جيهان

ئەمڕۆ لووتکەی ناتۆ لە بڕۆکسل دەست پێ دەکات

- بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ و رێکاری تەندروستیی، لووتکەی ناتۆ دەست پێ دەکات.

Ömer Tuğrul Çam   | 14.06.2021
ئەمڕۆ لووتکەی ناتۆ لە بڕۆکسل دەست پێ دەکات

Brussels Hoofdstedelijk Gewest

بڕۆکسل - AA

لە رێوشوێنێکی ئەمنیی زۆر توندوتۆڵدا و بە گرتنەبەری رێکاری تەندروستیی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی باکووری ئەتڵەنتیک (ناتۆ)، ئەمڕۆ لە بارەگای ناتۆ کۆدەبنەوە.

بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا، ٣٠ سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتی وڵاتانی هاوپەیمان لەخۆ دەگرێت کە بۆ رۆژەڤێکی چڕ کۆدەبنەوە.

بابەتە سەرەکییەکانی لووتکەکە بریتین لەو بڕیارانەی دەدرێن لەبارەی ئەو نەخشەڕێگایەی کە ئاراستەی ١٠ ساڵی داهاتووی پەیمانەکە دیاریی دەکات، دەستەواژەی ستراتیجییەتی ناتۆ، رووسیا، باڵابوونی چین، کاریگەری ئاسایشی گۆڕانی ئاووهەوا، هەڕەشەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنەلۆجیای رووخێنەر، نوێنەرایەتی ناتۆ لە ئەفغانستان و زۆر بابەتی دیکە.

لە دوای کۆبوونەوەی دوایین لووتکەی ناتۆ کە لە سێ و چواری کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە ساز دەکرێت و رۆژەڤێکی چڕ لەخۆ دەگرێت کە هەزاران کارمەند و رۆژنامەنووس لە ٣٠ وڵاتەوە هاتوونەتە بڕۆکسل بۆ رووماڵکردنی.

بەهۆی سازکردنی لووتکەکە، زۆرێک لەو رێگایانەی دەچنە سەر بارەگای ناتۆ داخراون.

هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا، رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیان لە دەورووبەری بارەگای ناتۆ و لە دەورووبەری ئەو هۆتێلانەی سەرۆک و شاندەکانی تیادا دەمێننەوە گرتەبەر. لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی بەلجیکا لانیکەم دوو هەزار کارمەندی هێز ئەمنییەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە و رێڕەوی هەندێ لە رێگاکانی گواستنەوەی بەکۆمەڵیان گۆڕیوە.

هەروەها لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، رێکارەکان لە بارەگای ناتۆ توندکراون و داوای پشکنینی PCR لە ئەندامانانی ئەو شاندانە کراوە کە بەشداری لە لووتکەکە و کۆبوونەوەکانی ئەو بوارە دەکەن.

پێش چەند هەفتەیەک، دەستکراوە بە پێدانی ڤاکسین بەکارمەندانی بارەگای ناتۆ دژ بە پەتای کۆرۆنا و ڤاکسینەکەش لەلایەن پۆڵەنداوە دابینکراوە کە ئەندامی رێکخراوەکەیە و نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی بارەگاکە لەلایەن دەیان کارمەندی تەندروستی کە لە پۆڵەنداوە هاتوون ڤاکسینیان پێدراوە.

هاوکات داوا کراوە بە درێژایی ماوەی لووتکەکە ئەو کەسانەی لە بارەگاکەدا دەبن دەمامکی جۆری FFP2 بەکاربهێنن کە زۆربەیان بە تایبەتی دروستکراون.

لەو دامەزراوانەی میوانداری کۆبوونەوەکان دەکرێت، پاککەرەوەی خۆجێیی جێگیرکراون و پلەی گەرمی هەرکەسێک دەپێورێت بچێتە ناویانەوە.

نزیکەی ٦٠٠ رۆژنامەنووس کە لە زۆر وڵاتی جیهانەوە روویان لە بڕۆکسل کردووە، رووماڵی لووتکەی ناتۆ دەکەن. لە لووتکەکانی پێشتردا ژمارەیەکی زۆرتر لە رۆژنامەنووسان رووماڵیان دەکرد، بەڵام بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە ژمارەکەیان کەمکراوەتەوە.

بینایەکی پشت بارەگای ناتۆ تەرخانکراوە بۆ کارەکانی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و بە پەیڕەوکردنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی شوێنکاریان بۆ دابینکراوە.

داوا لە رۆژنامەنووسان کراوە ئەنجامی پشکنینی PCRیان پێ بێت کە لانیکەم چوار رۆژ پێشتر کرابێت و مەرجیشیان بۆ دانراوە کە بە درێژایی لووتکەکە دەمامکی FFP2 بەکاربهێنن.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın