توركيا

سەرکۆماری تورکیا پلانی کاری مافەکانی مرۆڤی راگەیاند

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "پلانی کاری مافەکانی مرۆڤ، نموونەیەکە لە گۆڕانکاری و چاکسازی کە ئیرادەمان بەردەوامی پێداوە و بەردەوامی پێ دەدات".

Ferdi Türkten   | 02.03.2021
سەرکۆماری تورکیا پلانی کاری مافەکانی مرۆڤی راگەیاند

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "پلانی کاری مافەکانی مرۆڤ، نموونەیەکە لە گۆڕانکاری و چاکسازی کە ئیرادەمان بەردەوامی پێداوە و بەردەوامی پێ دەدات".

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی ناساندنی بەرنامەی کاری مافی مرۆڤی لە تورکیا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا سەبارەت بە پلانی کارەکە گوتی: ''هەموو چاکسازییەک ئاسەواری یەکگرتوویی بیر و هەست نێوانمانە لەگەڵ گەلەکەماندا لەبارەی گەیشتن بە ئازادی رەهاتر، بەشداری زیاتر و دیموکراسی زۆرینەتر، پلانی کردەی مافەکانی مرۆڤ بەو شێوەیەیە''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "بنەمای سەرەکی ئامادەکردنی پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافی مرۆڤ، پێویستی و داواکارییە سەرەکییەکانی گەلەکەمانە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامانجی پلانەکەیانی خستەڕوو و گوتی: ''ئامانجمانە کاریگەریی سیستمی داواکاری تاکە کەسیی لەسەر دادگای دەستووریی زیادبکەین''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە "لە پێناو بەهێزکردنی بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسییەتدا، دەست بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی گۆڕانکاری لە پرسی پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردندا دەکەین و لەسەر شێوازی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، بڕیارەکانی دەستەی چاودێری گشتیی و دەستەی یەکسانی و مافەکانی مرۆڤی تورکیا بەڕووی رای گشتییدا دەکەینەوە تا دەستی پێ بگات''.

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەی قەرەبووی مافەکانی مرۆڤ، بەبێ ئەوەی پێویست بە گەڕانەوە بۆ دادگای دەستووریی بکات، قەرەبووی زیانەکانی تایبەت بە دادگاییکردنی ماوە درێژ دەکاتەوە، گوتی: "ئەو کەسانەی بەهۆی هەر تاوانێکەوە ستەمیان لێکراوە، بەتایبەت بۆ منداڵان، ژنان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان، خزمەتگوزاری دەروونی-کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکرێت".

رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر دروستکردنی لیژنەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کردووە رایگەیاند ''بە بەشداری ژووری پارێزەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەرانی زانکۆکان لیژنەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی سزا، دادەمەزرێنین''.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند "لەڕێی دابینکردنی دەستەبەری جوگرافی بۆ دادوەر و داواکارانی گشتی، دەستەبەری یاسایی بەهێز دەکەین، هەروەها وا دەکەین بڕیارەکان بەخێرایی دەربکرێن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''لە دادگای کارگێڕییدا نووسینەوەی بڕیاری هۆکارەکە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، دەکەینە زۆرەملێ''.

سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە بەکارهێنانی پێڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی، ئەو هاووڵاتییانەشمان دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتن و گوتی: ''لە پێناو خێراتر بە ئەنجام گەیشتنی دۆسیەکاندا، دەستەبەری ئەوە دەکەین کە دادوەرەکان لە رێگەی سیستمی زانیارییەوە دەستیان بە تۆمارەکانی دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بگات''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشکرد کە دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی ئاگادارکردنەوەی قوربانیی و شیکایەتکەر و لە دۆسیە ئیدارییەکاندا ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان لەبارەی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لە دواییدا دەخرێنە دۆسیەکانەوە دەکەنە ناچاریی و گوتی: "بۆ ئەو دۆسیانەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان هەیە و مشتومڕەکانی سەریان کۆتایی هاتوون، رووبەری دەسەڵاتی فەرمانگەی دادوەران و داواکارانی گشتی فراوانتر دەکرێت، هەر لەم چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدەین کە بڕیارەکانی دادگا هەڵبوەشێننەوە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''دەستەبەری ئەوە دەکەین کە پارێزەران بتوانن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنیی داواکاری تاکە کەسیی پێشکەش بە دادگای دەستووریی بکەن. ماوەی وەڵامدانەوە کارگێڕی لەو داواکاریانەی پێشکەشی دەکرێن لە ٦٠ رۆژەوە کەمدەکەینەوە بۆ ٣٠ رۆژ''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان دووپاتیشیکردەوە کە بە پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، هەموو بڕیارەکانی دادگای پلە یەک و تێهەڵچوونەوە، بەڕووی رای گشتییدا دەکەنەوە تا دەستی پێ بگات و رایگەیاند "قۆناغی دەرکردنی بڕیاری دادگا و قۆناغی تەمییز، لەگەڵ بڕیاری پێڕاگەیاندنی فەرمی دەستپێدەکات".

سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە پلەبەندی کارمەندەکانی نێو دادگا گوتی: ''مەرجی پلەبەندی دادەنرێت بۆ ناونیشانی ئەوانەی لە دادگا کاردەکەن. سیستمی یاریدەدەری دادوەر و داواکاری گشتیی دادەنێین''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە پێناو بەرزکردنەوەی ستاندارتەکان سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن، رێوشوێنەکان فراوان دەکەن بۆ ئاسانکاری چالاکییە پیشەییەکانی رۆژنامەوانان و گوتی: "بۆ کۆتاییهێنان بە نەگونجانی نێوان وەبەرهێنەران و فەرمانگە فەرمییەکان، "نوێنەرایەتی یاسایی وەبەرهێنان" دروست دەکەین کە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و بێلایەنی کار دەکات".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''دەستەبەری ئەوە دەکەین کە کارمەندانی کەرتی گشتیی و تایبەت و خوێندکاران لە کاتی جەژنە ئایینیەکانی خۆیاندا جا لەسەر هەر ئایینێک بن جیاوازی نییە، بە مۆڵەت بۆیان ئەژمار بکرێت''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشکرد کە بۆ وەرگرتنی ئیفادە، کۆتایی دەهێنن بە پەیڕەوەکانی وەک دەستگیرکردن لە دەرەوەی کاتی دەوام و دەستگیرکردن لە هۆتێلەکاندا لە دوای نیوەی شەو گوتی: "لەمەودوا پلانی چالاکییەکانی مافی مرۆڤ و وەرگرتنی گوتە بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری لە هەر حەوت رۆژەکەی هەفتەدا ئەنجام دەدرێت. یاسای "کۆتاییهاتنی کات"ی لێکۆڵینەوەکان لە بانگەشەکانی ئەنجامدانی ئەشکەنجە لادەبەین".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند "کاریگەری کارەکانی دیسپلین و دووبارە گەڕاندنەوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە زیاتر دەکەین کە ئەرکەکانیان بەخراپی بەکارهێناوە و بوونەتە هۆی پێشێلکردنی مافی کەسانی دیکە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کار و چالاکی فەرمانبەران لەسەر مافەکانی مرۆڤ گوتی: "ئەو فەرمانبەرانە خەڵات دەکەین کە لەڕێی کارکردنی وریایانەیان لەسەر مافەکانی مرۆڤ، بوونەتە نموونە بۆ هاوپیشەکانیان. هەلی ئەوە بۆ خوێندکارانی بەشە یاساییەکانیش دەڕەخسێنین، ماوەی ئەزموونی کارییان لە دادگای دەستووریی بەسەرببەن".

سەرکۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند ''لەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە سکاڵاکەوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە ئەگەر بەبێ هۆ و بەڵگە نەهات، ئەوا گۆڕانکاری دەکەین لە رەتکردنەوەی دۆسیەکە. بەو شێوەیەش ئەو دۆسیانەی ساڵانێکە بە کراوەیی ماونەتەوە، ئەو دادگاییکردنانەی لە پرۆسەکەدا ماونەتەوە هەڵدەگرین''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە بنەماکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی: "لەگەڵ دادوەر و داواکارانی گشتی بنەماکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای "بێلایەنی" بۆ فەرمانبەران دیاریی دەکەین".

سەرکۆماری تورکیا لەبارەی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی بەوانەشەوە کە رووبەڕووی ژیان دەبنەوە رایگەیاند ''تا ئەو رۆژەی دەگەین بەوەی تاکە قوربانییەکی توندوتیژی بە ژنانیشەوە نامێنێت، لەگەڵ دامەزراوەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی، میدیا و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هاریکاری دەکەین بۆ بەردەوامیدان بەم خەباتە''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ساڵەکانی خوێندن لە کۆلێژەکانی یاسا دەکەن بە پێنج ساڵ و ژمارەی کورسییەکانیش بەشێوەیەک دادەنێن کە بتواندرێت زۆرترین زانست بدرێت بە خوێندکارانی ئەو بەشانە و گوتی:

''ژووری پارێزەرانی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە سەرانسەری وڵاتدا فراوان دەکەین کە بە ئامانجی لێکۆڵینەوەی کاریگەر کراونەتەوە لەو تاوانانەی دەرهەق بە ژنان دەکرێن''.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافی مرۆڤ، دەستوورێکی نوێ و مەدەنییە و گوتی: "پێمانوایە دانانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بنەمای سەروەری ئیرادەی گەل و ئامادەکردنی بۆ سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییمانە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی هەڵبژاردن و دانانی یاساکانی بەڕێوەبردنی ئەو وەقفانەی کە تایبەتن بە کۆمەڵە ناموسڵمانەکان رایگەیاند ''سەرلەنوێ شێوازی بەڕێوەبردنیان رێکدەخەینەوە".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''لە دامەزراوەکانی جێبەجێکاری سزاکاندا، وەرچەرخانی دیجیتاڵی تەواو دەکەین. لەو چوارچێوەیەشدا حوکمدراوان و دەستبەسەرکراوان لە پاڵ ئەوەی لەگەڵ کەسوکاریاندا بە دەنگ و رەنگ گفتوگۆ دەکەن، دەتوانن سوودمەندبن لە تەکنەلۆجیا لە کاروبارەکانی وەک نامەناردن و نامەوەرگرتن، پێشکەشکردنی داواکاریی و چاودێری رەوشی تەندروستیی''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها داوایەکی ئاراستەی هەموو کەس و لایەنەکان کرد و گوتی: ''داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەمان قسەیان هەیە، بەشداری بکەن لە پرۆسەی پێکهێنانی دەستووری نوێدا''.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın