان هەر کەسێکی دیکە کە ئەم قسەیەی کردووە، یان بۆی رێکخستووە، تەواوە".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın