سياسەت, اخبار تجزیه و تحلیل, عێراق

"کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە نەینەوا پێویستی بە ھەماھەنگی پێشمەرگە و ھێزە عیراقییەکان ھەیە"

شێروان دووبه‌ردانى: "ناوچەیەکی بەرفراوان لە رۆژئاوا و باشووری نەینەوا کە ھێزی ئەمنیی تیایدا زۆر کەمە یان ھەر نییە، لەلایەن داعش کۆنترۆڵ کراوە. ساترێک لەو ناوچانەدا ھەیە، پێشەوەی لە کۆنترۆڵی حکوومەت دایە و پاش ساترەکەیش لە کونترۆڵی داعش دایە"

16.06.2020
"کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە نەینەوا پێویستی بە ھەماھەنگی پێشمەرگە و ھێزە عیراقییەکان ھەیە"

Duhok

دهۆك - AA

دوای ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا لە دەستی رێکخراوی تیروریستیی داعش لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، دووبارە شانە نووستووەکانی داعش لەو پارێزگایە سەرھەڵدەدەن و ناوچەیەکی بەرفراوان لە باشوور و رۆژئاوای نەینەوایان کۆنترۆڵکردووە و رۆژانە چالاکی چەکداری ئەنجام دەدەن.

بەگوتەی نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێرا ق، شێروان دووبه‌ردانى کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵەکانی داعش پێویستی بە ھەماھەنگی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عیراقییەکان و گەڕانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە.

شێروان دووبه‌ردانى لە بارەی رەوشی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا قسەی بو ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "ره‌وشى ئه‌منیی له‌ شارى مووسڵ زۆر باشه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ تایبه‌ت ئاسایشى نیشتمانیی و هه‌واڵگرى له‌ رێى كامێراى چاودێرییەوە چاودێرى شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ چه‌كداره‌كانى داعش له‌ شانه‌ نووستووه‌كان ده‌ستگیر ده‌كه‌ن كه‌ له‌ئێستادا، به‌ سه‌دان ناوى چه‌كدارانى داعش به‌ وێنه‌ و هه‌موو زانیارییه‌كانیانه‌وه‌ له‌ به‌رده‌ستى هه‌واڵگرى عێراق دان و رۆژانه‌ به‌ دوایاندا ده‌گه‌ڕێن و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن".

نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێرا ق، شێروان دووبه‌ردانى لەبارەی ئەو ناوچانەی کە داعش جموجۆڵی تیایدا ھەیە گوتی: "ناوچەیەکی بەرفراوان لە رۆژئاوا و باشووری نەینەوا کە ھێزی ئەمنیی تیایدا زۆر کەمە یان ھەر نییە، لەلایەن داعش کۆنترۆڵ کراوە. ساترێک لەو ناوچانەدا ھەیە، پێشەوەی لە کۆنترۆڵی حکوومەت دایە و پاش ساترەکەیش لە کونترۆڵی داعش دایە و قەدەغەیە ھاووڵاتییان بچنە پاش ساترەکە و پێش چەند رۆژێک ھێزەکانی عیراق کەسێکیان دەستگیر کرد کە بەنزین و پێداویستییەکانی بۆ داعش دەبردە ئەو بەر".

شێروان دووبه‌ردانى لە بارەی رۆڵی ھاوپەیمانان گوتی: "ئێمه‌ وه‌كو كورد و سوننه‌ هه‌ڵوێستمان دیاره‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بووین كه‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق بمێننەوە و ئه‌م جموجۆڵه‌ى داعشیش دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق هات و به‌ پێویستی ده‌زانین كه‌ ئێستاش هه‌ماهه‌نگى بكرێت و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونیان هه‌بێت، ئه‌وان‌ زۆر هاوكارى هێزه‌ عێراقییه‌كانیان ده‌كرد به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌نى چاودێرى و پێدانى زانیاریی هه‌واڵگری چونكه‌ ئه‌و پێداویستییه‌ پێشكه‌وتووانه‌ى سوپا كه‌ ئه‌وان له‌ به‌رده‌ستیان هه‌یه‌ هێزه‌كانى عێراقى نییانه".

نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێرا ق، شێروان دووبه‌ردانى باسی لەوەیش کرد "دوای کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مووسڵ شانە نووستووەکانی داعش زیاتر دەرفەتی جموجۆڵیان بۆ رەخسا و توانای ئەوەیان بۆ دروست بوو کە زیاتر چالاکی چەکداریی ئەنجام بدەن و ئێستا داعش ھاوکاری دارایی لە چەند سەرچاوەیەک وەردەگرێت کە یەکێک لە سەرچاوەکان وەرگرتنی باجە لە جووتیار و خەڵکی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کونترۆڵی ئەواندان و هەڕەشە لە ھاووڵاتییان دەکات ئەگەر پارەیان پێ نەدات گەنمەکانیان دەسووتێنن یان ئەندامەکانی خێزانیان دەکوژن و زانیاری ئەوەمان ھەبوو کە پێش چەند رۆژێک داعش چەند دانەی لە جورێکی پێک ئاپی گرانبەھایان کڕیەوە بۆ کردەوەی چەکداری، ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی داعش پارەی بە دەست دەگات".

شێروان دووبەردانی ئاماژە بەوەیش دەکات کە، "لەوخەتەی ئیستراتیجیی کە لە مووسڵ بۆ سەڵاحەددین و بۆ کەرکووک و بۆ دیالە دەچێت و لە چیای حەمرین، داعش جموجۆڵی ھەیە و رۆژانە ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی ئەمنیی عێراق و لەسەر گوندەکانی ناوچەکە کە زانیارییان بۆ دەچێت کە کەسێک لە ھێزەکانی پۆلیسە یان لەشکەری عێراق یان حەشدی شەعبی یان موختارێک کە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان ھەبێت لە سێدارەی دەدەن".

نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێرا ق، شێروان دووبه‌ردانى گوتیشی: "گەندەڵی لەناو ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بووەتە یەکێک لە ھۆکارەکان کە داعش جموجۆڵی زیادبێت، چونکە بوون و بەرپەرچدانەوەی ھێزەکانی عێراق بەرامبەر داعش لە ئاستی پێویستدا نییە لە زۆریەک لە ناوچەکان دەبینین کە پێویست دەکات ھێزی عێراقی ھەبێت، بەڵام ھیچ ھێزێک لەوێ نییە ئەمەیش دەبێتە ھۆکار کە داعش زۆرتر جموجۆڵ و چالاکی ئەنجام بدەن".

نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێرا ق، شێروان دووبه‌ردانى لەبارەی بوونی خێزانەکانی چەکدارانی داعش لەنێو چەند کەمپێکی سنووری پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوە دا "ئەو خێزانانەی کە لە کەمپەکانی باشووری نەینەوا بوونیان ھەیە مەترسی دروست دەکەن لەسەر رەوشی ئەمنیی مووسڵ و دوایین تەقینەوە لە مووسڵ کە تەقینەوەی ماتورسیکلێک بوو لە نزیک زانکوی مووسڵ دیار بوو کە خێزانی یەکێک لە چەکدارەکانی داعش ئەو کارەی کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ شانە نووستووەکانی داعش ھەبووە و زۆریەک لەو ژنانەی کە لە کەمپەکاندا ھەن، پەیوەندییان لەگەڵ ھاوسەرەکانیان یان برا و کەسوکاریان ھەیە لەنێو چەکدارەکانی داعش کە ئێستا چالاکی چەکداریی ئەنجام دەدەن و پارە و خوراکیان بۆ دەبەن".

شێروان دووبه‌ردانى لە کوتایی قسەکانیدا باسی لە ھەماھەنگی ھێزەکانی عێراق و ھێزی پێشمەرگە کرد و گوتی: "ئێمە بە پێویستی دەزانین و چاوەڕوانین کە ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ھەماھەنگییەک دروست بکەن بۆ ئەوەی بەتەواوی کۆنترۆڵی جموجۆلەکانی چەکدارانی داعش بکەن و سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقیش قسەکانی بۆ ئەوە دەچن کە لە ھەوڵی دروستکردنی ھەماھەنگییەکدایە لەو شێوەیە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın