Talha Koca
13 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2026
ئەفسەری پۆلیس، عەبدولحەکیم ئایدن کە لە یەکەم هێرشی ئاسمانییدا بۆ سەر پەرلەمانی تورکیا لە کاتی هەوڵی کودەتاكهی ١٥ی تەمووزی فەتۆدا برینداربوو، سەرەڕای بوونی پارچە لە چاویدا کە ناتوانرێت دەربهێنرێت، ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە لە ئەرکەکەی.
عەبدولحەکیم ئایدن کە لە ساڵی ٢٠١١دا لە ئیستانبوڵ دەستی بە کارەکەی کردووه، لە دووهەم شوێنی ئەرکەکەیدا لە ئەنقەرە و لە کاتی هەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووزی فەتۆدا، لە یەکەم هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر پەرلەمانی تورکیا برینداربوو.ئەو پارچەیهی بەر چاوی ڕاستی ئایدن کەوتووه، نەتوانرا بە نەشتەرگەری دەربهێنرێت.
ئایدن سەرەڕای ئەو کێشە تەندروستییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە وازی لە کارەکەی نەهێناوە و ماوەی ١٠ ساڵە بهو شێوهیه بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی شوێنی ڕووداوی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەرزهڕوم.
عەبدولحەکیم ئایدن، كه خەڵکی پارێزگای ئەرزهڕومه، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، باسی لەو ڕووداوانە کرد کە لە شەوی کودەتاکەدا بەسەری هاتووه.

ئایدن ئاماژەی بهوه کرد دوای گەڕانەوەی لە بازاڕ لەگەڵ خێزانەکەیدا پاش دەوامی فەڕمی ڕۆژانە، بە تەلەفۆن لهلایهن سەرپەرشتیارانیهوه لە هەوڵی کودەتاکە ئاگادار كراوهتهوه و پاش ئامادەکاری ڕووی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە و، گوتی: "لە کاتی چوونمان بۆ سەر ئەرکەکە، سەرجەم ڕێگاکانمان تاقیکردەوە. ویستمان لە سهیەوە تێپەڕین، تانکەکان ڕێگەیان داخستبوو. کاتێک لەگەڵ بەرپرسەکانم قسەم کرد، تێگەیشتین دەروازەکانی چانکایا و دیکمەن بە تانک داخراون، بۆمان دەرکەوت گونجاوترین شوێن بۆ چوونە ژوورەوەمان دەروازەی ئایرانجیە کە بارەکانی لێوە دەبرێنە ژوورەوە، ئێمەیان ئاڕاستەی ئەوێ کرد و لەوێوە چووینە ژوورەوە".
بە ئاماژەکردن بەوەی لە قۆناغی یەکەمدا بە خێزانەکەی نەگوتووە کە بریندار بووە، ئایدن گوتی: "هاوسەرەکەم کاتێک هاتە ژوورەوە بینی بریندار بووم. غازی بوون ناسناوێکی پڕ لە شانازییە. کاتێک خوشک و برایانمان دەبینم کە جەستەیان پارچەپارچە بووە و بەردەوامن لە کارەکانیان، گوتم ئەگەر بەردەوام نەبم لە کارەکەم شەرم دەکەم، لەبەر ئەم باوەڕە بەردەوامم. کارەکەمم خۆشدەوێت و پشتیوان به خودا تا بتوانم بەردەوام دەبم".
ئایدن ئهوهیشی خستهڕوو كه دوای برینداربوونی سێ نەشتەرگەری بۆ چاو و ئەو گوێیەی زۆرترین زیانی بهركهوتووه ئەنجامدراوە و سەرگێژخواردنی ههیه و بهردهوام چارەسەر وهردهگرێت.