توركيا, سياسەت

سەرکۆماری تورکیا "پلانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ"ی بۆ رای گشتی خستەڕوو

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "پلانی چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی دوو ساڵدا ئامادەکراوە".

Mehmet Tosun   | 02.03.2021
سەرکۆماری تورکیا "پلانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ"ی بۆ رای گشتی خستەڕوو

Ankara

ئەنقەرە- AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ناساندنی "پلانی چالاکییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ" ناوەڕۆکی پلانەکەی بۆ رای گشتی خستەڕوو.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلانەکە لە نۆ بەند پێکهاتووە و گوتی: "بنەمای سەرەکی ئامادەکردنی "پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤ"، پێویستی و داواکارییە سەرەکییەکانی گەلەکەمانە".

سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد کە ئامانجی یەکەمی پلانەکە ئەوەیە کە کاریگەریی سیستمی داواکاری تاکە کەسیی لەسەر دادگای دەستووریی زیادبکەن و بۆ ئەوەی هاووڵاتییان مافخوراو نەبن، لیژنەی قەرەبووی مافەکانی مرۆڤ، بەبێ ئەوەی پێویست بە گەڕانەوە بۆ دادگای دەستووریی بکات، قەرەبووی زیانەکانی تایبەت بە دادگاییکردنی ماوە درێژ دەکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم پلانەشی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد بۆ گەڕاندنەوەی مافی کەسانی ستەملێکراو و گوتی: "ئەو کەسانەی بەهۆی هەر تاوانێکەوە ستەمیان لێکراوە، بەتایبەت منداڵان، ژنان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان، خزمەتگوزاری دەروونی-کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکرێت".

سەرکۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی دووەمی "پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤ" دەستەبەرکردنی بێلایەنی یاسایە، چونکە دروستکردنی دەوڵەتێکی یاسایی پێویستی بە سەربەخۆیی یاسا هەیە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە لە دادگای کارگێڕییدا نووسینەوەی بڕیاری هۆکارەکە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، دەکرێتە زۆرەملێ، هەروەها پەیڕەوی سیستمی پێڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی دەکرێت کە ئەم سیستمە هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە.

سەرکۆماری تورکیا دەربارەی قۆناغی ئامادەکردنی پلانەکە گوتی: "پلانی چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی دوو ساڵدا ئامادەکراوە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە کە ئاسانکاری لە گەیشتن بە ناوەندە دادوەرییەکان یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی لە پلانەکەدا باسکراوە و لەم چوارچێوەیەشدا خەرجییەکانی تۆمارکردنی داوای یاسایی، قۆناغی جێبەجێکردن و دادنووس کەم کراونەتەوە.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشکرد کە ئامانجی سێیەمی "پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤ" بریتییە لە شەفافییەت لە کارە یاساییەکاندا و گوتی: ''دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی ئاگادارکردنەوەی قوربانیی و شیکایەتکەر. لە دۆسیە ئیدارییەکاندا ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان لەبارەی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لە دواییدا دەخرێنە دۆسیەکانەوە دەکەینە ناچاریی''.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانجی چوارەمی پلانەکە بریتییە لە ئازادی رادەربڕین و گوتی: ''لە پێناو بەرزکردنەوەی ستاندارتەکان سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن، رێوشوێنەکان بەرفراوان دەکەین بۆ ئاسانکاری چالاکییە پیشەییەکانی رۆژنامەوانان''.

سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردەوە کە بە هەموو شێوەیەک دژی جیاوازیکردن و ئەو تاوانانە دەوەستنەوە کە هۆکاری سەرەکییان کینەیە لە کۆمەڵە و ئایینێکی دیاریکراو، باسی لەوەشکرد کە گۆڕانکاری تایبەت بە وەقفی گرووپە ناموسڵمانەکان کراوە و گوتی: "دەربارەی هەڵبژاردن و دانانی یاساکانی بەڕێوەبردنی ئەو وەقفانەی کە تایبەتن بە کۆمەڵە ناموسڵمانەکان، سەرلەنوێ شێوازی بەڕێوەبردنیان رێکدەخەینەوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın