جيهان

خنکانى ١٥ هاووڵاتى کوردى هەرێمى کوردستان لە دەریای ئیجە

- سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال: "لە ئەنجامى نقومبوونى یەختەیەکى کۆچبەران لە کەناراوەکانى ئیزمیر لە دەریایی ئیجە ١٥ هاووڵاتی کوردى هەرێمى کوردستان خنکان،سەرجەمیان دانیشتووى پارێزگاى دهۆکن".

Azad Mohammed Abdullah   | 11.10.2018
خنکانى ١٥ هاووڵاتى کوردى هەرێمى کوردستان لە دەریای ئیجە

Dahuk

دهۆک - AA

سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال رایگەیاند "دوێنێ چوارشەممە ئاگادار کراینەوە کە یەختەک بە ٣٥ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە نقووم بووە، زۆرینەى سەرنشینەکانى کوردى هەرێمى کوردستانن".

سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دوێنێ چوارشەممە، کاتژمێر ١٠ى بەیانى لەلایەن نوێنەرانى سەربە فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق ئاگادارکراینەوە کە یەختەک بە ٣٥ سەر نشینەوە لە کەناراوەکانى ئیزمیر لە دەریایی ئیجە نقووم بووە و سەرجەم سەرنشینەکانى ژێر ئاوکەوتوون، تا ئێستا تەرمى ١٥ کەس دۆزراونەتەوە کە دانیشتووى پارێزگاى دهۆک و قەزاى زاخۆن، سەرجەم ناسنامە و رەگەزنامەى بارى شارستانییەکانیان لەلایەن ئێمەوە پارێزراوە".

ئارى جەلال گوتیشى: "لێکۆلینەوە و گەڕان بە دواى بێ سەروشوێنبووانى رووداوەکە بەردەوامە، تا ئێستا تەنها یەک ئافرەت رزگار کراوە، کە ئەویش ئافرەتێکى کوردە و دانیشتووى قەزاى زاخۆیە، هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەى شتێک لە بارەى چارەنووسى بێ سەروشوێنانى رووداوەکە بزانین".

سەرپەرشتیارى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال دڵنیایی بە کەسوکارى قوربانیان دەدات کە هەموو کارێک دەکەن بۆ گەڕانەوەى رووفاتى قوربانیان و دەڵێت: " دواى گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار لە ماوەى یەک هەفتەدا لە رێوڕەسمێکدا هەڵدەستین بە گەڕاندنەوەى رووفانى قوربانییانى رووداوەکە بۆ پارێزگاى دهۆک.

سەرپەرشتیارى گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان ئاماژە بە زیادبوونى رێژەى کۆچبەرى دەدات و لە سەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتان و دەڵێت "بەهۆى ئەوەى رێژەى کۆچبەربوون لە زیادبووندایە بەرەو وڵاتانى ئەورووپا، ژمارەى قوربانیانیش رۆژ لە دواى رۆژ لە زیاد بووندایە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و هەموو عێراق دەکەین کە ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە ئەوان لە خەیاڵى خۆیاندا دروستى دەکەن، رێگا نایاساییەکان نەگرنە بەر و ژیان لە خۆیان و خانەوادەکانیان تێک نەدەن".

ناوبراو ئاشکرایشى دەکات کە رێنمایی و یاساکان دژ بە پەنابەران توندترکراون و هیچ کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتییانى پەناخواز ناکرێت، بۆیە هەتا بکرێت پشت بە رێگا یاساییەکان ببەستن.

سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان لەبارەى دوایین ئامارى قوربانییانى رێگاى پەنابەرى دەڵێت: "لە سەرەتاى دەستپێکردنى شەڕى داعش لە عێراق و هەرێمى کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی عێراق و هەرێمى کوردستان لە رێگا سەخت و دژوارەکانى هەندەران گیانیان لە دەستداوە و لە رووبارەکاندا خنکاون، تەرمى زیاتر لە ١٦٠ کەسمان گەڕاندووەتەوە بۆ کەسوکاریان و چارەنووسى زیاتر لە ١٣٠ کەس تا ئێستا بە نادیارى ماوەتەوە لە رێگا پڕ مەینەتییەکانى پەناهەندەیی".

دەشڵێت: "ئەو کۆچبەرانەى لە دەریاکان دەخنکێن و لە رێگا سەخت و پڕ مەینەتییەکان گیان لە دەست دەدەن، لە تەمەنى جۆراوجۆرن تەنانەت منداڵیشیان لەگەڵدایە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın