Orhan Onur Gemici
29 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2026
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "پێداگرین لەسەر هەنگاونان بەرەو تورکیایەک کە ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنان، لۆجستیک، گواستنەوە و تەکنۆلۆجیا بۆ ناوچەکە".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لەسەرەتای قسەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کرد و گوتی: "ئیسرائیل مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و یاساکانی نێودەڵەتی پێشێل دەکات و هەنگاو بە هەنگاو سەرقاڵی داگیرکردنی زیاتری فەڵەستینە. باجی ئەم دەستدرێژییانە تەنیا خوشک و برایانی فەڵەستینی و یان خەڵکی لوبنان نایدەن، بەڵکو هەموو دانیشتووانی ناوچەکە بە هەموو باوەڕەکانەوە دەیدەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی گەشەکردنی تورکیا قسەی کرد و گوتی: "پێداگرین لەسەر هەنگاونان بەرەو تورکیایەک کە ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنان، لۆجستیک، گواستنەوە و تەکنۆلۆجیا بۆ ناوچەکە. وەک تورکیا سەرکەوتوو بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی کە لەسەر ئاستی جیهانی هەیە و ڕۆژانە ڕوو دەدات".
گوتیشی: "سەرەڕای پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا، ئابووری تورکیا لەسەر پێی خۆیەتی. لە هەوڵی بەردەوام داین کە لێکەوتەکانی جەنگ (لەسەر وڵاتەکەمان) بگەیەنینە کەمترین ئاستی خۆی. دەستبەجێ لەگەڵ نەمانی ڤایرۆسی تیرۆر، ئابووری تورکیا لە هەموو بوارێکدا داستانێکی نوێی تۆمار دەکات".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها لەبارەی قۆناغی تورکیای بێ تیرۆرەوە دوا و گوتی: "وەک هاوپەیمانی جمهوور بەردەوام دەبین لەسەر ئەو هەوڵە لەگەڵ ئەو پارتانەی کە بەرژەوەندی نیشتمانییان لەبەرچاوە و بە ئامانجی دەگەیەنین".
لە بەسێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دۆخی قوبڕس کرد و گوتی: "هیچ هەوڵێک کە یەکسانی، ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی تورکەکانی قوبڕس لەبەرچاو نەگرێت، سەرکەوتوو نابێت. لە نزیکەوە چاودێری ئەوانە دەکەین کە دەیانەوێ قوبڕس بکەنە بەشێک لە پێکهاتەی سەربازییان و یان لەسەر پێگە ژئۆپۆلێتیکەکەی حیسابیان کردووەتەوە. تورکیا بە درێژایی مێژوو خۆشک و برایانی تورکی لە قوبڕس جێ نەهێشتووە و هەرگیز ڕێگە نادات ئازارەکانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە".
گوتیشی: "هاوشێوەی ڕابردوو کە نیازی قوبڕسی تورکان لەڕووی ئاوە چارەسەر کرد، ئێستاش بە پڕۆژەی جیاواز لەوانەش ڕاکێشانی بۆڕی لەژێر ئاو، کێشەی غازی سرووشتی چارەسەر دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لە قەیرانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا کرد و گوتی: "بە ستافێکی دارستانی ٢٨هەزار کەسی، ١٤٠هەزار خۆبەخش، ٢٨فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە، ١١٩کۆپتەر، ١٤ دڕۆن و ٦ هەزار ئامێری دیکە، ٢٤ کاتژمێری حەوت ڕۆژی هەفتە سەرقاڵی ئەرکین. تیمەکانمان لە سەرەتای ساڵەوە هەزار و ١١ ئاگری دارستان و هەزار و ٨٦٢ ئاگری دیکە و بە گشتی دوو هەزار ٨٧٣ ڕووداوی ئاگرکوژێنەوەیان بە خێرایی کۆنتڕۆڵ کردووە".
گوتیشی: "ئەمڕۆ ٩٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە کە ٥٩یان لە دەرەوەی دارستانەکان و ٨١ ڕووداویان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە. لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگری دارستانەکانی موغڵا، بالکئەسیر، ئانتاڵیا و چاناککالە بەردەوامە. بە شێوەیەکی چڕ و پڕ، ٢١ فڕۆکە، ٥٨ کۆپتەر، ٩٢٩ ئامێری ئاگرکوژێنەوە و سێ هەزار و ٢١٠ ستافمان سەرقاڵی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیانن".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "وەک ٨٦ ملیۆن (دانیشتووی تورکیا) ئاگادار بین کە لە کەشی کراوەدا ئاگر نەکەینەوە، شووشە و یان پاشماوەی جگەرە فڕێ نەدەین و واز لە سووتاندنی پووش و پاوان بهێنین".