تەندروستي

"هیچ قوتابییەک بێ ڤاکسیندان ناچێتە بەرخوێندن"

- بەڕێوەبەری بنکەی تەیراوە، دکتۆر خەسرۆ ئەکرەم نەجار: "ساڵانە بە شێوەیەکی گشتی ١٦ هەزار و ٨٠٠ منداڵ سەردانی بنکەکەمان دەکەن بۆ ڤاکسیندان، هەندێک جاریش هەڵمەتی ڤاکسیندان دەکرێت کە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ منداڵ سوودمەند دەبن"

Heman Hussein Yaseen   | 11.09.2019
"هیچ قوتابییەک بێ ڤاکسیندان ناچێتە بەرخوێندن"

Arbil

هەولێر - AA

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن، دایک و باوکان، منداڵەکانیان لە بنکە تەندروستییەکان ڤاکسین دەدەن، ئەمەش بۆ پاراستنی رەوشی تەندروستی منداڵەکە، هاوکات بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە هەر نەخۆشییەک درمی لە میانی پڕۆسەی خوێندندا.

لە بنکە تەندروستییەکان کۆمەڵێک پشکنین بۆ منداڵەکان دەکرێت لەوانە، پشکنی چاو، قوڕگ، گوێ و ئاستی قسەکردنی منداڵەکە، هاوکات درێژی باڵا و کێشی منداڵەکە، هەروەها جۆری خوێنەکەیشی دیاری دەکرێت.

لە یەکێک لە بنکە تەندروستییەکان ساڵانە بە گشتی ١٦ هەزار و ٨٠٠ سەردان بە مەبەستی ڤاکسیندان تۆمار کراون، بەڕێوەبەری بنکەیەکیش رایدەگەیەنێت کە سنوورەکەیان ژمارەیەکی زۆر گەڕەک و قوتابخانە و دایەنگەی لەسەرە و ئەمەش وایکردووە کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ چاودێریکردن تەندروستی لە سنووری بنکەکەیان.

بەڕێوەبەری بنکەی تەیراوەی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، دکتۆر خەسرۆ ئەکرەم نەجار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەک گەڕەک دەکەوێتە سنووری بنکەی تەندروستی تەیراوە، نزیکەی ٣٠ قوتابخانەش دەکەونە سنوورکەمان، لێرە خشتەی نیشتمانیی ڤاکسیندانمان هەیە بۆ منداڵان، هەموو خێزانێک کارتی تایبەت هەیە بۆ ڤاکسیندان، بەگوێرەی ئەم کارتە لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمی لەدایکبوونییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە تەمەنی ١٨ مانگی. ئەو کاتەیشی کە دەچێتە دایەنگە لە چوار ساڵان یان کە دەچێتە بەرخوێندن لە شەش ساڵان، ڤاکسینی زۆر گرنگ هەیە کە جۆری چوارەم و دووەمی پێ دەڵێن، لەگەڵ ڤاکسینی سوڕێژەی تێکەڵاو، بەڵام هەندێک کەس دەفتەرەکەی ون کردووە و منداڵەکە بێبەش دەکەن لەم ڤاکسیندانە، جگە لە خەڵکی ئەو سنوورە، ژمارەیەک ئاوارە و پەنابەریش دەکەونە سنوورەکەمان دەفتەریان نییە و ئەوانیش هاوشێوەی خەڵکی ئاسایی هاوکاری ئاسانکارییان بۆ دەکرێت".

دکتۆر خەسرۆ نەجار گوتیشی: "ئەم پڕۆسەیە لە مانگی هەشت تا دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بەردەوامە و منداڵەکان بەپێی تەمەنیان سەردانی بنکەکەمان دەکەن و لێرە کۆمەڵێک پشکنینیان بۆ دەکرێت وەک، پشکنینەکانی چاو، گوێ، ددان و جۆری خوێنەکەیان، کێش و باڵا".

لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی سەردانی ئەو بنکەیە دەکەن، دکتۆر خەسرۆ نەجار گوتی: "ساڵانە بە شێوەیەکی گشتی ١٦ هەزار و ٨٠٠ منداڵ سەردانی بنکەکەمان دەکەن بۆ ڤاکسیندان، هەندێک جاریش هەڵمەتی کوتان دەکرێت کە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ منداڵ سوودمەند دەبن، هەروەها ڤاکسیندانی ئافرەتانی دووگیانیشمان هەیە کە نزیکەی ٧٥٠ کەس سەردانمان دەکەن بۆ ئەم جۆرە ڤاکسیندانە".

بەگوتەی دکتۆر خەسرۆ ئەکرەم نەجاڕ، ئەگەر قوتابییەکان ڤاکسین نەدرێن، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گوێڕەپە و سووڕێژەیان هەیە و لەم حاڵەتەشدا پێویستە قوتابییەکە ٢٠ رۆژ لە ماڵەوە بێت وئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی خوێندن و تەندروستی منداڵەکەش دروست دەکات و راشیدەگەیەنێت کە پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت دایک و باوکان منداڵەکانیان ڤاکسین بدەن بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن.

بەر لە دەستپێکی خوێندن، فۆڕمێک لە رێگای بنکە تەندروستییەکانەوە دەنێردرێت بۆ قوتابخانەکان و دواتر قوتابی ئەم فۆڕمە لەگەڵ خۆی دەهێنێتە بنکە تەندروستییەکە و ئەنجامی پشکنینەکانی لێ دەنووسرێت و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی تەیراوە دکتۆر خەسرۆ نەجار گوتی: "ئێمە بەر لە دەستپێکی خوێندن فۆڕمێکمان ناردووەتە قوتابخانەکان و دواتر ئەو کەسەی دەبێتە قوتابی ئەم فۆڕمە لەگەڵ خۆی دەهێنێتە بنکەکەمان و ئەنجامی پشکنینەکانی لێ دەنووسرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوای دەستپێکی خوێندن، بە شێوەیەکی رۆژانە لیژنەیەکی سێ کەسی سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و پشکنین بۆ شوێنی ئاوخواردنەوە و ڤاکسیندانی قوتابییەکان و بابەتە تەندروستییەکان دەکەن".

ناوبراو راشیگەیاند کە تا ئێستا هیچ نەخۆشییەکی درمی ترسناک لەنێو قوتابییەکاندا نەبووە، هاوکات ئامۆژگاری دایکان و باوکانیشی کرد کە پەلە بکەن لە ڤاکسیندانی منداڵەکانیان بەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندن.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın