Orhan Onur Gemici
31 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2026
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە پشتیوانییەکانمان بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی لوبنان. بەردەوام دەبین لە هاوکاریيە مرۆیی و تەکنیکییەکانمان بۆ لوبنان".
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرکۆماری لوبنان، جۆزێف عەون کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە میوانداری کردنی سەرکۆماری لوبنان عەون لە تورکیا و، سوپاسی کرد بۆ ئەم سەردانەی کە دوای ١٧ ساڵ لەسەر ئاستی سەرۆک لە لوبنانەوە بۆ تورکیا ئەنجامیداوە.
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد عەون سەربازێکی زۆر بەئەزموونە و، هەڵبژاردنی وەک سەرکۆمار لە سەرەتای ساڵدا بە کارێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی ئاسایشی لوبناندا و، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ١٠ی تەمووزدا میوانداری سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەواف سەلام-ی لە ئیستانبوڵ کردووە و، بەیەکەوە هەڵسەگاندنیان بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز عەوندا بەتایبەت لە ژێر تیشکی داگیرکاریی بەردەوامی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، پێشهاتە هەرێمییەکانمان تاوتوێ کرد. بەردەوامین لە پشتیوانیە بەهێزەکانمان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنانی دۆست و برا کە خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزین لەگەڵیدا".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد لوبنان وڵاتێکی برایە کە بەهۆی کێبڕکێ و پێکدادانی هەندێک لە هێزەکانی ناوچەکە بۆ چەندین ساڵی درێژخایەن زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و، لەم ڕوانگەیەوە لوبنان لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین سوود لەو ژینگەی سەقامگیریی، ئاشتیی و هاریکارییە وەردەگرن کە لە سەرەتاوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجیان بووە.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە لە نزیکەوە چاودێری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ماوەی ڕابردووی سەرکۆماری لوبنان عەون دەکەن و، ڕایگەیاند: "ئێمە وەک تورکیا هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەوە کردووە چ جۆرە هاوکارییەکی لەم هەوڵانەیدا پێشکەش بکەین. دەرفەتەکانی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرد. بەردەوام دەبین لە پشتیوانییەکانمان بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی لوبنان. بەردەوام دەبین لە هاوکاريیە مرۆیی و تەکنیکییەکانمان بۆ لوبنان. لەو باوەڕەداین کە بەردەوامبوون و گەشەکردنی گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و سووریا سوودبەخش دەبێت بۆ هەردوو وڵات. ئامادەین هاوکاریی پێویست پێشکەش بکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی کە خاوەن ڕابردوویەکی قورسن. تەواوبوونی ماوەی ئەرکی هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان کە لە باشووری لوبنان جێگیر کراون، پێشهاتێکی گرنگ دەبێت. وەک تورکیا دەمانەوێت بەشدار بین لە هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا بۆ پشتیوانی کردنی ئاسایشی ناوچەکە و مسۆگەرکردنی سەروەریی لوبنان دەست پێ دەکەن".
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە دووی ئاداری ٢٠٢٦ەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەستی پێکرد، زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ هاووڵاتی لوبنانی گیانیان لەدەستداوە و، زیاتر لە دوو هەزار لوبنانی برینداربوون و، یەک ملیۆن کەسیش بەناچاری ئاوارەبوون و، گوتی: "لێرەدا جارێکی دیکە لە ڕێگەی بەڕێز سەرکۆمار سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەکان دەخوازم. تورکیا لە یەکەم ڕۆژەوە یەکێک بووە لەو وڵاتانەی بەهێزترین کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکان نیشانداوە. تاوانە مرۆییەکانی ئیسرائیلمان هەمیشە لەم پرۆسەیەدا لە ڕۆژەڤدا هێشتەوە. لە نزیکەوە چاودێری ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانە دەکەین کە بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرش و داگیرکارییە دەستیان پێکردووە. دەمەوێت ڕایبگەیەنم كه وڵاتەکەمان ئامادەی دهستهبهركردنی ههر پشتیوانیهكه لهدهستی بێت بۆ سهرلهنوێ بنیاتنانەوەی باشووری لوبنان کە بە قورسی کەوتووەتە ژێر هێرشەکانی ئیسرائیل".