Yasemin Kalyoncuoğlu
15 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2026
سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی جیهاننوما و ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی وەقفی مەعاریفی تورکیا، سەلیم جەڕاح ئاماژەی بەوە کرد "ڕاپۆرتی تورکیا: پێشبینی، پێشنیار و چارەسەرەکان" کە لە ئەنجامی کارێکی نزیکەی چوار ساڵەدا ئامادە کراوە، تایبەتمەندی نەخشەڕێگایەکی هەیە کە پێشنیاری چارەسەر بۆ کێشەکانی بوارە جیاوازهکانی کۆمەڵگا پێشکەش دەکات.
ڕێوڕهسمی ناساندنی "ڕاپۆرتی تورکیا: پێشبینی، پێشنیار و چارەسەرەکان" کە ئاژانسی ئانادۆڵو هاوبەشی میدیایی جیهانیەتی و بە هاریکاریی کۆمەڵەی جیهانوما و یەکێتیی ئەکادیمیستان و نووسەرانی وڵاتانی ئیسلامی (AYBİR) سازدەکرێت، لە ١٧ی تەمووزدا بەڕێوەدەچێت.
سەلیم جەراح، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژهی بهوه كرد ڕاپۆرتەکە بەرهەمی کارێکی نزیکەی چوار ساڵەیە و، بە بەشداری نزیکەی ٦٠٠ ئەکادیمیست کە لە زانکۆ جیاوازەکانی تورکیادا کار دەکەن تا ئێستا ٢٨ وۆرکشۆپی جیاوازیان ئەنجام داوە و، کێشەکانی تایبەت بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان تاوتوێ کردووە، لە ژیری دەستکردەوە تا تەندروستیی، کشتوکاڵ، بەڕێوەبردنی ئاو، خێزان، گەنجان، بەدیجیتاڵ کردن و خوێندنی باڵا.
جەراح باسی لەوە کرد یەکەمین وۆرکشۆپیان لە غازی عهنتاب لەسەر بابەتی کۆچ ئەنجام داوە، کە دوای جهنگی ناوخۆی سووریا، تورکیا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی کۆچبەری بووەتەوە، لە وۆرکشۆپەکەدا بە شێوازێکی بەرفراوان باس لەو مەترسیە کۆمەڵایەتییانە کرا کە ئەم پرۆسەیە دروستی کردوون، لهگهڵ سیاسەتەکانی گونجاندن و پرۆسەکانی گەڕانەوەی ئارهزوومهندانه.
گوتیشی: "ئامانجمان دەستنیشانکردنی کێشەکانی تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا و پەرەپێدانی پێشنیاری چارەسەره بۆیان".
جەراح ئاماژەی بهوه کرد لە ڕاپۆرتهكاندا پەرەیان به پێشنیاری کورتخایەن، میانڕەو و درێژخایەن داوه بۆ ئەو کێشانە کە هاووڵاتیانی تورکیا و ئەو کەسانەی بەهۆی کۆچەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و، ئەنجامی وۆرکشۆپەکانیان کردووەتە کتێب و لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا بەشیان کردووە.
بە ئاماژەکردن بەوەی ٢٨ ڕاپۆرتی ئامادەکراو لە بوارە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی دەقێکی هاوبەشدا کۆکراونەتەوە، جەراح ڕایگهیاند: "سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی لەلایەن ٦٠٠ ئەکادیمیستی زانکۆ جیاوازەکانەوە ئامادە کراوە، جەختمان لەسەر ئەو بابەتانە کردەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاوە هەیە و چاوەڕێی چارەسەر دەکەن. لە ڕێگای ئەم ڕاپۆرتە هاوبەشەی ئامادەمان کردووە، نەخشەڕێگایەک پێشکەش بە داڕێژەرانی سیاسەت و جێبەجێکاران دەکەین".
جەراح ئهوهیشی خستهڕوو لهو ڕێوڕهسمهی بە ئامادەبوونی جێگری سەرکۆماری توركیا، جەودەت یڵماز ساز دەکرێت، ڕاپۆرتەکە بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێتەوە و، گرنگییەکی زۆر بە تاوتوێ کردن و پەرەپێدانی پێشنیارەکانیان دەدەن.
ههروهها جەراح جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کارەکان بە تێگەیشتنێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا ئەنجام دەدەن و، گوتی: بەو دەرفەتانەی ئەم وڵاتە ڕەخساندوویەتی پێگهیشتووین. پێمان وایە قەرزارباری ئەم خاکەین، نەک خاوەن ماف لەسەری. ئەم کارە وەک هۆکارێک دەبینین بۆ بەجێگەیاندنی قەرزەکانمان بەرامبەر بە دەوڵەت، گەل و مرۆڤایەتیی".