تەندروستي, ژيان

هەولێر.. ڕۆژانە شەش کەس تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن

نەخۆشی شەکرە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی سەردەم کە جۆرێک شێوانی مێتابۆلیزمی لەشە. لەم نەخۆشییەدا رێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و لەش ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەرھەمبھێنێت

Heman Hussein Yaseen   | 13.11.2019
هەولێر.. ڕۆژانە شەش کەس تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن

Arbil

هەولێر - AA

نەخۆشی شەکرە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی سەردەم کە جۆرێک شێوانی مێتابۆلیزمی لەشە. لەم نەخۆشییەدا رێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و لەش ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەرھەمبھێنێت یان لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکا و بەم بۆنەوە ئەنسۆلین ناتوانێت کاری ئاسایی خۆی راپەڕێنێت.

نەخۆشی شەکرە دوو جۆری سەرەکی ھەیە کە شەکرەی جۆری یەک بە ھۆی تیاچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین. لە جۆری دووەمیشدا لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و ناھێڵێت رێژەی شەکری خوێن دابەزێنێت. لە شەکرەی جۆری دووەمدا دیارە ھۆکارەکانی بۆماوەیی، قەڵەوی و تەمبەڵی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

رۆژی 14ی تشرینی دووهەم لە سەرانسەری ڤیهاندا بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە ناوسراوە و لە هەرێمی کوردستانیش بە هۆی ئەوەی رۆژ بە رۆژ ڕێژەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن لە هەڵکشاندایە، بەو بۆنەیە هەڵمەتی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.

بە پێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، لەماوەی یازدە مانگی رابردوو نزیکەی ٢ هەزار کەس لەسەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە لە هەولێر تۆمارکراون، واتا ڕۆژانە شەش کەس لە هەولێر تووشی شەکرە دەبن.

بەڕێوەبەری سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، دکتۆر شوان ئیسماعیل دەهام لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەخۆشی شەکرە، نەخۆشییەکی درێژخایەنە بەهۆی کەمبوونی رێژەی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە لەشدا، یان پەیداکردنی ریزیستانس لەلایەن خانەکانی لەشی مرۆڤەوە و، ناتوانێت سوود لەم ئەنسۆلینە وەربگرێت کە لە جەستەی مرۆڤدا هەیە، بەم هۆیەوە رێژەیەکی کەم لە شەکری گڵوکۆز دەچێتە ناو خانەکانی لەش و وا دەکات کە رێژەی شەکر لە خوێندا بەرزبێتەوە".

نەخۆشی شەکرە بە شێوەیەکی سەرەکی دوو جۆرە و سەبارەت بە جۆرەکانی شەکرەش دکتۆر شوان ئیسماعیل دەهام گوتی: "جۆری یەکەم زیاتر لە منداڵان دەبێت بەهۆی نەبوونی ئەنسۆلین لە جەستەی مرۆڤ و، دەبێت بەشێوەی ئەنسۆلینی دەرەکی و دەستکرد قەرەبوو بکرێتەوە، جۆری دووەم لە دوای ٤٠ ساڵییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت بەهۆی چەند فاکتەرێکی دەرەکی وەک قەڵەوی و کەمی جووڵەکردن و چەند هۆکارێکی دیکە، هەندێک جۆری دیکەش هەیە ئەو شەکرەی بەهۆی حەمل تووشی ئافرەتان دەبێت، یان هەندێک جار بەهۆی دەرمانەوە مرۆڤ تووشی شەکرە دەبێت وەک دەرمانی کۆرتیزۆن".

لەبارەی ئامارەکانی تووشبوو بە شەکرە لە شاری هەولێر، دکتۆر شوان ئیسماعیل گوتی: "پارساڵ ٣٦هەزار و ٩٠٠ تووشبوو تۆمارکرابوون، بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٣٩ هەزار و ٧٠٠ نەخۆش و بەم پێیەش لە یازدە مانگی رابردوودا زیاتر لە ٢ هەزار تووشبووی نوێ تۆمارکراون، لە هەردوو جۆری شەکرە کە لەو رێژەیەش سەدا ٦٠ لە رەگەزی نێر و سەدا ٤٠ لە رەگەزی مێینەن".

شوان ئیسماعیل دەهام گوتیشی: "جگە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئاوارە و پەنابەرانیش سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکان و نزیکەی ٥ هەزار و ٩٠٠ ئاوارە تۆمارکراون، هەروەها پەنابەرانیش تۆمارکراون".

بە گوتەی دکتۆر شوان ئیسماعیل دەهام، مانگانە جارێک پێویستە تووشبوو بە شەکرە سەردانی سەنتەرەکەیان بکات و پشکنینی نوێی بۆ ئەنجام بدرێت بەڵام ئەگەر تووشبوو تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو بوو ئەوا پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکات و لەمبارەیەوە دەڵێت: "مانگانە جارێک تووشبووەکان پشکنینییان بۆ دەکرێت، پشکنینەکان بریتیین لە پشکنینیی چاو، گورچیلە، چاودێری خۆراک و چەند رێنماییەکی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەلایەن دوو پزیشکەوە کۆڕسی رێکخستنی خۆراک و خواردن دەدرێت بە نەخۆش لە هەر کۆڕسێک ٢٠ کەس سوودمەند دەبن، ئەو تووشبووەیشی کە لەکاتی خۆیدا سەردانمان نەکات، ئەوا لەلایەن ئێمەوە پەیوەندی و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت".

دکتۆر شوان ئیسماعیل دەهام گوتیشی: "گرنگترین رێنمایی ئەوەیە کە تووشبوو پێویستە شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت و دەست بە جووڵە و وەزرش بکات و رەچاوی خواردن بکات ئەوا دەبێتە هۆی کاریگەری کەمتریی نەخۆشییەکە لەسەر مرۆڤ".

سەبارەت بە ئامادەکاری سەنتەرەکەیان بۆ رۆژی جیهانی شەکرە، بەڕێوەبەری سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە دکتۆر شوان ئیسماعیل دەهام گوتی: "لە ١٤ی ١٠ تا ١٤ی ١١ هەڵمەتێکمان هەیە لە شوێنە جیاجیاکان بۆ هۆشیارکردنەوە و پێدانی رێنمایی بە مەبەستیی خۆپاراستن لەم نەخۆشییەوە، بۆ ئەم رۆژە سێ تیممان ئامادە کردووە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان، باغی شار و تیمێکیش لە سەنتەرەکەمان هەڵدەستن بە دابەشکردنی بڕۆشور و پشکنینی بەخۆڕایی بۆ هاووڵاتییان و ئەگەر زانیمان کەسێک رێژەی شەکرەکەی بەرزە، ئەوا دەینێرین بۆ سەنتەری لەیلا قاسم بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەین".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın