پێشنیاری یاسای تایبەت بە بەهێزکردنی هاودەنگی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا ئامادە کراوە، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا.
ئامانجی پێشنیارەکە ئەوەیە دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕوون بووەوە و پشتڕاست کرایەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی هاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەکی ژێر کۆنتڕۆڵیان ڕادەستکراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە، ڕێکارەکانی دواخستنی جێبەجێ کردنی ئەو لێکۆڵینەوە و دادگاییانەی بەڕێوەدەچن و سزاکانی حوکمدان کە دەرچوون، لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی دیکە کە ئەنجام دەدرێن، دیاری بکرێن.
ئەم ڕێکخستنە یاساییە تاوانەکانی دامەزراندن یان سەرکردایەتی کردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە، ئەندامبوون لە ڕێکخراو یان هاوکاری کردنی بە ئەنقەست و بە خواستی خود، پڕوپاگەندە کردن بۆ ڕێکخراوەکە، هەروەها ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە و لە بەرژەوەندی ڕێکخراوەکە ئەنجام دەدرێن و لە یاسای ڕێگریی لە دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆردا ڕێک خراون، دەگرێتەوە.
لە پێشنیارەکەدا ''ڕێکخراو'' بە واتای ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی و، "دەستە" بە واتای ئەو دەستەیەی بەپێی حوکمە پەیوەندیدارەکانی ئەم ڕێکخستنە پێک دەهێنرێت، پێناسە دەکرێن.
بەگوێرەی پێشنیارەکە، بە مەرجی ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕوون ببێتەوە و پشتڕاست بکرێتەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی هاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەکی ژێر کۆنترۆڵیان ڕادەستکراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوبکرێتەوە، جگە لەو لێکۆڵینەوە و دادگاییانەی بەهۆی تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا یان ئەو تاوانانەی پێش یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٥ ئەنجام دراون و پێویستیان بە سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی هەتاهەتایی قورس هەیە، ئەو لێکۆڵینەوە و دادگاییانەی بەهۆی ئەو تاوانانەی دەکەونە چوارچێوەی پێشنیارەکەوە و زۆرترین سزاکەیان ١٥ ساڵ یان کەمترە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوادەخرێن، ئەو لێکۆڵینەوە و دادگاییانەی بەهۆی ئەو تاوانانەی پێویستیان بە زیاتر لە ١٥ ساڵ زیندانی، زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی هەتاهەتایی قورس هەیە، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دوادەخرێن.
لە ماوەی دواخستنەکەدا بەسەرچوونی ماوەی یاسایی داواکە کارا نابێت. دۆسیە و بەڵگەکانی سەلماندنی تاوانی پەیوەندیدار بەم تاوانانەوە، لە مێژووی دەرچوونی بڕیاری دواخستنەکەوە بە درێژایی ماوەی دواخستنەکە دەپارێزرێن. سەبارەت بەو کەلوپەل و سەروەت و سامانانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، هاوشان لەگەڵ بڕیاری دواخستنەکەدا بڕیاری پاکتاوکردنیان دەدرێت و وەک داهات بۆ گەنجینە تۆمار دەکرێن. بڕیارەکە بەو کەسانە ڕادەگەیەنرێت کە مافی تانەگرتن و پەنابردنە بەر ڕێگا یاساییەکانیان هەیە. لە بڕیارەکەدا مافی پێشکەش کردنی داواکاری و تانەگرتن لەگەڵ ماوە و لایەنی پەیوەندیدار دیاری دەکرێت.
بەپێی ئەم حوکمە ئەو کەسانەی مافی پەنابردنە بەر ڕێگا یاساییەکانیان هەیە لە دژی ئەو بڕیارانەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەردەکرێن، دەتوانن لە ماوەی دوو هەفتەدا پەنا ببەنەبەر دادگەریی سولح بۆ تاوان. لە دژی ئەو بڕیارانەش کە لەلایەن دادگاوە سەبارەت بە دواخستنی دادگایی کردن بەپێی ئەم حوکمە دەردەکرێن، دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەدا تانە بدرێت.
ئەو لێکۆڵینەوانەی دوای ئەم بەروارە دەست پێ دەکەن بەهۆی ئەو تاوانانەی پێش بڵاوبوونەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا ئەنجام دراون و دەکەونە چوارچێوەی ئەم ڕێکخستنە یاساییەوە، ئەنجامدانیان پەیوەست دەبێت بە وەرگرتنی مۆڵەت لە دامەزراوەکە.
ئەو ڕێکارە پارێزییانەی پەیوەستن بە دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەری کە بەهۆی ئەو تاوانانەوە دەرکراون کە بەپێی ڕێکخستنەکە بڕیاری دواخستنیان بۆ دەردەچێت، لەلایەن دادوەر یان دادگای دەسەڵاتدار لەو قۆناغەی لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردنەکەی تێدایە، یان دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەیی یان فەرمانگەی سزای پەیوەندیداری دادگای باڵای پێداچوونەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. لە ئەگەری بوونی مەرجە پێویستەکاندا بڕیاری هەڵگرتنی ئەم ڕێکارانە دەدرێت.
سەبارەت بەو دۆسیانەی لە قۆناغی پێداچوونەوەی تێهەڵچوونەوە یان تەمیزدان و پەیوەستن بەو تاوانانەی بڕیاری دواخستنیان بۆ دەردەچێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشوو دەدرێت.
ئەو بڕیارانەی بۆ دواخستن دەردەکرێن، لە سیستمێکی تایبەت بە خۆیان تۆمار دەکرێن. ئەم تۆمارانە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوانە بەکاربهێندرێن کە لەلایەن داواکاری گشتیی، دادوەر یان دادگاوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردنێکەوە داوا بکرێن.
ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا لە بەرواری دەرچوونی بڕیاری دواخستنەکەوە، یەکێک لە تاوانە تیرۆریستییەکان ئەنجام بدرێت، بڕیاری دواخستنەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە و لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنەکە بەردەوام دەبێت. لە حاڵەتی ئەوەی تاوانەکەی لەسەر ساغ بووەوە، جێبەجێ کردنی سزای دەرچوو لە چوارچێوەی حوکمە پەیوەندیدارەکانی ئەم ڕێکخستنەدا دواناخریت و سەرجەم دەرهاویشتەکانی سزاکە جێبەجێ دەکرێن. ئەگەر ماوەی دیاریکراو بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک تێپەڕێت، بڕیار دەدرێت لەسەر پێویستنەبوونی دادگایی کردن.
بەپێی پێشنیارەکە بە مەرجی بڵاوبوونەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا کە پەیوەستە بەوەی دەزگا ئەمنییەکان بۆیان ڕوونبووبێتەوە و پشتڕاستیان کردبێتەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوەکە کۆتاییهاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەکی ژێر دەسەڵاتی ڕادەستکراوە، جگە لەوانەی بەهۆی تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا سزادراون، یاخود ئەوانەی بەهۆی ئەو تاوانانەی پێش یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٥ ئەنجام دراون سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانیی هەتاهەتایی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، جێبەجێ کردنی سزای ئەو حوکمدراوانەی بەهۆی ئەو تاوانانەی دەکەونە چوارچێوەی ڕێکخستنەکەوە تێکڕا بە ١٥ ساڵ یان کەمتر سزادراون بۆ ماوەی پێنج ساڵ و، سزای ئەو حوکمدراوانەی تێکڕا بە زیاتر لە ١٥ ساڵ زیندانی، زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانیی هەتاهەتایی قورس سزادراون، بە بڕیاری دادوەری جێبەجێ کردنی سزا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دوادەخرێت. جێبەجێ کردنی ئەم حوکمە ڕێگریی لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دەستبەسەرداگرتن ناکات. لە ماوەی دواخستنەکەدا بەسەرچوونی ماوەی یاسایی سزاکە کارا نابێت.
دەتوانرێت تانە لەو بڕیارانەی دواخستن بدرێت کە لەلایەن دادوەری جێبەجێ کردنی سزا دەرکراون. ئەو بڕیارانەی دواخستن کە لەم چوارچێوەیەدا دەردەکرێن، لەو سیستمەدا تۆمار دەکرێن کە پێکهێندراوە. ئەم تۆمارانە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوانە بەکاربهێندرێن کە لەلایەن داواکاری گشتیی، دادوەر یان دادگاوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردنێکەوە داوا بکرێن.
ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا لە بەرواری دەرچوونی بڕیاری دواخستنەکەوە، یەکێک لە تاوانە تیرۆریستییەکان ئەنجام بدرێت، بڕیاری دواخستنەکە لەلایەن دادوەری جێبەجێ کردنی سزا هەڵدەوەشێندرێتەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی جێبەجێ کردنی سزاکە دەدرێت. ئەگەر ماوەی دیاریکراو بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک تێپەڕێت، سزا دیاریکراوەکە بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت. چاودێری کردنی بڕیارەکانی دواخستن لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتییەوە ئەنجام دەدرێت.
چاودێری کردن و هەڵسەگاندنی جێبەجێ کردنی ئەو چالاکییانەی دەکەونە چوارچێوەی پێشنیارەکەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕێکخستنەکە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا لەلایەن دەستەیەکەوە ئەنجام دەدرێت کە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆمار و ئەندامێتی وەزیری داد، وەزیری دەرەوە، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگریی، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پێک دێت. لە کاتی پێویستدا دەکرێت لەلایەن دەستەکەوە لیژنەی لاوەکی پێکبهێنرێن، نوێنەرانی وەزارەتەکان، دامەزراوە و ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی بە پێویست دەزانرێن بۆ کۆبوونەوەکانی دەستە و لێژنەکان بانگهێشت بکرێن.
دەکرێت لەلایەن دەستەکەوە لە لیژنە لاوەکییەکاندا ڕاسپاردن ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە.
دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕوون بووەوە و پشتڕاستکرایەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی هاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەکی ژێر کۆنترۆڵیان ڕادەستکراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە، لەلایەن دەستەکەوە بە شێوەیەکی خولی و بەپێی ڕاپۆرتەکانی چاودێری هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕێکخراوەکە لە چوارچێوەی ئامانج و بازنەی ئەم ڕێکخستنەدا ئەنجام دەدرێت. لە حاڵەتی پێویستدا لەلایەن دەستەکەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت لەبارەی ڕێکخستنی دادی، کارگێڕی و یاسایی.
دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕوون بووەوە و پشتڕاستکرایەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی هاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەکی ژێر کۆنترۆڵیان ڕادەستکراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە، ئەو بڕیارانەی دواخستن کە بەپێی پێشنیارەکە دەردەکرێن، بە شێوەیەکی خولی لەلایەن دەستەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
لە کاتی پێویستدا لەلایەن دەستەکەوە داوا لە دادگەریی سولح بۆ تاوانەکان یان دادگا دەکرێت بۆ هەڵگرتنی سەرجەم دەرهاویشتەکانی بێبەشبوون لە مافەکان دەکرێت کە بەهۆی لێکۆڵینەوە و دادگایییەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها داوا لە دادوەری جێبەجێ کردنی سزا دەکرێت بۆ هەڵگرتنی سەرجەم دەرهاویشتەکانی بێبەشبوون لە مافەکان کە بەهۆی سزاکانی حوکمدانەوە هاتوونەتە ئاراوە.
لایەنی پەیوەندیدار بڕیار لەسەر داواکارییەکە دەدات و، دەکرێت تانە لەم بڕیارانە بدرێت. بۆ پێشکەشکردنی داواکاری هەڵگرتنی سەرجەم دەرهاویشتەکانی بێبەشبوون لە مافەکان کە بەهۆی سزاکانی حوکمدانەوە هاتوونەتە ئاراوە، پێویستە بۆ ئەو بڕیارانەی دواخستن کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دراون، دوو ساڵ بەسەر وادەی دەرچوونی بڕیارەکەدا تێپەڕیبێت، بۆ ئەو بڕیارانەی دواخستنیش کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دراون، سێ ساڵ تێپەڕیبێت.
دەستەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پەرلەمانی تورکیا لەبارەی کارەکانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە. لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیاوە لیژنەیەکی چاودێری دادەمەزرێنرێت بۆ چاودێری کردنی ئەو چالاکییانەی دەکەونە چوارچێوەی ئەم ڕێکخستنە یاساییەوە. لیژنەی چاودێریش چاودێری چالاکییەکانی چوارچێوەی یاساکە دەکات و دەتوانێت پێشنیار پێشکەش بکات. خزمەتگوزارییەکانی سکرتاریەتی دەستەکە لەلایەن سکرتاریەتی گشتیی سەرۆکایەتی کۆمارەوە جێبەجێ دەکرێن.
تەواوی ئەو چەک، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل، کەرەستە، ماددەی تەقەینەوە و هەر کەرەستەیەکی دیکە کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە چوارچێوەی پێشنیارەکەدا لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنن یان ڕایدەگەیەنن تۆمار دەکرێن. ڕێوشوێن و بنەماکانی پەیوەست بە جێبەجێ کردنی ئەم ڕێکخستنە، دوای وەرگرتنی ڕای دەزگا ئەمنییەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگرییەوە دیاری دەکرێن.
دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕوون بووەوە و پشتڕاستکرایەوە کە بوونی کردەیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|کەجەکە و گشت پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتایی هاتووە و هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەکی ژێر کۆنترۆڵیان ڕادەستکراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەم بارەیەوە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکرایەوە، حوکمەکانی ئەم پێشنیارە بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێن کە لە ماوەی شەش مانگدا بە شێوەیەکی نووسراو داواکاری بۆ سوودمەندبوون لەم حوکمانە پێشکەشی سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتیی لە شوێنی خۆیان یان ئەو دامەزراوانە بکەن کە لەلایەن دەستەکەوە ڕاسپێدراون.
ئەو ئەرکانەی لە چوارچێوەی پێشنیارەکەدا دەسپێردرێن لەلایەن دامەزراوە و ڕێکخراوە گشتییە پەیوەندیدارەکانەوە بە خێرایی جێبەجێ دەکرێن. ئەو کەسانەی ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەن کە لە چوارچێوەی ئامانج و چالاکییەکانی پێشنیارەکەدا پێیان سپێردراوە، بەهۆی ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، کارگێڕیی یان سزاییان لەسەر دروست نابێت.
news_share_descriptionsubscription_contact


