Fırat Taşdemir
06 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2026
لەو کەمپەینە میدیاییەی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بە هاشتاگی "هاودەنگی نیشتمانیی" لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییدا دەستیپێکرد، تێچووی ئابووریی تیرۆر لەسەر تورکیا لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە ئامار لەگەڵ ڕای گشتیی بەشکرا.
لەو پەیامە ڤیدیۆییەی لە هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەرمانگەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بە ڤیدیۆ و ئینفۆگرافیک ئەوە خراوەتەڕوو کە تێکڕای تێچووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر ئابووریی وڵات ٢،٣ تریلیۆن دۆلارە، بە نموونەش ڕوون کراوەتەوە ئەگەر ئەم سەرچاوەیە لە بوارە جیاوازەکاندا بەکاربهێندرایە، توانای وەبەرهێنانی تورکیا دەگەیشتە چ ئاستێک.
ئەندامانی کابینەی حکوومەت، پەرلەمانتاران و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیە سیاسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم کارە نیشان دا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بووەتە ڕۆژەڤ.
لە کاتێکدا هاشتاگی "هاودەنگی نیشتمانیی" لە پۆستەکاندا بەربڵاو بوو، هاوکات تیشک خرایە سەر گرنگیی ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" لە ڕووی گەشەپێدانی ئابووریی، خۆشگوزەرانیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەمپەینەکەدا بڵاوکراونەتەوە، بەو سەرچاوە داراییەی تێچووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە لە تورکیا و بڕەکەی ٢،٣ تریلیۆن دۆلارە، دەکرا وێستگەکانی وزەی خۆر بنیاتبنرێن کە توانای دابینکردنی کارەبای نزیکەی ٢٣ ساڵی وڵاتیان هەبێت، یان وێستگەکانی وزەی با بنیاتبنرێن کە کارەبای ١٧ ساڵی وڵات دابین بکەن. دەتوانرا بەو سەرچاوەیە هەزار و ٨٨٨ پردی یاڤوز سوڵتان سەلیم، هەزار و ١٠٦ پردی عوسمان غازی، ١٩٥ ڕێگای خێرای باکووری مەڕمەڕە، ٢١٨ فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ و هەزار و ٥٠٤ تونێلی ئۆراسیا دروست بکرێت.
لە ئینفۆگرافیکەکاندا ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر تێچووەکە بۆ بەرهەمهێنان بەکاربخرایە، دەتوانرا ١٥ هەزار ناوچەی پیشەسازیی ڕێکخراو، دوو هەزار کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، چوار هەزار و ٥٠٠ کارگەی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیای باڵا و حەوت هەزار و ٥٠٠ کارگەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەرگریی بخرێنە کار. خۆ ئەگەر ئەو سەرچاوە داراییە کە ٢،٣ تریلیۆن دۆلارە لە کەرتی تەندروستییدا بەکاربهێندرایە، دەتوانرا پێنج هەزار و ١٥٠ نەخۆشخانەی شار و، سێ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار و ٧٥٠ ناوەندی تەندروستیی خێزانی دروست بکرێن.
هەروەها لە بواری شارسازییشدا بەو بوودجەیە دەتونرا ٣٦ ملیۆن و ٢٩٨ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی یان ٣١ ملیۆن و ١١٢ هەزار و ٦٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە بوومەلەرزە بنیات بنرێن.
لە چوارچێوەی وەبەرهێنانی کەرتی پەروەردەشدا، ئاماژە بەوە کراوە دەتوانرا ٤٦٠ هەزار قوتابخانە کە هەر یەکێکیان لە ٢٤ پۆل پێکبێت، تێکڕا ١١ ملیۆن پۆلی خوێندن دروست بکرێن.
هەر بەپێی ئەو زانیارییەی لە کەمپەینەکەدا خراونەتەڕوو، ئاماژە بەوە کراوە بەو سەرچاوە داراییە دەتوانرا هەزار و ١٥٠ بەنداوی نوێ دروست بکرێن، ٦٦ هەزار و ٥٠٠ هێلیکۆپتەری کوژاندنەوەی ئاگر یان ٣٢ هەزار فڕۆکەی کوژاندنەوەی ئاگر بۆ هێزەکان دابین بکرێن.
بە پەیامەکانی "تورکیای بەهێز، بە هاودەنگی نیشتمانییەوە بەدیدێت" و "بەدەستهێنانەوەی ئەم توانایە، بە هاودەنگی نیشتمانی بەدیدێت"، لە پۆستەکاندا ئاماژە بەوە کراوە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە گرنگ نییە، بەڵکو لە ڕووی گەشەی ئابووریی، ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیشەوە گرنگییەکی ستراتیجی هەیە.
لەو ڕاگەیاندراوەی لە پاڵ ئەو پەیامە ڤیدیۆییەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە تیرۆر تەنیا ئاسایشی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو گەشەپێدانی ئابووریی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیشی کردووەتە ئامانج و، هاتووە؛ "تیرۆر تەنیا ئاسایش و ڕۆحی هاودەنگی نیشتمانیمانی نەکردە ئامانج، بەڵکو ئابووریی، ئایندە و خۆشگوزەرانیی ئێمەشی کردە ئامانج. ساڵانێکی زۆر ئەو تریلیۆنان دۆلارەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان کرا، بووە بەربەست لەبەردەم ئەو وەبەرهێنانانەی لە پێناو داهاتووماندا لە بوارەکانی وزە، پەروەردە، تەندروستیی، گواستنەوە، پیشەسازی و تەکنەلۆجیادا ئەنجام دەدران. وەک چۆن سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی پێکرد کاتێک ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەدیدێت، براوەی سەرەکی تەواوی گەلەکەمان بە ٨٦ ملیۆن هاووڵاتییەوە و هەموو وڵاتەکەمان دەبێت".