جيهان

خنکان و بێ سەروشوێنبوونی ١٧٠ کۆچبەری نایاسایی

- نەتەوە یەکگرتووەکان: "لە میانی ھەفتەی رابردوودا و لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا، ١٧٠ کۆچبەری نایاسایی خنکاون و بێ سەروشوێنبوون".

Zana Natık Kerem  | 20.01.2019
خنکان و بێ سەروشوێنبوونی ١٧٠ کۆچبەری نایاسایی

Geneve

جنێڤ ــ AA

کۆمیسیۆنی باڵا بۆ کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە لە میانی ھەفتەی رابردوودا و لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا، ١٧٠ کۆچبەری نایاسایی خنکاون و بێ سەروشوێنبوون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن کۆمیسیۆنەکەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەستکەوتوون لە میانی ھەفتەی رابردوودا، بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو لە دەریای بوران لە نێوان ئیسپانیا و مەغریب ژێرئاوکەوتووە و بە ھۆیەوە ٥٣ کەس خنکاون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ھێزی دەریاوانی ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە لە میانی ھەفتەی رابردوودا، بەڵەمێکی دیکە کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو لە دەریای ناوەڕاستدا ژێرئاوکەوتووە و لە ئەنجامدا، ١١٧ کەس خنکاون و سێ کۆچبەریش رزگارکراون.

لای خۆیەوە کۆمسیاری کاروباری کۆچبەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلیپۆ گراندی ژێرئاوکەوتنی ئەو دوو بەمەلەی بە کارەساتێکی دڵتەزێن بۆ کۆچبەرانی نایاسایی لەقەڵەمداوە و رایگەیاند ئەمە کارەساتێکی دڵتەزینە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی کە لە میانی ئەمساڵدا رووبدات.

فیلیپۆ گراندی گوتوویەتی: "ناتوانین لەوە زیاتر چاوپۆشی لەو ژمارە زۆرە لە کۆچبەرانی نایاسایی بکەین کە لە دەریای ناوەڕاست دەبنە قوربانی، گرنگە لەمەودا ھەوڵەکان زیاتر چڕبکرێنەوە لە پێناو رزگارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست".

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی ساڵی ٢٠١٨دا، دوو ھەزارو ٢٦٢ کۆچبەری نایاسایی لە میانی ھەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا، خنکاون.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın