وەزیری بازرگانی تورکیا عومەر بۆلات ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە پەیوەندیی بازرگانی گەشەی کردووە و جەختی لەوەش کردەوە کە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا کە حکوومەتی عێراق دەیەوێ لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل جێبەجێی بکات زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە خواستی قەبارەی بازرگانی ٣٠ ملیار دۆلار لە نێوان دوو وڵات.
بۆلات لە میانی کۆبوونەوەی خاوەنکارانی تورکیا-عێراق قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، گواستنەوە، پیشەسازیی بەرگریی، گەشتیاریدا لە نێوان تورکیا و عێراق هەیە.
عومەر بۆلات ڕاشیگەیاند کە قەبارەی بازرگانی نێوان دوو وڵات گەیشتە ١٧ ملیار دۆلار و ئەم قەبارەیە دوای سەردەمی کۆڕۆنا و لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنیش هەر بەرز بووەتەوە.
- "ئامانج، گەیاندنی ئاستی قەبارەی بازرگانی بۆ ٣٠ ملیار دۆلارە"
عومەر بۆلات وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە عێراق پێنجەم هاوبەشی ئابووری تورکیایە، گوتی: "ئێمە سوورین لە بە سەرۆکایەتی سەرکۆمارمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ماوەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، قەبارەی بازرگانی هاوبەشمان بگەیەنینە ئاستی ٣٠ ملیار دۆلار".
بۆلات ڕاشیگەیاند کە عێراق سێیەمین وڵاتی هاوبەشی تورکیا لە بواری وەبەرهێنەرانی تورکدا و وەبەرهێنەرانی تورک زۆرترین پڕۆژەیان تێدا ئەنجام داوە و تا ئێستا هەزار و ١٥٧ پڕۆژە جێبەجێکراون بە بەهای ٤٠ ملیار دۆلار.
عومەر بۆلات گوتیشی، وەبەرهێنەرانی تورک بە جێبەجێکردنی نزیک بە ١٣ هەزار پڕۆژە لەسەر ئاستی جیهان، قەبارەی سوودەکانیان گەیاندووەتە ٥٦٦ ملیار دۆلار و پڕۆژەکانی عێراقیش لەسەدا ٧.٥ هەتا ٨ی کۆی ئەو سوودە پێک دێنێت.
- "ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سیستەمی گواستنەوە و گومرگی ناسراو بە TIR"
وەزیری بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لە عێراق، ئامادەی پەرەپێدان بە هاوکارییەکانین لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، خزمەتگوزاری گواستنەوە و گوتی:
"بە داخەوە جەنگ و گۆرانکارییەکانی جیۆپۆلێتیک لە ناوچەی کەنداو و لەمساڵدا کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئابووری هەبووە. کێشەی جددیان لە بوارەکانی بە تایبەتی وزە و سەرچاوەکانی بۆ جیهان ناوەتەوە، ئەم گۆڕانکارییانە پێویستی بەکارهێنانی هێڵی گواستنەوە نەوتی کەرکووک-جەیهانی و دروستکردنی بۆڕی نەوتی بەسڕە بۆ جەیهان و هەروەها پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە بەندەری فاو لە کەنداو بۆ تورکیا و لە کۆتاییدا بۆ ئەورووپای زیاتر بەرجەستە کرد.
وەزیری بازرگانی تورکیا عومەر بۆلات گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا کە حکوومەتی عێراق دەیەوێ لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل جێبەجێی بکات زۆر گرنگە و پشکێکی بەرچاوی دەبێت لە بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق بۆ گەیشتن بە ئاستی ٣٠ ملیار دۆلار".
گوتیشی، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سیستەمی گواستنەوە و گومرگی ناسراو بە TIR کە ئاسانکاری دەکات لە گواستنەوەی کەلوپەل لە بوارەکانی گومرگدا.
بۆلات ڕاشیگەیاند کە ئەوان دەیانەوێ ساڵی داهاتوو میوانداری کۆمیتەی هاوبەشی بازرگانی و ئابووری نێوان تورکیا و عێراق (JETCO) بن.
- "کۆریدۆری ڕێگەوبان و ڕێگەی ئاسنین پێویستە پەرەی پێ بدرێت"
وەزیری بازرگانی تورکیا عومەر بۆلات ڕایگەیاند: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی دژواری گەرووی هورمز، پێویست بە کردنەوەی زیارتی دەروازەکانی سنووریی، کۆریدۆرەکانی زەمینی و ڕێگەی ئاسنین و هەروەها هێلەکانی وزەیە".
ڕاشیگەیاند "لەو باوەڕە داین کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان خێرایی دەبەخشێت بە وەبەرهێنان و چالاکییەکانی وەبەرهێنەران و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەم بوارانەدا".
گوتیشی، دڵنیام ئەم سەردانە، پشکێکی گرنگی دەبێت لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق".