تەندروستي

هه‌ولێر: 111 گه‌شتیار له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ كه‌وتوون

- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ 100 حاڵه‌تی كه‌وتن له‌سه‌ر شاخ و چیایان تۆماركردووه‌ له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربان.

Hemn Baban   | 15.08.2019
هه‌ولێر: 111 گه‌شتیار له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ كه‌وتوون

Arbil
هه‌ولێر - AA
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر رایگه‌یاند کە له‌ رۆژانی جه‌ژندا 300 حاڵه‌تی ژه‌هراویبوون به‌ هۆی خواردن و رشانه‌وه‌ و سكچوون به‌ هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رماوه‌ تۆماركردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئاماره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ته‌ندروستی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌وه‌ هاتووه‌ زیاتر له‌ 100 حاڵه‌تی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی گه‌شتیاران له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ تۆماركردووه‌ له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ و ژیانی هیچ كه‌س له‌وانه‌ له‌ مه‌ترسیدا نییه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌، فاخير هه‌ركی له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند "نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌ ته‌ندروستییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر 39 رووداوی هاتوچۆیان له‌ رۆژانی جه‌ژن تۆماركردووه‌ و هیچ مردنێكیش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رووداوانه‌ رووی نه‌داوه‌".
ئه‌وه‌شی گوت کە رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاران روویان له‌ ناوچه‌ به‌رزه‌كان له‌ شاخ و چیاكان كردووه‌ سه‌رباری به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 111 گه‌شتیار ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان كراون.
هه‌ركی گوتیشی: "رێژه‌ی تووشبوون به‌ رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌مساڵدا، 153 حاڵه‌تی سووتان تۆماركراون".
به‌ڵام له‌باره‌ی ژه‌هراویبوون به‌ خواردن و رشانه‌وه‌ و سكچوون به‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما ئه‌و به‌رپرسه‌ ته‌ندروستییه‌ی پارێزگای هه‌ولێر روونیكردووه‌ته‌وه‌ 300 حاڵه‌تییان تۆماركردووه‌.
له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا فاخیر هه‌ركی ئاشكرایكردووه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌ پزیشكییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر 266 نه‌شته‌رگه‌رییان له‌ سۆران و شه‌قڵاوه‌ و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌رییان كردووه‌.
ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.