توركيا, جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی.. رۆڵی تورکیا لە رێڕەوە نوێیەکانی گاز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

Hozan Jabbar   | 14.07.2022
شیکاریی.. رۆڵی تورکیا لە رێڕەوە نوێیەکانی گاز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

Istanbul

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیسماعیل ساری لە گوتارێکیدا بۆ بەشی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە رۆڵی تورکیا کرد لە کۆریدۆرە نوێکانی گاز کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە جێی باس لەسەر قەیرانی وزە کە بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە سەری هەڵداوە.

***

ئەو جەنگەی لە ٢٤ی شوباتدا بە دەستپێکی داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە دەستی پێ کرد، گوشارێکی زۆری لەسەر ئابووریی جیهانی دروست کردووە کە رووبەڕووی شۆکی دابینکردنی وزە و نرخی بەرزی وزە بووەتەوە. کاتێ لە روانگەی ئەورووپاوە تەماشای رەوشی ئێستا دەکرێت، دەبینرێت کە سەرنجەکان لەسەر دووبارە هەمەجەشنکردنی سەرچاوەکانن، بەتایبەتیش روو لە سەرچاوەکانی گازی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستن.

لەوەتەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستی پێ کردووە تا ئێستا، بەشێوەیەکی جیددیتر تاوتوێی رۆڵی گازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکرێت کە دەتوانێت بیگێڕێت لە ئاسایشی دابینکردنی گازی ئەورووپادا و لەسەر جێگرەوەکان رادەوەستن. بەپێی گوتەی شارەزایان، یەکێتیی ئەورووپا پلانی هەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا کۆتایی بە وابەستەبوونی بە گازی رووسیا بهێنێت هەرچەندە هیچ ئاماژەیەکی بەرجەستە نییە لەبارەی گازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام گازی ئەو ناوچەیە وەک جێگرەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو گازەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دابین دەکات.

لەو رووەشەوە ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەو گازە سروشتییە شلە (LNG)ی لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا لە میسرەوە هەناردە کراوە هەمووی رەوانەی بازاڕەکانی ئەورووپا کراوە. ئەگەر دامەزراوەکانی LNG لە میسر بەتەواوی توانایانەوە کار بکەن، تێکڕا خاوەنی ١٩ ملیار مەترسێجا گازن. بۆ گەیشتن بەو ئاستەش پێویست بە گازی ئیسرائیل دەبێت، بۆ ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکان کە سەرنجەکان چوونەتە سەر پرۆژەی هێڵی بۆری گازی سروشتیی تورکیا-ئیسرائیلە، هەروەها رێککەوتنی ئێستای نێوان ئیسرائیل، میسر و یەکێتیی ئەورووپا لە بواری گازدا چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ناردنی گازی پێویست دەستەبەر ناکات کە هێڵی بۆری تورکیا-ئیسرائیل دەتوانێت دابینی بکات.

ئەورووپا هەوڵ دەدات لە پاڵ دەستەبەرکردنی (LNG)دا رێککەوتنی بچووک لەگەڵ قەتەر، نێجیریا و ئەمریکا بکات بۆ دابینکردنی جۆرەکانی دیکەی گاز، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوە چارەسەرێکی کاتییە بۆ قەیرانی ئێستا، بەڵام گران لەسەری دەکەوێت. ئەگەر ئەورووپا چارەسەرێکی درێژخایەنی دەوێت، ئەوا دەبێت ببێتە خاوەنی هێڵێکی بۆری زیاتر کە لە (LNG) هەرزانتر بێت و سەرچاوەیەکی گازی سەقامگیرتربێت، چونکە ئەورووپا پێویستی بە زۆرترین سەرچاوەی جێگرەوە هەیە.

- رێڕەوی نوێی گاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢ ئیسرائیل بە رێگەیەکی نوێ لە ئوردن-ەوە دەستی بە هەناردەی گاز بۆ میسر کرد. کۆمپانیای "Ratio Energy"ی ئیسرائیلی رایگەیاند، لەو رێڕەوەی کە بە ئوردن-دا تێپەڕدەبێت توانراوە بڕی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی دیکە لە کێڵگەی لیڤیاتان هەناردە بکرێت. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا فرۆشی گازی سروشتی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و بەرزبووەتەوە بۆ دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا. بەر لە لەشکرکێشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، میسر لە رێگەی بوونی دوو وێستگەی (LNG)، بەردەوامە لە پلانەکانی بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی گاز.

جگە لە ئیسرائیل، کۆمپانیای "Eni-SpA"ی ئیتاڵی دەیەوێت بۆ زیادکردنی هەناردەی گاز بۆ ئەورووپا، هەژموونی خۆی لە میسر چڕ بکاتەوە. لە بەرامبەردا یۆنان لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا دەستی بە پڕۆژەی یەکەی عەمبارکردن و بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) کرد کە لە ٢٠ مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت. بڕیارە ئەم پڕۆژەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ یان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بە پێداویستییەکانی کۆمپانیا ئەمریکی و قەتەرییەکان بچێتە واری خزمەتکردنەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا هەناردەی (LNG)ی ئەمریکا بۆ ئەورووپا زیادی کردووە. داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە نیشانی دەدەن کە گۆڕانکاری لە رەوتی (LNG) ئەمساڵ چەندە دراماتیک بووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی باس لەوە دەکات کە لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەمریکا لەسەدا ٧٤ی (LNG)ی خۆی ناردووە بۆ ئەورووپا.

یەکێتیی ئەورووپا زۆر پشت بە گازی رووسیا دەبەستێت ساڵانە نزیکەی ١٥٥ ملیار مەتر سێجا گاز هاوردە دەکات، کە لەسەدا ٤٥ی کڕینی غاز و لەسەدا ٤٠ی بەکارهێنان پێکدەهێنێت. یەکێتیی ئەورووپا لەسەدا ٨٠ی هاوردەکردنی لە رێگەی بۆری گازی سروشتییەوە دەکات. توانا سەرەکییەکانی بۆری گاز لە جەزائیر و نەرویج و ئازەربایجان هەڵکەوتووە. پلان بۆ ئەوە دادەنرێت رێژەی رەوانەکردن لە جەزائیر-ەوە بۆ ٣٢ ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا لە ترانسمێد (لە رێگەی ئیتاڵیا) و بۆ ١٠ ملیار مەتر سێجا لە مێدگاز (لە رێگەی ئیسپانیا) زیاد بکرێت. ئیتاڵیا و ئیسپانیا هەوڵ دەدەن لەسەدا ٦٥ی گازی جەزائیر هەناردە بکەن. بۆیە (LNG) دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ هێڵی بۆری گازی سروشتی.

گرفتەکە ئەوەیە کە (LNG) پێویستی بە ژێرخانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی گازی زیادە هەیە، بەڵام هیچ کەشتییەکی زیادە نییە و فراوانکردنی ئەستەمە. دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی گاز کات و بوودجەی زۆری پێویستە. لە سەرانسەری جیهاندا تەنها ٥٠ یەکەی عەمبارکردن و بەرهەمهێنانی گازی (LNG) هەیە. ئەڵمانیا هەوڵ دەدات سێ لەوانە بەکاربهێنێت. لە ئەگەری زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، مەترسی ئەوە لەسەر ئیسپانیا دروست دەبێت کە لە بری رووسیا، پشت بە جەزائیر ببەستێت.

- رۆڵی تورکیا

ئەورووپا لە ماوەی کورتمەودا و درێژخایەندا لە بەرامبەر گازی رووسیادا پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر جێگرەوە دەبێت. هەرچەند دەریای باکوور، نەرویج، باکووری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەفقاز و ئەمریکا ژمارەیەکیش بن لەو جێگرەوانە، بەڵام بەربەستەکانی تەکنیک و ژێرخان و کات دابینکردنی گاز لەو شوێنانەوە بۆ ئەورووپا زەحمەت دەکەن. تورکیا کە بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکان لەمبارەیەوە، دەتوانێت دڵنیایی بدات لە خستنەڕووی نوێی سەرچاوەکاندا.

هەرچەند لە رابردوودا پلانی جیددی هەبوو بۆ ئەوەی لە رێگای تورکیاوە گاز رەوانەی ئەورووپا بکرێت، بەڵام زۆربەی بەو پلانانە جێبەجێ نەکران.

تورکیا ئەورووپا بە ئازەربایجان، تورکمانستان، ئێران و عێراقەوە دەبەستێتەوە و ئەو وڵاتانەیش لەوانەن کە بە گاز دەوڵەمەندن. تورکیا لەنێو دڵی سیستەمی هێڵی بۆڕی رێڕەوی گازی باشوور (SGC) جێ دەگرێت کە سەرچاوە گازییەکانی دەریای خەزەر بەبێ بەشداریکردنی رووسیا تیایدا رەوانەی بازاڕەکانی ئەورووپا بکات و ئامانج لەمەیش خستنەڕوو و جۆراوجۆرکردنی وزە لە ئەورووپا زیاتر دەبێت. لەم روانگەیەوە هێڵی بۆڕی گازی گواستنەوەی ئانادۆڵو (TANAP)، دروستکردنی هێڵی بۆڕی گواستنەوەی ئادریاتیک (TAP) بۆ تورکیا زۆر گرنگن، بەڵام ئەم هەماهەنگییە تا ئێستا لە ئاستی پێویستدا نەبووە.

لە دۆزینەوەی کێڵگە نەوتییە گرنگەکانەوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، هاوکات وەک جێگرەوەیەکی متمانەپێکراوی وزەی ئەورووپا دەبیندرێت لەبری گازی رووسیا. بۆ ئەم مەبەستەیش تورکیا بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە گواستنەوەی ئەم گازە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، بە دڵنیایییەوە لە بەرامبەر ئەمەیشدا ژمارەیەک کێشەی سیاسیی، ئابووریی و ژێرخان هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەری ئەوە زۆرە تورکیا رۆڵی وڵاتی پێشەنگ بگێڕێت بۆ گواستنەوەی گاز لەو هەوڵانەی ئەورووپا دەیدات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی رووسیا.

- رووسیا چۆن درز دەخاتە سەر سزاکانی سەر نەوتەکەی

بەپێی ژمارەیەک لە سەرچاوە هەواڵگرییەکان هەرچەند وڵاتانی ئەورووپا بەشێوەیەکی فەرمی گەمارۆیشیان خستووەتە سەر نەوتی رووسیا، بەڵام نەوتی رووسیا لە ناوچەکانی لەنگەرگرتن لە سنوورە ئاوییەکانی رووسیا، ماڵتا و یۆنان لە کەشتییەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەشتییەکی تر لە رێگای تۆڕی "Ship to ship-STS" و رەوانەی ئەورووپا دەکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی "Lloyd’s List Intelligence" کۆی کردوونەتەوە خاوەنی کەشتییە بازرگانییە رووسی و یۆنانییەکان لە رووبارەکانی کالاماتا، مارساکلۆک و مارساسکالا بە تانکەری گەورەتر کارگۆکان یەک دەخەن.

تانکەکەکان کە نەوت لە بەندەرەکانی نۆڤۆرۆسیسک، تواپسە و تامانی رووسیا لە دەریای رەش دەگوازنەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی "STS" لەو خاڵانەوە چاودێری دەکرێن. بەپێی شیکاری "Lloyd's List" گەشتەکانی گواستنەوەی نەوت بە تانکەکارەکانی سەر بە نزیکەی ٧٩ خاوەن کەشتی یۆنانی تەواو دەکرێن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی وێڕای کەمبوونەوەی داواکاری لەسەر نەوتی رووسیا لە مانگی نیساندا نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل واتا لەسەدا ٤٣ی نەوتی هەناردەکراوی رووسیا گەیشتووەتە پاڵاوگەکانی ئەورووپا. بۆیە هەرچەند باس لەو سزایانە بکرێت کە خراونەتە سەر نەوتی رووسیا، ئەم فرۆشتنە ناڕاستەوخۆیانە کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی وزەی ئەورووپا و ئەو پڕۆژانەی باس لە ئەگەری جێبەجێکردنیان دەکرێت.

*
[پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئیسماعیل ساری، مامۆستا لە زانکۆی حاجی بایرام وەلی/ ئەنقەرە-شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست]

* ئەو تێڕوانینانەی لە گوتارەکەدا بەکار هاتوون، بۆچوونی خودی نووسەرەکەن و گوزارشت لە سیاسەتی ئاژانسی ئانادۆڵو ناکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın