تەندروستي

هەولێر.. کۆنفرانسی رێگریکردن لە خۆکوشتن

- لە رۆژی جیهانی رێگریکردن لە خۆکوشتن، کۆنفرانسی نیشتمانی رێکخراوی ئەژی بۆ هۆشیاری کۆمەڵایەتی و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بەڕێوەچوو کە تیایدا تیشکخرایە سەر هۆکارەکانی خۆکوشتن.

Heman Hussein Yaseen   | 11.09.2019
هەولێر.. کۆنفرانسی رێگریکردن لە خۆکوشتن

Arbil

هەولێر - AA

لە کۆنفرانسەکەدا پسپۆڕانی دەروونی، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، نوێنەرانی رێکخراوە بیانییەکان و بەشێک لە کەسوکاری ئەوانەی کە لە ماوەی رابردوو خۆیان کوشتووە، ئامادەی بوون کە تیایدا هۆکار و چارەسەرەکان خرانەڕوو.

بەڕێوەبەری تەندروستی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات نوێنەری وەزارەتی تەندروستی عێراق، رێزان رەشوان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێژەی خۆکوشتن لە هەموو وڵاتان ساڵانە روو لە زیادبوونە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشار و سترێسەی کە لەسەر تاک هەیە و پێویستی بە پڕۆژەیەکی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بتواندرێت رێگری لە بەرزبوونەوەی رێژەی ساڵانە بکرێت و خۆکوشتن لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە".

رێزان رەشوان سەبارەت بەڕێژەی ساڵانەی خۆکوشتن لە عێراق گوتی: "لە جیهان ساڵانە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس، رێژەی ١٠،٥ بۆ خۆکوشتن داندراوە. لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم رێژەیە لە عێراق ١ و لە ٢٠١٦دا، ١،٣ و لە ساڵی ٢٠١٧دا، ١،٧ و لە ساڵی ٢٠١٨دا، ١،٨ بووە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەوێ رێژەکە ٦،٧ بووە و عێراق و هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە رێژەیەکی ترسناک، بەڵام مانای ئەوە نییە کە کاری لەسەر نەکەین و پێویستە بە هەموومان رووبەڕووی ئەو رەشە ببینەوە".

بەڕێوەبەری تەندروستی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێزان رەشوان لەبارەی هۆکارەکانی خۆکوشتن و تەمەنی ئەو کەسانەی کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن رایگەیاند کە ئەوانەی خۆیان دەکوژن دوو لەسەر سێی گەنجن، تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٢٩ ساڵدایە و گوتی: "پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جددییە و بەشێکی زۆریان نەخۆشی دەروونییان هەیە و بەشێکیان نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارەکانی دیکە بریتین لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، نەخۆشی درێژخایەن، ئەگەر توانیمان هۆکارەکان کەم بکەینەوە یان بنەبڕیان بکەین ئەوا دەتوانین رووبەڕووی دیاردەکە ببینەوە، چونکە جگە لە بەکارهێنانی چەک، هەندێک کەس هەبووە خۆیان بەو دەرمانە کوشتووە کە بۆ قڕکردنی مێروو بەکاردێت".

رێزان رەشوان گوتیشی: "حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١١ بۆشایی تەندروستی دەروونی کردووەتە بەرنامەی و ساڵانە خولی بۆ کارمەندانی تەندروستی دەکاتەوە و ئەمەش کارێکی باشە، بەڵام پسپۆڕانی دەروونی رێژەیان کەمە، ئەگەر لە هەموو بنکە تەندروستییەکان پسپۆڕی دەروونی هەبوو، ئەوا دەتواندرێت رێژەکە کەم بێتەوە".

لە کۆنفرانسەکەدا بەشێک لە کەسوکاری قوربانییەکان، باسی چرکە ساتی رووداوەکەیان کرد و هۆکارەکەیان بۆ فشاری دەروونی، نەبوونی کار، سترێس، بێهیوایی لە ژیاندا گەڕاندەوە و قەیرانی دارایی و رێگای کۆچی هاندەرانییان بە بەشێک لەو هۆکارانە زانی.

هاوکات پسپۆڕێکی دەروونی پێی وایە دامەزراندنی پسپۆڕانی دەروونی لە بنکە تەندروستییەکان دەتوانێت رێژەی خۆکوشتن کەم بکاتەوە و راشیدەگەیەنێت چەند ساڵێکە داوای دامەزراندنیان کردووە، بەڵام وەک پێویست وەڵامیان نەدراوەتەوە.

پسپۆڕی دەروونی، حەمید گەردی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند ساڵێکە داوای دامەزراندنمان کردووە، بەڵام لە وەزارتی تەندروستی داواکارییەکانمان پشتگوێخراوە و ئومێد دەکەین لەم کابینەیەدا، بابەتی دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی، پسپۆڕانی دەروونی لەبەرچاو بگیرێت".

رۆژی ١٠ی ئەیلوولی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی رێگریکردن لە خۆکوشتن دەستنیشانکراوە و ساڵانە لە وڵاتانی جیهان کۆنفرانس و هۆشیارکردنەوە بۆ ئەم حاڵەتە رێکدەخرێت.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، زیاتر حاڵەتەکانی خۆکوژی لە لایەن ئەو کەسانەوە ئەنجامدەدرێت کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدایە و زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژیش لە رێگای ژەھرخواردن، تەقە لە خۆکردن و خۆهەڵواسین ئەنجامدەدرێن.







ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın