تەندروستی

بە هۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە ٤٢ کەس لە دانیشتوانی گوندێکی کەرکووک کەچەڵ بوون

لە گوندێک کێف سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک نەخۆشییەکی دەگەمن بووەتە هۆی کەچەڵبوونی بەشێک لە منداڵانی گوندەکە.

Ozhin Ramadhan Salih   | 11.06.2021
بە هۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە ٤٢ کەس لە دانیشتوانی گوندێکی کەرکووک کەچەڵ بوون

Kerkuk

کەرکووک – AA - ئۆژین رەمەزان ساڵح

بەشێک لەدانیشتووانی گوندی کێف سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک تووشی نەخۆشی کەچەڵی بوونەتەوە و تەمەنی تووشبوانی نەخۆشییەکەیش لەسێ مانگییەوە تا ٣٩ ساڵیدایە. پسپۆڕانی نەخۆشی پێست و منداڵان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ھاوسەرگیری نێوان کەسە نزیکەکانیان ھۆکاری تەشەنەسەندنی نەخوشییەکەیە.

نەخۆشییەکە لەساڵی ١٩٨٢ وە لەگوندی کێف بڵاوبووەتەوە و دەبێتە ھۆکاری نەبوونی قژ و ھەڵوەرینەوە قژی تووشبووەکان پاش لەدایکبوونیان و تاکوو ئێستایش ٤٢ کەس لەدانیشتووانی گوندی کێفی قەزای دووبز تووشی بوونە.

کەچەڵی و قژ رووتانەوە و سووتانەوەی پێستی سەری منداڵەکان لەپاش لەدایکبوونیانەوە دەرەکەوێت و بەشێک لەخێزانەکان سەرجەم منداڵەکانیان کەچەڵبوون و ئەمەیش کێشەی سەرەکی دانیشتووانی گوندی کێفە.

گوندی کێف دەکەوێتە باشووری قەزای دووبزی سەر بەپارێزگای کەرکووک و ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە ٤٠٠ خێزانە و کار و پیشەی دانیشتوانی گوندەکە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە.

حامد خەمیس یەکێکە لە منداڵانەی ھەڵگری نەخۆشی پێستی سەرە و دەڵێت: "زۆر ماندوو و ئیزعاجبووم بەدەست نەخۆشییەکەوە و روخساری ئێمەی شێواندووە و بەجۆرێک خەڵکی گاڵتەم پێ دەکەن بۆیە منیش نامەوێ بچمە دەرەوە".

حامد دەشڵێت: "چەندجارێک سەردانی پزیشکمان کرد بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەم بەڵام ھیچ سوودێکم لە پزیشکەکان نەبینی و وازم لێیان ھێنا و ئێستا خۆم و برایەکی ترم ھەڵگری ھەمان نەخۆشی کەچەڵین".

داود شەھاب دانیشتوویەکی گوندەکەیە و لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر کێشەکانی گوندەکەیان گوتی: "گوندەکەمان بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێ لەوانە نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەیە لەگوندەکە و نەبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆیە کە ھەموو پیسی و پاشماوەی زبڵ و خاشاک لەناو گەڕەکەکانی گوندەکە کۆبۆتەوە و ئەو ئاوەشی بۆ خواردنەوە بەکاری دەھێنن ئاوی کشتوکاڵییە و بۆ خواردنەوە شیاو نیە".

لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەچەڵی لەگوندەکەیان داود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەو کێشەیە تەمەنێکە لەگەڵ گوندەکەیە و ھەر لەمنداڵییەوە منداڵەکانمان تووشی نەخۆشی کەچەڵی دەبن. بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەش بەشێک لەدانیشتووانی کێف سەردانی پزیشکی پێستمانکرد بەڵام بەھۆی تێچووی زۆر و کەمی چارەسەرەوە وازیان ھێنا و تائێستایش ئەم نەخۆشییە بەردەوامە لەبڵاوبوونەوە و نەتوانراوە رێشەکێش بکرێت".

بۆ بەدواداچوون و پشکنینی منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشی کەچەڵی لەگوندی کێف تیمێکی پزیشکی نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکووک سەردانی گوندەکەیانکرد و گوێیان لەکەسوکاری نەخۆشەکان گرت و پشکنینیان بۆ منداڵە نەخۆشەکانکرد.

لەسەر نەخۆشییەکە و ھۆکار و چارەسەری پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دکتۆر فائیزە خەتاب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زیاتر لە٢٥ منداڵی ئەم گوندە تووشی نەخۆشی کەچەڵی و قژ روتانەوە بوونە کە ئەمەیش حاڵەتێکی ناسرووشتییە و ھەر لەدایک دەبن قژیان نیە و بەپێی ئەو بەدواداچوونەیشی لەسەر کەسوکاری نەخۆشەکان کردوومانە ئەگەر زۆرە کە بەھۆی تێکەڵبوونی خێزانی و ھاوسەرگیری کردنی خزمە نزیکەکانی یەکترەوە ئەم نەخۆشییە تەشەنەی کردبێ و بۆ ئەوەیشی بگەینە دەرئەنجامێکی باشی نەخۆشییەکەیش پێویستمان بەھەندێک پشکنینە کە لەکەرکووک و لەعێراقش بوونی نییە و دەبێ ببرێنە دەرەوەی وڵات و ئەو پشکنینەیش تێچۆکەی زۆرە و لەئاست بژێوی دانیشتووانی ئەم گوندە نییە".

فائیزە خەتاب گوتیشی، ئەم نەخۆشییە دەگمەنە و حاڵەتی زۆرکەم لەم نەخۆشییە ھەیە و بەھۆی تۆمارنەکردنیان ھیچ ئامارێکمان لەبەردەست نییە کە دەری بخات حاڵەتی ھاوشێوەی ئەم نەخۆشانە لەعێراق بەم شێوەیە بوونی ھەبێت.

میدیا حەسەن یەکێکی تربوو لەتیمە پزیشکییەکەی نەخۆشخانەی ئازادی کە پسۆڕی نەخۆشی پێستە و لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەیەییە و بەھۆی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و چارەسەرنەکردنی نەخۆشییەکە تەشەنەی کردووە و ژمارەیەکی زۆری خێزانەکانی ئەم گوندە منداڵەکانیان کەچەڵن و قژی سەر و برۆیان نییە و لەدوا بیست ساڵی کۆتایی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەڵام نەخۆشییەکە ناگوزارێتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی تووشبووانی نەخۆشییەکە نییە بەڵام بۆ دڵنیابوون لەنەخۆشییەکە پێویستمان بەپشکنینە لەدەرەوەی وڵات".

خزڕ عەزاوی موختاری گوندی کێف-یش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دانیشتووانی ئەم گوندە لە ٤٠٠ خێزان و نزیکەی چوار ھەزار کەس پێکھاتووە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەچەڵی لەمنداڵانی گوندەکە زیاتر لەبیست ساڵە بوونی ھەیە و سەرەتا تەنھا دووکەس ھەڵگری نەخۆشییەکە بوون بەڵام لەم ساڵانەی کۆتایی ژمارەی تووشبووان زیادی کردوە تائێستایش ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە نازانین".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın