جيهان

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەو ماددەیەی پەسەندکرد کە تیایدا ترەمپ تۆمەتبارکراوە بە "هاندان بۆ یاخیبوون"

- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کە ئەنجوومەنی نوێنەران ماددەی لەکاردوورخستنەوەی ترەمپی ئاراستە کردووە، لە بەروارێکی دوای ٢٠ی کانوونی دووەم پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەڕێوەدەبات و بڕیار دەدات لەوەی تاوانبارە یان نا.

Hakan Çopur   | 14.01.2021
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەو ماددەیەی پەسەندکرد کە تیایدا ترەمپ تۆمەتبارکراوە بە "هاندان بۆ یاخیبوون"

Washington DC

واشنتۆن - AA

لە دەنگدانێکدا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سازکرا، ئەو ماددەیە پەسەند کرا کە تیایدا سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبارکراوە بە ''هاندان بۆ یاخیبوون''.

دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، هەنگاوێکی گرنگیان دژ بە ترەمپ هەڵنا کە بە بەرپرسیاری هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی دادەنێن لە شەشی کانوونی دووەمدا.

ترەمپ کە یەک هەفتەی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ماوەی ئەرکەکەی، لەو ماددەی لەکارلابردنەدا کە بەو پرۆژە یاسایە کراوەتە رۆژەڤی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ''هاندان بۆ یاخیبوون'' تۆمه‌تبار کرا.

لە پرۆژە یاساکەدا کە داوای لەکاردوورخستنەوەی ترەمپ دەکرێت، بە هۆی لەدوانەکانی لە پێش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس ناوبراو بەرپرسیارکراوە لەو توندوتیژیانەی ئەو رۆژە روویاندا.

دوای بەشی مشتومڕێکی دوور و درێژ، لە دەنگدانێکدا لە ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ماددەی دوورخستنەوەی ترەمپ لەدەسەڵات کە تۆمه‌تباركراوه‌ بە ''هاندان بۆ یاخیبوون'' بە دەنگی ٢٣٢ بەڵێ بەرامبەر ١٩٧ نەخێر پەسەند کرا.

ئەوەی بووە مایەی سەرنج، ١٠ ئەندامی کۆماریخوازەکان بە بەڵێ دەنگیان بە ماددەکە دا.

بەوەیش ٤٥هەمین سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ وەک ''یەکەم سەرۆکی تۆمەتبارکراو کە دووەمجارە داوای لەسەرکارلادانی دەکرێت'' ناوی دەچێتە مێژووەوە.


- دادگاییکردنی بنەڕەتی لە ئەنجوومەنی پیرانە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە پای بنەڕەتی دادگاییکردنی پرۆسەی لەکاردوورخستنەوە لە دەسەڵات پێکدەهێنێت و بڕیار دەدات لەوەی ترەمپ تاوانبارە یان نا، هێشتا بە روونی دیار نییە کە کەی ئەو دەنگدانە ئەنجام دەدات.

رێبەری زۆرینەی کۆماریخوازەکان لە ئەنجوومەنی پیران، میچ ماککۆنێل، لە دوواین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێش ٢٠ی کانوونی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی ترەمپ ئەنجام نادرێت. بەو شێوەیەش دادگایی کردنی ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران کەوتە سەردەمی جۆ بایدن.

بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پیران ترەمپ تاوانبار بکات دەبێت لانی کەم دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کە ١٠٠ ئەندامن، واتا لانی کەم ٦٧ ئەندامیان دەنگ بەوە بدەن.

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەمریکادا رەنگیانداوەتەوە، بەشێکی گرنگیی کۆماریخوازەکانی ئەنجوومەنی پیران، بیر لەوە دەکەنەوە دەنگ بەوە بدەن کە ''ترەمپ تاوانبار نییە''.

بە هۆی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی کە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلادیمیر زێلێنسکی ئەنجامیدا، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، لە ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمەتبار کرا، بەڵام لە دانیشتنی شوباتی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنی پیراندا تۆمەتەکانی سەری رەتکرایەوە.

دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دوێنێ کاتەکانی شەو ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند کرد کە داوا لە جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی، مایک پێنس دەکات ٢٥هەمین ماددەی هەموارکراوی دەستوور بەکاربهێنێت و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.

بەڵام پێنس بە زمانێکی روون باسی لەوە کرد کە بەنیاز نییە ئەو ماددەیە بەکاربهێنێت.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın