Aynur Şeyma Asan
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، دان کاین بەهۆی کەمی تەقەمەنیهوه نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ئێران دهربڕیوه، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بانگەشەکانی بەدرۆخستەوە و ڕایگەیاند وڵاتەکەی خاوەنی زۆرترین تەقەمەنیە لە جیهاندا کە لە سەرجەم وڵاتانی دیكه زیاترە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە جهی دی ڤانس و کاین نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی هێرشەکانی سەر ئێران فراوانتر نەکرێن.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کرد ترەمپ لە کۆبوونەوەی ٢٤ی تەمووزدا پرسی فراوانکردنی هێرشەکانی سەر ئێرانی تاوتوێ کردووە، بەڵام بەرلە دەرکردنی فەرمانی ئەنجامنەدانی هێرشەکان، بەتایبەت کاین نیگەرانی خۆی سەبارەت بە کۆگاکانی تەقەمەنی دهربڕیوه.
ههروهها بەرپرسەکان بانگەشەی ئەوەیان كرد لە کاتی کۆبوونەوەکەدا کاین بە ترەمپی گوتووە: "دەتوانیت ئەو بژاردانەی لەبەردەستتدان جێبەجێ بکەیت، ئێمە سەرکەوتوو دەبین، بەڵام ئەمە هەندێک دەرهاویشتەی دەبێت" ئهوهشیان خستهڕوو كه هۆشداری دراوه لهوهی ئەگەر هێرشی فراوان ئەنجام بدرێت، زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێران زیاد دەکات.
بەرپرسەکان بانگەشەی ئەوەشیان کرد زۆربەی ڕاوێژکارانی نێو کۆبوونەوەکە باسیان لهوه كردووه بەپێی ڕێنماییهیەکانی ترەمپ دەکرێت هێرشێکی گەورەتر ئەنجام بدرێت، بەڵام پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بیر لە دەرهاویشتەكانی دووهەم و سێهەمیش بکاتەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ئەمریکا، ستیڤن چیۆنگ ڕایگهیاند: "ترەمپ چارەسەری دیپلۆماسیی بە باشتر دەزانێت، بەڵام ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستەکەی لە گەرووی هورمز، هەموو بژاردەکان تاوتوێ دەکات".
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بانگەشەی ئەوەیان کردووە لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی دیپلۆماسی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز درێژهیان ههیه، ئەگەر ئەو هێرشە گشتگیرانەی ئاڕاستەی ئێران دەکرێن کە ترەمپ فەرمانی ڕاگرتنی دابوون، ئەنجام بدرێن، ڕەنگە نزیکەی دوو هەفتە بخایەنن.
بەرپرسەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن هێرشەکان بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی دواخراون، سەرەڕای ئەمەش ترەمپ دەتوانێت فەرمانی هێرشکردن دەربکات.
لەلایەکی دیکەوە، سهرۆكی ئهمریكا ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند: "ئێمە زۆرترین تەقەمەنیمان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، زۆر زیاتر لەوەی پێویستمانە"، بەمەش بانگەشەکانی بەدرۆخستەوە.