Dilara Karataş, Yılmaz Öztürk
14 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2026
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ھێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن و لەھەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە ھێشتا ئەگەری ھەیە لەگەڵ ئێران بگەن بە رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی لەبارەی پێشھاتەکانی ئێستا قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ھێرشەکانیان بۆ سەر ئێران گوتی: "ئێمە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیمان ھەیە، ئێمە گەیشتووین بە ئاستێک کە چەندین ساڵە بەو ئاستە نەگەیشتووین، زۆر بە سەختی لێیان دەدەین و ئەمە بەردەوام دەبێت".
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد کە دووبارە گەمارۆیی دەریاییان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و گوتی: "دووبارە گەمارۆیی دەریاییمان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن ناتوانن بە گەرووی ھورمزدا تێپەڕبن و بەپێچەوانەوە ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا ناکەن، دەتوانن بە گەرووی ھورمزدا تێپەڕبن".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند کە ھێشتا دەستبەرداری دانوستانەکان لەگەڵ ئێران نەبوون و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەری ھەیە لەگەڵ ئێران بگەن بە رێککەوتن.
ھەروەھا دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە میانی ھێرشەکاندا، زیانی گەورەیان بە توانا سەربازییەکانی ئێران گەیاندووە و ڕایگەیاند: "لە ماوەی مانگێکدا، ھێزی دەریایی ئێران لە چالاکی خراوە و ھێزی ئاسمانیی ئێران چی دیکە بوونی نییە".
ھەر لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە تا ئێستا بەڕێژەی ٨٩ لە سەدا توانای ئێران بۆ بەرھەمھێنانی مووشەک و بەڕێژەی ٩٢ لە سەدا بۆ بەرھەمھێنانی دڕۆن لەناوبراون.
دۆناڵد ترەمپ باسی لە چالاکییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەی کەنداو کرد و جەختی لەوە کردووە کە ئەمریکا ھاوپەیمانەکانی وەک سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوێت دەپارێزێت و ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت ئەو وڵاتانە تێچووی ئەم پارێزگارییە لە ئەستۆ بگرن.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: "ئێمە ناوچەی کەنداو دەپارێزین کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیھان دادەنرێت و دەمەوێت لە بەرامبەر ئەمەدا، شتێک بەدەست بھێنین".