Mümin Altaş
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە دووهەمین شورای پەیوەندییەکان ڕایگەیاند: "هیوادارم ئەو دەرەنجام و ڕاپۆرت و ئاگادارکردنەوانەی بەرهەمی عەقڵی هاوبەشن و ڕاگەیاندراوی کۆتایی کە سبەی بڵاو دەکرێتەوە، دیدگای داهاتووی تورکیا دابڕێژنەوە و هێزی پەیوەندییەکانی نیشتمانی و نێودەوڵەتیی وڵاتەکەمان بەهێتر بکەن".
لە میانی بەشداری کردنی لە دووهەمین شۆرای پەیوەندییەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بە تەوەری "سەدەی تورکیا: سەدەی پەیوەندی" ڕێکخرابوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەو زانیاری و بەڵگەنامە ئاشکراکراوانە زۆر بە ڕوونی بە هەموومان نیشان دەدەن کە لە ماوەی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتدا چ ئۆپەراسیۆنێک دژ بە دەوڵەت و گەل ئەنجامدراوە و، ڕایگەیاند: "ئاشکرادەبێت کێ لەگەڵ کێدا لە چ جۆرە پەیوەندیەکی ناڕەوادا بووە.ئەوانەی بە بەکارهێنانی بومەلەرزەکە دەرفەتی سیاسی و ئابووریان قۆستەوە ئەمڕۆ لەدادگا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".
گوتیشی: "کۆتاییەکەی بەرەو هەر کوێیەک بچێت، ڕێگە بەوانە نادەین هیوایان بە گرژیی و جەمسەرگیریی بەستووە تواناکانی بەردەستیان وەک چەک دژی دەوڵەت بەکاربهێنن".
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد لەڕوانگەی وڵاتەکەمان، دیموکراسییمان و ئاشتیی کۆمەڵایەتیمانەوە، بەرەنگاربوونەوەی گشت جۆرەکانی زانیاریی نادروست و چەواشەکاری بە دۆسیەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی دەبینین.
ڕاشیگەیاند: "ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی تورکیا لەو فیلمانەوە ناناسێت کە لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ ناشرین کردن نووسراون، بەڵکو لەو فیلمانەوە دەیناسێت کە ڕەنگدانەوەی کلتوور و ڕاستییمانن".
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئەوەیشی خستەڕوو کە لەکاتی بنیاتنانی سەدەی تورکیادا چیرۆکێک کە لە بەها شارستانییەکانمانەوە سەرچاوەی گرتووە، بیرەوەرییەکی دێرین و دیدگایەکی بەهێز بەرەو داهاتوو دەخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە.
گوتیشی: "پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، بە شێوازێکی جدی دیاری دەکەن کە چەند سەرنج دەخەینە سەر چ بابەتێک، لە کوێوە و چۆن لە پرسەکە نزیک دەبینەوە و زۆربەی کاتیش چ جۆرە کاردانەوەیەک نیشان دەدرێت. تەنانەت ئەمانە نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو ڕابردووش دەشێوێنن و مێژوویەکی خەیاڵی، و ناسنامەیەکی بێگیان و بێڕۆح و بێقووڵایی دروست دەکەن".