Mücahit Oktay
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
بانگەشەی ئەوە دهكرێت کە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشنیاری کردووە بۆردومانەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز ڕابگیرێن، بەهۆی ئهوهی کاریگەری هێرشەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و زۆربەی ئامانجەکان تەواو بوون.
بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیەی قسهیان بۆ ئەکسیۆس كردووه، بانگەشەی ئەوە کرا پێشنیارەکەی فەرماندەی سێنتکۆم، ئەدمیراڵ براد کوپەر بۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە چیتر پێویست بە بۆردومانکردنی دەوروبەری هورمز ناکات، کاریگەری هەبووە لەسەر بڕیارەکەی ترهمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران لە ڕۆژی هەینیدا.
بەپێی سەرچاوەکان، کوپەر ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکان توانای تارانیان بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتیە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە و، بەردەوامبوونی هێرشەکان پێش ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ پێکدادانێکی هەمەلایەنە، خزمەت بە هیچ ئامانجێکی ستراتیجی ناکات.
لە هەواڵەکەدا بانگەشەی ئەوە كراوه پێشنیاری ڕاگرتنی بۆردومانەکان لەلایەن ڕاوێژکارانی سەربازی و مەدەنییەوە پێشکەش بە ترەمپ کراوە، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە چیتر هیچ ئامانجێک نەماوەتەوە بە هێرشەکان، بەتایبەت ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ئاڕاستە دەکرێن، سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنرێت.
سهرۆكی ئهمریكا ترەمپ، نزیکەی دوو هەفتەیە هەموو ڕۆژێک ئەو پلانانەی هێرشکردن پەسەند دەکات کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە پێشکەش دەکرێن، ئەم پلانانەش بەپێی کاتی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نیوەشەودا دەخرانە بواری جێبەجێ کردنەوە.
فەرمانی ترهمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕۆژی هەینی، هیچ ڕوونییەک نیشان نادات لەبارەی ئەوەی تا چەند پشوو دەدرێت بەو هێرشانەی لە ماوەی ١٣ ڕۆژی پێشتردا بە شێوەیەکی ڕۆژانە ئەنجام دران.
سهرۆكی ئهمریكا ترەمپ، شەوی هەینی لە خوانی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتۆنی پایتەخت ئاماژهی بهوه كرد ئێران لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ ڕێککەوتنێک.
پەسەندنەکردنی فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران لەلایەن ترەمپەوە، هاوكاته لەگەڵ گەیشتنی دوێنێی شاندی عومان بۆ تاران بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەسەر سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز.