توركيا, جيهان

بەڕێوەبەری ئانادۆڵو: "یەکێتیی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەورووپا بڕیاری دەرکردنی کۆتایی ئاژانسی هەواڵی رووسیایان نەدا"

- سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە پڕۆژە بڕیاری دەرکردنی ئاژانسی هەواڵی رووسیا لە یەکێتیی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی یەکێتییەکەدا پەسەند نەکرا چونکە دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا.

Lejla Biogradlija   | 14.05.2022
بەڕێوەبەری ئانادۆڵو: "یەکێتیی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەورووپا بڕیاری دەرکردنی کۆتایی ئاژانسی هەواڵی رووسیایان نەدا"

Saraybosna

سارایێڤۆ - AA

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز رایگەیاند کە تورکیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا رۆڵی نێوەندگیریی گێڕاوە و جەختی لە گرنگی دیالۆگ کردەوە.

کاراگۆز لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی و کۆنفرانسی بەھارەی یەکێتی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا (EANA)،کە لە شاری سارایێڤۆ پایتەختی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا بەڕێوەچوو، رایگەیاند کە لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی بەرپرسیارێتی ئاژانسەکانی ھەواڵ لە کاتی جەنگ و سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا کراوە و گوتیشی: "سەرجەم ئەو ئاژانسە ھەواڵانەی کە لە ئەورووپا چالاکیان ھەیە، ئەندامی ئەو یەکێتییەن. ئاژانسی ئانادۆڵوش یەکێکە لە ئەندامە گرنگەکانی یەکێتییەکە".

سەردار کاراگۆز ئاماژەی بەوەشدا کە لە كۆنفرانسەکەدا تاوتوێی پرسی رۆژنامەنووسی لە ژینگەی جەنگ کراوە و گوتیشی: "باسی ئەوەمان کرد کە ئاژانسەکانی ھەواڵ لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیادا چۆن ھەواڵیان ئامادە کردووە. لێرەدا بۆچوونی جیاواز ھەبووە. ھەردوو لایەنی جەنگەکە بوونیان ھەیە و ھەردوو لایەنەکەش ئەندامی یەکێتی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپان (EANA). ھەم ئاژانسی ھەواڵی TASSی رووسی ھەمیش ئاژانسی ھەواڵی ئۆکراینا. لێرەدا بڕیارێک دەرکرا. بڕیاری ھەڵپەساردنی ئەندامێتی ئاژانسی ھەواڵی TASSی رووسی دەرکرا".

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژە بڕیاری دەرکردنی ئاژانسی هەواڵی رووسیا لە یەکێتیی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی یەکێتییەکەدا پەسەند نەکرا چونکە دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.

گوتیشی: "ئەم شێوازە بێبەشکردنە ناگاتە ئەنجامی بەدیهاتوو لەو بابەتانەی کە پێویستە لە چوارچێوەی ئازادی میدیادا هەڵسەنگێندرێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز باسی لەوەشکرد کە لە پێواژووی کۆڤید-١٩دا ژمارەیەکی زۆر زانیاریی ناڕاست و بەلارێدابەر بڵاوکرایەوە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئاژانسەکانی ھەواڵ ئەرکدارن بە راستکردنەوەی ئەمانە. راستی ھەواڵەکان لە ئاژانسەکانی ھەواڵ وەردەگیرێن. چونکە لەگەڵ زیادبوونی ھەمە چەشنی سەرچاوەکان، ژمارەی ھەواڵی ناڕاست زیاتر دەبێت".

سەردار کاراگۆز باسی لەوەشکرد کە رەخنە لە ھەواڵەکانی لایەنی رووسی گیراوە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئێمە وەک تورکیا، لەگەڵ ئاژانسەکانی ھەواڵی رووسیا و ئۆکراینا لە پەیوەندی نزیکداین. بەھۆی ئەوەی تورکیا رۆڵی نێوەندگیری دەبینێت لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، بۆیە بانگھێشتی بەردەوامیدان بە پرسی دیالۆگ بۆ ھەردوو وڵات کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لە گرنگی ئەم دیالۆگە کردەوە. ئەگەر دیالۆگ بپچڕێت ئەوا جەنگ درێژەی دەبێت و بوار بۆ دیپلۆماسییەت نامێنێت. بۆ بەردەوامی دیپلۆماسییەت پێویستە دیالۆگ ھەبێت".

- ستایشی یەکێتی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا (EANA) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گواستنەوەی رووداوەکانی پەیوەندیدار بە جەنگ لە ناوچە گەرمەکانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بە شێوەیەکی دروست لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵوەوە کرد و لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئاماژە بەوە کرا کە ئاژانسی ئانادۆڵو بە شێوەیەکی کاریگەر،بەھێز و راست رووداوەکانی جەنگی بۆ رای گشتی جیھان گواستووەتەوە. ھاوکارانمان لە ئەورووپا، باسیان لەوە کرد کە ئاژانسی ئانادۆڵو راسترین رووی جەنگی لە ناوچەکە گەرمەکانی رووسیا و ھەمیش لە ئۆکراینا بۆ جیھان گواستووەتەوە. ئەمەش ئێمەی زۆر خۆشحاڵ کرد".

سەردار کاراگۆز جەختی لەوەش کردەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە ناوچەکانی جەنگ ژمارەیەک زۆر لە پەیامنێرانی ھەبووە و گوتیشی: "لەم جۆر ژینگانەدا دامەزراوە جددییەکان، وەک سەرچاوەی ھەواڵ بەدەردەکەون. بۆیە ھەموو کەسێک زۆر ھەستیارە. ئەو ھەواڵەی لە بەرەکانی جەنگەوە دێن، دوو بۆ سێ جار کۆنترۆڵ دەکەین. ئەمە بنەمای کارکردنی ئێمەیە، لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا ئەمە ستایش کرا".

کاراگۆز ئەوەشی خستەڕوو کە ئاژانسی ئانادۆڵو بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی لە نێو گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی و لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "لەگەڵ جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دووبارە ئەوەمان بینییەوە کە، ئاژانسی ئانادۆڵو وەک ئاژانسی ھەواڵی تورکیا کاریگەری خۆی لە گشت جیھان نیشاندا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın