ئەمینە ئەردۆغان: "ماندوو نابین، ڕاناوەستن، چونکە ئێمە خەونی فەڵەستین'مان هەیە"

Ankara
ئەنقەرە - AA
خێزانی سەرکۆماری تورکیا ئەمینە ئەردۆغان گوتی، هەوڵەکانیان لەو ئاراستەدا دەبێت کە لە لووتکەی غەززە بە بەشداریی هاوسەری سەرۆک دەوڵەت و حکوومەتەکان و نوێنەرانی وڵاتان بڕیاریان لەسەرداوە و گوتیشی، "ماندوو نابین، ڕاناوەستین، چونکە خەونی فەڵەستینمان هەیە".
ئەمینە ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر غەززە و ئەو قەیرانەی بەهۆی هێرشەکەوە سەری هەڵداوە و هەروەها لووتکەی غەززە کە بە بەشداری هاوسەری سەرۆک دەوڵەت و حکوومەتەکان و نوێنەری وڵاتان بەسترا، قسەی بۆ گۆڤاری Newsweekی ئەمریکی کرد.
خێزانی سەرکۆماری تورکیا ئەمینە ئەردۆغان ڕایگەیاند کە، ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا موسڵمانان و مزگەوتەکان نەبوون، بەڵکو ئەوان پەرستشگاکانی مەسیحی و جولەکەکانیشیان لە غەززە بۆردومان کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە کە وەک تورکیا، هاوشێوەی ڕابردوو، لە هەر شوێنێکی جیهان ستەم و ستەملێکراوێک هەبێت، دڵیان بۆی لێ دەدات.
ئەمینە ئەردۆغان گوتی: "وەک خێزانی سەرکردەیەک، پەیوەندی تەلەفۆنیم لەگەڵ زۆریەک لە دۆستان و خێزانی سەرکردەکانی جیهان هەبووە. باسمان لەوە کردەووە کە چۆن یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە ناوچەکە. وەک خێزانی سەرکردەکان جیهان، هێزە جیاوازەکانمان ئەگەر بخەینە پاڵ یەک، زۆر بە هێزەوە دەنگمان دەگات. لە لووتکەی ١٥ی تشرینی دووهەم کە یەکدڵ بۆ ئاشتی لە فەڵەستین بوو، گوتمان پێویستە دەنگی ئێمە دەنگی فەڵەستینییەکان و بانگەوازی مرۆڤایەتی بێت بۆ یارمەتی. لە کۆتایی لووتکەکەدا، وەک ١٩ هاوسەری سەرکردەکان و نوێنەری وڵاتان، لەبەردەم ڕۆژنامەکانی جیهاندا دەرکەوتین و ڕوو بە کۆمەڵگای جیهانی بانگەوازی ئەوەمان کرد کە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و یارمەتییە مرۆییەکان بە بێ کێشە بگات بە ناوچەکە".
خێزانی سەرکۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ گەلی فەڵەستین و گوتی: "بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە تورکیا کلیلە. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا بۆ هەر گارانتۆرییەک بە مەبەستی دابین کردنی ئاشتی، ئامادەی هەموو هەوڵێکین. دەمەوێت بزانن کە ئێمە بڕیارمانداوە ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین بۆ دابین کردنی ئازادی و ئارامی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکی خۆیان. ئەو چاوەڕوانییەشمان تەنیا لە وڵاتانی ئیسلامی نییە و بەڵکو چاومان لە هەموو وڵاتێکی خاوەن ویژدانە کە هەستیار بێت و ئاوا بڕوانێت".
ئەمینە ئەردۆغان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، "ماندوو نابین، ڕاناوەستین. چونکە خەونی فەڵەستینمان هەیە. خەونێکە کە منداڵانی فەلەستینی بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوە دەست لە ناو دەستدا بن. خەونەکەمان ئەوەیە کە لە کەناری ڕۆژئاوا، قودسی ڕۆژهەڵات و لە غەززە لە سەر خوانێک بە ئارامی و ئاشتی دابنیشن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن