جيهان

جۆ بایدن: "کوژرانی فڵۆید تاوانێکە کە بە رۆژی رووناک ئەنجامدراوە"

Dildar Baykan   | 21.04.2021
جۆ بایدن: "کوژرانی فڵۆید تاوانێکە کە بە رۆژی رووناک ئەنجامدراوە"

Washington DC

واشنتۆن - AA

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای ویلایەتی مینیسۆتا بۆ بەتاوانبار ناساندنی کارمەندی پێشووی پۆلیس، دەرەک شۆوڤین لە کوشتنی جۆرج فڵۆید، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کۆشکی سپی لەو بارەیەوە لێدوانێکی دا.

جۆ بایدن ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە کوژرانی فڵۆید لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تا ئێستا گەورەترین شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناوە و گوتی: "کوژرانی فڵۆید، تاوانێکە کە بە رۆژی رووناک ئەنجامدراوە. ئەم رووداوە پەردەی لەسەر چاوەکان لە بەرامبەر ئەو نەژادپەرستییە سیستماتیکییەدا لابرد کە لە جیهاندا هەیە. نەژادپەرستی سیستماتیکی پەڵەیەکە بەسەر رۆحی وڵاتەکەمانەوە".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردووە کە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا، شتێکی گرنگ بووە و گوتی: "هیچ کەسێک لە سەرویاساوە نییە. بڕیارەکەی ئەمڕۆش هەڵگری ئەم پەیامەیە، بەڵام تەنها ئەم بڕیارە بەس نییە و بەوەوە ناوەستین".

جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشدا کە نزیکەی ساڵێک بەسەر کوژرانی جۆرج فڵۆید-دا تێدەپەڕێت و کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنگرێس دەربارەی نەژادپەرستی پۆلیس دژبە کەسانی رەشپێست هەنگاوبنێت.

لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠دا، جۆرج فڵۆیدی تەمەن ٤٦ ساڵ كە هاووڵاتییەكی ئەمریكی رەشپێست بوو لە میانی دەستبەسەركردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا و ئەمەش شەپۆلێكی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سەرتاسەری ئەمریكادا دروستكرد.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın