سياسەت, اخبار تجزیه و تحلیل, عێراق

عێراق.. ململانێیەکان لەسەر وەقفە ئایینییەكانی مووسڵ

- ململانێی نێوان دیوانەکانی وەقفی سوننی و شیعی لەسەر خاوەندارێتی چەند شوێنێکی ئایینی لە مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، سەریهەڵداوەتەوە و شارەزایان ئەو ململانێیە بە مەترسی لەقەڵەم دەدەن لە دووبارە سەر‌هەڵدانەوەی توندوتیژی تاییفی لە عێراق.

Zana Natık Kerem   | 22.08.2019
عێراق.. ململانێیەکان لەسەر وەقفە ئایینییەكانی مووسڵ

Iraq

نەینەوا ــ AA

ململانێی نێوان دیوانەکانی وەقفی سوننی و شیعی لەسەر خاوەندارێتی چەند شوێنێکی ئایینی لە مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا سەریهەڵداوەتەوە و شارەزایان ئەو ململانێیە بە مەترسی لەقەڵەم دەدەن لە دووبارە سەر‌هەڵدانەوەی توندوتیژی تاییفی لە عێراق.

دیوانی وەقفی شیعی داوا دەكات خاوەندارێتی دەیان شوێنی ئایینی و موڵكەكانی سەربە وەقفی سوننی لە مووسڵ بكرێن بەناوی دیوانی وەقفی شیعی-یەوە و لە بەرامبەردا، دیوانی وەقفی سوننی رەتی دەكاتەوە دەستبەرداری هیچ موڵكێكی بێت لە مووسڵ.

هاوكات شارەزایان وای بۆ دەچن كە ململانێیەكانی نێوان دیوانەکانی وەقفی سوننی و شیعی لەسەر شوێنە ئاینییەكان لە مووسڵ، مەترسییە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی تاییفی لە عێراق.

هەر چەندە دیوانی وەقفی شیعی لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠دا داوای كردبوو كە موڵكەكانی سەربە دیوانی وەقفی سوننی بکرێن بەناو خۆیەوە، بەڵام داواكەی سەرکەوتوونەبوو و جارێكی دیكە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە مانگی تەمووزی ٢٠١٧دا هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەوە گەڕ.

ناكۆكییەكان لەسەر شوێنە ئاینییەكان لە عێراق بە تایبەتی لە مووسڵ لە دوای ٢٠٠٣وە سەری هەڵدا، کاتێک وەزارەتی ئەوقاف كە كاروباری سەرجەم ئایین و مەزهەبەكانی بەرێوەدەبرد هەڵوەشێندرایەوە و لە بری ئەو دیوانەکانی وەقفی شیعی و سوننی لەگەڵ وەقفی ئایینەکانی دیكە دامەزرێندرا.

پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە كە دیوانی وەقفی شیعی هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی موڵکەکانی مزگەوتەکانی نەبی یونس كە لە لایەن داعشەوە تەقێندرایەوە و مووسڵی گەورە كە لەئێستادا بنیاتدەنرێتەوە لەگەڵ گۆڕەپانی یەکێک لە گرتووخانە كە سەرجەمیان سەربە دیوانی وەقفی سوننین بیانكات بەناو خۆیەوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر لقی بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرە لە عێراق لە نەینەوا رایگەیاندبوو كە بەڕێوەبەرایەتییەكان رەتیكردووەتەوە موڵكی هیچ شوێنێكی ئایینی لە مووسڵ بکات بەناو دیوانی وەقفی شیعی-یەوە.

هاوكات بەپێی نووسرێك كە لە لایەن دیوانی وەقفی سوننی-یە لە نەینەوا بڵاوكراوەتەوە تیادا ئاماژە بەوەكراوە كە لە ساڵی رابردوودا، دیوانی وەقفی شیعی هەوڵی داوە دەست بگرێت بەسەر ١٧ شوێنی ئایینی لە ناوچەی كۆندا و بیانكات بەناو خۆیەوە كە سەرجەمیان سەربە دیوانی وەقفی سوننین.

شوێنەکان بریتیین لە؛ "مەزارگەكانی یەحیا بن قاسم بن حەسەن بن عەلی، حامد مەحمود بن حەسەن بن عەلی، عەلی ئەسغەر، عەباس بن عەلی، عەلی هادی بن محەمەد جەواد، عەبدولموحسن بن حەسەن بن عەلی، عەبدولرەحمان بن حەسەن، فاتیمەی كچی حوسێن بن عەلی، ئوم كولسوم، كچانی حەسەن بن عەلی، نەفسیە كچی حوسێن، شاز زنان هاوسەری حوسێن، عەونەددین بن حەسەن، زەید بن عەلی، عەلی كوڕی ئەبی تاڵب، عەلی ئەسغەر بن محەمەد حەنەفیە و باهر بن حوسێن بن عەلی".

هاوكات نوێژخوێنان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە ئەو سەرجەم ئەو شوێنە ئاینییانە سەربە دیوانی وەقفی سوننین بەو پێیەی كەوتوونەتە ناوچە سوننەنشینەكانەوە، هەروەها دیوانی وەقفی سوننی جەخت دەكاتەوە كە بەڵگەی سەڵمێندراوی هەیە كە ئەو خاوەنی ئەو شوێنانەیە.

دیوانی وەقفی شیعی تەنها لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانە ناوی ئالی بەیتی پێغەمبەریان هەڵگرتووە داوا دەكات بكرێن بەناو دیوانی وەقفی شیعی-یەوە.

لە میانی ئەمساڵدا، دیوانی وەقفی شیعی نووسراوێكی ئاراستەی دیوانی وەقفی سوننی لە نەینەوا كردووە تیادا داوای لێ دەكات دەستبەرداری بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە بێت.

ــ بۆ راگرتنی ئەو داواییەی دیوانی وەقفی شیعی داوایەك ئاراستەی حكوومەتی فیدرال دەكرێت

بەڕێوەبەری دیوانی وەقفی سوننی لە نەینەوا، ئەبو بەكر كەنعان لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە دیوانی وەقفی شیعی سەرپێچی بڕیارە فەرمییەكانی كردووە سەبارەت بە شوێنە ئایینییەكان لە مووسڵ لەوانە؛ بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ راگرتنی سەرجەم رێكارەكانی بەناوكردنی موڵکەكان لە نێوان هەردوو دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وەقفی سوننی، تا ئەو كاتەی بڕیارێك لەوبارەیەوە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەردەكرێت.

ئەبو بەكر كەنعان گوتی: "ململانێیەکان لە ٢٠٠٨دا لەسەر بەناوكردنی شوێنە ئایینییەكان بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران یەكلایی كرابوویەوە كە بەپێی بڕیارەكە هەر موڵكێكی ئایینی بەناو دیوانی وەقفی سوننی-یەوە بێت ئەوا هەر بە موڵكی ئەو دەمێنێتەوە و ئەگەر بەناو دیوانی وەقفی شیعی-یەوە بێت ئەوا هەر بە موڵكی ئەو دەمێنێتەوە".

بەڕێوەبەری دیوانی وەقفی سوننی لە نەینەوا داوای لە حكوومەتی فیدرال كرد لەوەی بێتە سەر هێڵ و رێگە نەدات دیوانی وەقفی شیعی دەست بگرێت بەسەر موڵەكانی دیوانی وەقفی سوننی لە مووسڵ و باسی لەوەیشكرد كە گرنگە پشت بە بنەماكانی مەزهەبی ببەسترێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆییەكان لەسەر موڵەكان لە نێوان دیوانی وەقفی سوننی و دیوانی وەقفی شیعی.

ــ دیوانی وەقفی شیعی هەوڵی دەستبەرداگرتنی موڵكەكان لە نەینەوا رەت دەكاتەوە

دیوانی وەقفی شیعی رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات، بەڵام تەنها راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا رەتیكردووەتەوە كە هەوڵی دابێت دەستبگرێت بەسەر موڵكەكاندا لە نەینەوا.

لە راگەیەندراوەكەیدا كە مانگی رابردوو بڵاوكردبوویەوە دیوانی وەقفی شیعی ئاماژەی بەوەكردووە ئەو دەنگۆیانەی كە هەندێك لایەنی سیاسی و راگەیاندنەكان لەوبارەیەوە بڵاویانكردووەتەوە، تەنها موزایەدەی سیاسی و پڕوپاگەندەن.

لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، دادگای عێراق لەسەر سكاڵایەك كە لە لایەن دیوانی وەقفی شیعی-یەوە تۆماركرابوو، سزای زیندانیكردنی سێ ساڵی بۆ پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، ئەسیل نوجێفی دەركرد دوای ئەوەی ناوبراو داوایەكی دیوانی وەقفی شیعی رەتكردەوە كە لە ٢٠١٠دا ئاراستەی فەرمانگی تۆماركردنی خانووبەرە كرابوو و تیادا داوایكرابوو موڵكی ٢٠ شوێنی ئایینی لە ناوچەی كۆن بكرێن بە ناوی دیوانی وەقفی شیعی-یەوە.

ــ ئامانجەكانی سیاسی و ئابووری

چالاكوانی سیاسی لە مووسڵ، غانم عابد هۆشداری دا لە بەردەوامی هەوڵەكانی دیوانی وەقفی شیعی بۆ دەستبەرداگرتنی شوێنە ئایینییەكان لە شارەكەدا.

غانم عابد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی راستەقینە لە هەوڵەكانی دیوانی وەقفی شیعی بۆ دەستبەرداگرتنی شوێنە ئایینییەكان لە مووسڵ، سیاسی و ئابوورییە".

چالاكوانی سیاسی لە مووسڵ، غانم عابد گوتیشی: "دیوانی وەقفی شیعی نایەوێت تەنها دەست بگرێت بەسەر مزگەوتەكاندا، بەڵكو هەوڵدەدات دەست بگرێت بەسەر چەند ناوچەیەكی بارزگانی لەناوجەرگەی مووسڵدا بۆ ئەوەی داهاتی دارایی دەست بكەوێت، ئەمە وێرای ئەو پارە زۆرەی كە بۆ بوودجەی دیوانی وەقفی شیعی تەرخانكراوە بێ‌ ئەوەی هیچ پارەیەك بۆ بوودجەی دیوانی وەقفی سوننی، تەرخان بكرێت".

ناوبراو هەندێك لایەنی لە بەغدا بەوە تۆمەتباركرد كە پاڵپشتی لە هەوڵەكانی دیوانی وەقفی شیعی دەكەن بۆ دەستبەرداگرتنی شوێنە ئایینییەكانی مووسڵ.

ــ فەرمانەكانی ئێران

فرۆشیارێكی جلوبەرگ لە ناوچەی باب سەرای بەناوی عومەر مەحمود ماوەی ٣٧ ساڵە كرێی دوكانەكەی دەدات بە فەرمانگەی ئەوقافی گشتی سەربە دیوانی وەقفی سوننی.

عومەر مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مانگی رابردوو ژمارەیەك چەكداری ریشدار كە جلوبەرگی سەربازییان پۆشیبوو ئاگاداریان كردینەوە كە موڵكی دوكانەكانی بازاڕی باب سەرای كراون بە ناو دیوانی وەقفی شیعی-یەوە و دەبێت كرێی دوكانەكان بدرێن بە دیوانی وەقفی شیعی، ئەگەر نا ئەوا دوكانەكانمان لێ دەسەننەوە و لە بازاڕەكەشدا دەرمان دەكەن".

لای خۆیەوە گوتاربێژی پێشووی مزگەوتی نەبی یونس، محەمەد شەمماع دیوانی وەقفی شیعی و گرووپە چەكدارەكانی سەربە حەشدی شەعبی بەوە تۆمەتباركرد كە هەوڵدەدەن دەستبگرن بەسەر سەرجەم ناوچەكانی مووسڵ نەك تەنها شوێنە ئایینی و مزگەوتەكان.

محەمەد شەمماع بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیوانی وەقفی شیعی و گرووپەكانی سەربە حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی لایەنێكی سیاسی كە فەرمانەكانی ئێران جێبەجێ دەكات هەوڵدەدەن دەستبگرن بەسەر سەرجەم شوێنە ئایینی و مزگەوتەكانی مووسڵ".

گوتاربێژی پێشووی مزگەوتی نەبی یونس، محەمەد شەمماع گوتیشی: "بە گوتەی بەرپرسێكی شیعە، موڵكی دیوانی وەقفی شیعی لە عێراق چوار لەسەدا تێپەڕناكات، بۆیە دیوانی وەقفی شیعی هەوڵدەدات لە رێگەی دەستبەسەرداگرتنی موڵەكانی دیوانی وەقفی سوننی لە مووسڵ موڵەكانی زیاد بكات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە دیوانی وەقفی شیعی هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر موڵەكانی دیوانی وەقفی سوننی لە ناوچەی مووسڵی كۆن، بۆ ئەوەی دیموگرافیای ناوچەكە بۆ بەرژەوەندی شیعە بگۆرێت".

پێشتر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشكی پارێزگای نەینەوا رایانگەیاندبوو كە هەندێك لایەن هەوڵدەدەن خانووبەرە لە شاری مووسڵ بكڕن كە ئەوەیش جێگەی گومانە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın