تەندروستی, عێراق, کۆڤید- ١٩

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دزەکردنی ڤاکسینی فایزه‌ر بۆ یەکێک لە وڵاتان رەتدەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دزەکردنی ڤاکسین بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە و رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بە مەبەستی گەیشتن بە هۆکار و سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە.

Sarmand Hameed   | 21.04.2021
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دزەکردنی ڤاکسینی فایزه‌ر بۆ یەکێک لە وڵاتان رەتدەکاتەوە

Arbil

هەولێر - AA

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دزەکردنی ڤاکسین بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە و رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بە مەبەستی گەیشتن بە هۆکار و سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە.

وەزارەته‌كه‌ لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا وا دەردەخرێت کە ڤاکسین لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی وڵاتێکی دیکە دەکرێت، راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە سندوقێکی ڤاکسین له‌ جۆری فایزەر دزەی کردووە بۆ یەکێک لە وڵاتان، بەپێویستی دەزانین بۆ رای گشتیی و ھاووڵاتیان و دامودەزگاکانی راگەیاندنی روونبکەینەوە کەوا ئەم ڤیدیۆیە درووستکراوە و ھیچ پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە و بەناوی کەناڵی BBC بە مۆرێکی ساختەی بەناو وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان پیشاندەدرێت".

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: "دەستبەجێ تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کرد بەھەماھەنگی و پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ و چاودێریکردنی ھەردوو وەزیری تەندروستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای بەرھەمھێنەری ڤاکسینی فایزه‌ر، کە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو ھیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە".

راشیگەیاندووە: "ھیچ فۆڕم و مۆرێکی تەندروستی ھەرێم لەسەر ڤاکسینەکانی فایزه‌ر بەکارنایەت چونکە راستەوخۆ ڤاکسینەکە بۆ ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە بەڵکو تەنھا لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵه‌وه‌یه‌، بۆیە ئەو کارت و مۆر و فۆڕمە ھیچ سەرچاوەیەکی راستی و دروستی نییە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "جۆرەکانی ئامێری چاودێریکردن و پارامیتەری سەر سندوقەکە و زانیارییەکان تەواو جیاوازە و ھاوشێوەی ئەو جۆرە نییە کە لە ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە کە "نوێنەری کۆمپانیای فایزه‌ر لەگەڵ ھەموو سندوقێک لەکاتی گواستنەوە ئامادە دەبن تا دەگاتە سەنتەری بەکارھێنان و بۆ ھەر گواستنەوەیەک بە سیستەمی چاودێریکردنی کۆمپانیا لە سەنتەری سەرەکییەوە ئاگادار دەبێت".

وەزارەتەکە دڵنیایی داوە لەوەی تاوەکو ئێستا نۆ سندوق له‌ ڤاكسینی فایزه‌ر لە هەشت سەنتەری ڤاکسین لە ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە ھەر ھەموویان جێگا و رێگای دابەشکردنی روونە و بەتەواوی داتا و زانیاری و چۆنییەتی دابەشکردن تۆمارکراوە بەسیستەمی ناوەندی لەگەڵ بەغدا بەستراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی کە ھەوڵی تێکدان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو ھاووڵاتییان تەنھا بە مەبەستی ئاژاوە نانه‌وه‌ و لەکەدارکردنی پڕۆسەكه‌یه‌ بە مەرامی تێکدانی سیستەمی ناردنی ڤاکسین و دابەشکردنی لە ھەرێمی کوردستان بە رادەیەک ئامانج تیایدا نەناردنی ئەم خزمەتگوزارییە مرۆییەیە بۆ ھاووڵاتییان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە هۆکار و سەرچاوەی دروستکردنی ئەم ئاژاوەگێڕییە و لەهەر دەرەنجامێکی دیکە رای گشتیی ئاگادار دەکەنەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın