Başak Erkalan Köprübaşılı, Başar Bayatlı
29 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2026
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپارسلان بایراکتار ڕایگەیاند، لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا ئەو پڕۆژانەیان تاوتوێ کردووە کە ئامانجیان پاڵپشتیکردنە لە گەشەپێدان و سەقامگیری پارێزگاکە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، کۆبوونەوەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە کۆمپانیای پیترۆلی تورکیا بەڕێژەی ١٥ لە سەدای پشکەکانی کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیۆم (BP)ی بەریتانی لە کێڵگە نەوتییەکان لە کەرکووک بەدەستھێناوە.
ھاوکات وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپارسلان بایراکتار لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "NSosyal" ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا ئەو پڕۆژانەیان تاوتوێ کردووە کە ئامانجیان پاڵپشتیکردنە لە گەشەپێدان و سەقامگیری پارێزگاکە.
ھەروەھا ئالپارسلان بایراکتار ڕاشیگەیاندووە: "کەرکووک پێگەیەکی ستراتیژی لە دڵماندا ھەیە، نەک تەنھا لەبەر ئەوەی کە لە بواری سەرچاوەکانی وزە دەوڵەندە، بەڵکو بەھۆی ئەو مێژووە ھاوبەشەی کە ماوەی چەند سەدەیەکە لە ڕووی كولتووری و مرۆییەوە لەنێوانماندا ھەیە".
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوەشداوە: "دوێنێ کۆمپانیای پیترۆڵی تورکیا ھاوبەشییەکی لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیۆم کرد کە تایبەتە بە کاری وەبەرھێنان لە کێلگەیەکی نەوتی کەرکووک کە مەزەندە دەکرێت یەدەگی سێ ملیار بەرمیل نەوت لەو کێلگەیەدا ھەبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە لە ڕووی دیپلۆماسی وزەوە".