توێژینەوەیەک دەری دەخات، چا پێستی مرۆڤ لە تیشکی زیانبەخشی خۆر دەپارێزێت
مامۆستا لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی تراکیا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. گولشا گەدیک: "بۆمان دەرکەوتووە کە چای ڕەش و سەوز، هێندەی کرێمێکی دژەخۆری ماڕکە کاریگەرە بۆ پاراستنی پێستی مرۆڤ".

Edirne
ئەدیرنە - AA
مامۆستا لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی تراکیا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. گولشا گەدیک ڕایگەیاند لە ئەنجامی توێژینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە کە ڕووەکی چا توانایەکی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی پیستی مرۆڤ لە تیشکی زیانبەخشی سەرووەنەوشەیی.
سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای دەرمانسازی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. گەدیک بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆی ڕايگەیاند کە سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەن لەبارەی تواناکانی ڕووەکی چا بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی سەرووەنەوشەیی و لە توێژینەوەکانیاندا چای سەوز و چای ڕەشی بەرهەمهێندراو لە پارێزگای ڕیزە بەکارهێناوە.
ناوبراو هاوکات ڕایگەیاند کە ئەم تایبەتمەندییەی چایان لەسەر کەسانی خۆبەخش تاقی کردووەتەوە، هەروەها گوتی: "سەرەتا وەک چۆن لە ماڵەوە دەکوڵێندرێت، چامان کوڵاند و پاڵاوتمان، دواتریش لەسەر کەسانی خۆبەخش تاقیمان کردەوە تا بزانین توانای پاراستنی پێستی دەبێت لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر یان نا؟ وەک دەزانین چا شلەیە و زۆر ئەستەمە بتوانین لەسەر پێست ڕایبگرین هەر بۆیە هەستاین بە دروستکردنی ژێلێک لە چا. لە زانکۆی مارمارا ئەم ژێلەمان لەسەر چەندین کەس تاقی کردەوە. لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە چایەی ڕەش و سەوز، هێندەی کرێمێکی دژەخۆری ماڕکە کاریگەرە بۆ پارێزگاری کردن لە پێستی مرۆڤ لە دژی تیشکی سەروو وەنەوشەیی".
گەدیک، بە ئاماژەدان بەوەی تاقیکردنەوەیان لەسەر ٢١ کەس ئەنجام داوە کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٨ ساڵ بووە و ١٥یان ئافرەت بوونە ڕایگەیاند، توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری"Journal of Cosmetic Science" بڵاو کردووەتەوە.
گەدیک هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بەراوردیان لە نێوان چای بەرهەمهێندراوی تورکیا و چای بەرهەمهێندراوی کینیا، ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کردووە و گوتی: "لە میانی توێژینەوەکانمان هاوکات بۆمان دەرکەوت کە چای بەرهەمهێندراوی وڵاتەکەمان زۆرترین کاریگەری هەبووە بۆ پاراستنی پێست لە تیشکە زیانبەخشەکان".
ناوبراو هاوکات گوتی: "لە میانی تاقیکردنەوەکانماندا لەسەر پشتی خۆبەشەکانمان بە جیا جیا چای سەوز، چای ڕەش، کافاین و کرێمێکی ماڕكەی دژەخۆرمان بەکارهێنا".
د. گوڵشا گەدیک هاوکات ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەکەیان لەژێر تیشکی سەرووەنەوشەییدا ئەنجام داوە و بۆیان دەرکەوتووە کە چا توانای پاراستنی پێستی هەیە لەم تیشکە زیانبەخشە. هەروەها بۆ ئەوەی چا ببێت بە بەرهەمێکی دژەخۆر پێویستە جگە لە تیشکی سەرووەنەوشەیی هاوکات پێست لە چەند تیشکێکی دیکەی زیانبەخشیش بپارێزێت.
گەدیک گوتیشی: "تەنها بەم مەرجانەی سەرەوە دەکرێ چا ببێت بە جێگرەوەی بەرهەمەکانی دژەخۆر. ڕووەکی چا لە وڵاتەکەماندا گرینگییەکی زۆری هەیە و لە جیهانیشدا خواردنەوەیەکی بەربڵاوە. بەڵام چا دەکرێ بۆ مەبەستی پاراستنیش بەکاربهێندرێت، نەک هەر ڕووەکی چا بەڵکوو چەندەها ڕووەکی دیکەش هەیە کە توانای پاراستنی پێستیان هەیە لە تیشکی زیانبەخشی خۆر".
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە درێژە بە ئەم توێژینەوانەیان دەدەن لە زانکۆی تراکیا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن