جيهان

داوای پاراستنی مافی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

داواکارییەک ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، دەستەی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کراوە کە رێگری بکرێت لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و سزای ئەو کەس و کۆمپانیایانە بدرێت کە دەستیان داوەتە کارێکی لەو شێوەیە.

Fariq Faraj Mahmood   | 27.01.2020
داوای پاراستنی مافی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی، داوای پاراستنی مافی کرێکارە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەچوارچێوەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا خوێندرایەوە، رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی داوای بەدواداچوون و رێگریکردن لە پێشێلکردنی مافی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

رێکخراوەکە داواکارییەکانی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کردووە، داوا دەکات رێگری بکرێت لە بازرگانی بە مرۆڤەوە و سزای ئەو کەس و کۆمپانیا و پارێزەرانە بدرێت کە دەستیان داوەتە کارێکی لەو شێوەیە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بینود سرشتە کە کرێکارێکی نیپالی-یە و وەک خۆی دەڵێت چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستانە باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کرێکارانی بیانی کرد و دەڵێت "کیشەمان هەیە و مافەکانمان لە هەرێم پێشێل دەکەن".

بینود سرشتە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی لەسەر کێشەکانی کرێکارانی بیانی کرد و گوتی: "قاچاخچییەتی بە کرێکارانەوە دەکرێت، پاسپۆرتەکانمان لێ وەردەگرن و بەدڵی خۆیان بازرگانیمان پێوە دەکەن. مافی هەڵبژاردنی کارمان نییە و هەر کەسێکمان بۆ شوێنێک و بۆ ماڵێک رەوانە دەکەن بەبێ ئەوەی ئێمە بزانین. بە 300 بۆ 400 دۆلار مانگانە کار دەکەین و هەندێکجار پارەکەشمان لێ دەخۆن و ناماندەنێ".

ئەو باس لە دەکات کە هەندێکجار وەک کۆیلە مامەڵیان لەگەڵ دەکرێت و داوا دەکات بەیاسا مافەکانیان پارێزراو بێت.

ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی، بارزان رەئوف لەم بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "هاتنی بەلیشاو و بە قاچاخ هێنانی کرێکاران بۆ هەرێمی کوردستان زۆر بووە و ئەوە مەترسییە بۆسەر هەرێم کە بەبێ ئاگاداری و پشکنینی پزیشکیان رێگە بە هاتنیان دەدرێت".

بارزان رەئوف نەیشاردەوە کە کرێکارانی بیانی لە هەرێمی مافەکانیان پیشێل دەکرێت و لەم بارەیەوە هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ کرێکاران هەیە و لەهەر چەشنە بنپێکردنی مافە دارایی و مرۆییەکانیان رێکاریی یاساییان بۆ دەگرنە بەر.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی لەئێستادا وا دەخەمڵێندرێت کە 27 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و داتایەکی راستەقینە و ورد لەم بارەیەوە نییە.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın