Haydar Karaalp
21 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2026
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو ڕایگەیاند کە هیوادارە ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بکرێت.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو دوای دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لێدوانێکی بۆ میدیاکان دا.
ئوراڵئۆغڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە قۆناغی کۆتایی دایە، گوتی: "ئێمە دەبینین کە کۆریدۆرەکانی هاتوچۆ لە دۆخێکی ئاساییدا چەندە بە بەهان. لە باکووری ئێمە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا هەیە و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیلیش لە عێراق چەندە نزیکن. ئەوانە وانەن کە پێویستە لێیان فێر بین. ئێمە ئەوانەمان پێشتر پێشبینی کردبوو کە چۆن دۆخێکی قەیرانئاوای کارگێڕی بکەین".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ڕاشیگەیاند کە پەرەپێدان بە پڕۆژەکە تەوەری سەرەکی دیدارەکانی بووە لەو سەردانەدا بۆ عێراق و گوتی: "دەتوانین بڵێن دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە گەیشتووتە قۆناغی کۆتایی، تەنیا چەند کەموکۆڕییەکی ماوە و دەتوانین بە تەواوی چارەسەری بکەین".
ئوراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دابینکردنی تێچووی ماددی پڕۆژەکە کرد و گوتی، چاوەڕوانن لە دیدار لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە.
- "هیوادارین ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی بکەین"
ئوراڵئۆغڵو باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ ئەوەمان لە تورکیا ناو ناوە، "بناغە دانان"ی پڕۆژەکە و لە عێراقیش سەرۆکوەزیران دەڵێت "دەبێ بەردی بناغەکەی دابنێین"، ئەوە بەو واتایە دێت کە پڕۆژەکە دەستی پێکراوە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو گوتی: "ئەگەر بتوانین پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە باشی کارگێڕی بکەین کە بە بڕوای من هیچ بەربەستێک نییە و ئیرادەیەکی زۆر ئاشکرا هەیە، ئەوە هیواداریم ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی بکەین. ئێمە هەروەها لەبارەی تۆڕەکانی ڤایبەر ئۆپتیک کە پێویستە لە پڕۆژەکەدا بگونجێندرێن گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق کردووە. ئێمە دەمانەوێت پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواو بکەین".