İrem Demir
01 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2026
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "ئامانجمان لەناوبردنی کۆسپی تیرۆرە بۆ ئەوەی تورکیا ئامادە بکەین بۆ داهاتوویەکی ئاشتی و ئارام کە برایەتی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی تێدا بەهێز کرابێت".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتەکەیدا کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باس لە پێگەی پارتەکەی کرد و گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی مانگی ڕابردوو، ژمارەی ئەندامانی (ئاکپارتی) گەیشتووەتە ١١ ملیۆن و ٧١٠ هەزار کەس. لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٦٦ هەزار و ٦١٢ کەسمان لەڕیزەکانمان زیاد کرد. ئەوە بزانن کە دەرگای پارتی داد و گەشەپێدان بەڕووی هەموو ئەوانەی کە خۆشەویستیان بۆ گەل هەیە و خوازیاری خزمەتکردن بە گەلن، هەتا سەر کراوەتەوە".
گوتیشی: "لە کاتێکدا ئێمە سەرقاڵین بە بردنە سەرەوەی متمانەی وڵاتەکەمان لەسەر ئاستی جیهانی، ئەوان (ئۆپۆزسیۆن) لە ئەنقەرە سەرقاڵی مشتومڕە لەبن نەهاتووەکانی خۆیانن. بە قسە باس لە بەڕێوەبەردنی تورکیا دەکەن کەچی تورکیا هەر لە ڕۆژەڤیاندا نییە. هیچ پێشنیازێکیان بۆ ئێمە و گەلەکەمان لەبارەی ئابووری یان سیاسەتی دەرەوە نییە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە پڕۆژەکانی حکوومەتەکەی بۆ ئیستانبوڵ کرد و گوتی: "بەهێزکردنی باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ، لەسەرووی سیاسەتەوە، ئەرکێکی نیشتمانییە. وەک پارتی دەسەڵاتدار لە دوو پڕۆژەی وەرچەخانی شارسازیدا، یەکێکیان لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەبەین. بە خێراییەکی زۆرەوە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە مەترسیدارەکانین".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لە قۆناغی تورکیای بێ تیرۆر کرد و ڕایگەیاند: "لە ڕۆژی یەکەمەوە چەندین جار هەڵوێستی بونیادنەرانە و نزیکی خۆمان لەگەڵ مەهەپە'ی هاوپەیمانمان لە هاوپەیمانی جمهوور نیشان داوە. هیوادارین بە پێشکەشکردنی ئەو ڕەشنووسە یاساییەی کە ئامادەمان کردووە و ڕادەستی پەرلەمان دەکرێت، ئەو ڕەوتە خێرایی پێ ببەخشرێت".
گوتیشی: "باش دەزانین خەڵکێک دەیانەوێ قۆناغەکە بەلاڕێدا ببەن. ئەو دەرفەتەیان پێ نادەین کە بیانەوێ تۆمەت ببەخشن و ڕێگریی لە هەوڵەکانمان بکەن".
هەر لەم بارەیەوە سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئامانجمان لەناوبردنی کۆسپی تیرۆرە بۆ ئەوەی تورکیا ئامادە بکەین بۆ داهاتوویەکی ئاشتی و ئارام کە برایەتی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی تێدا بەهێز کرابێت".