اخبار تجزیه و تحلیل

بەغدا بەدواداچوون بۆ بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم دەکات

لیژنەیەکی حکوومەتی عێراق بەدواداچوون بۆ بەفەرمی ناساندنی چوار دەروازەی نافەرمی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەکات،بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت سەردانی ئەو دەروازانە دەکات و راپۆرتی کۆتایی خۆی لەو بارەیەوە ئاراستەی حکوومەتی فیدڕال دەکات

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 07.04.2019
بەغدا بەدواداچوون بۆ بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم دەکات

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەمڕۆ لیژنەیەکی حکوومەتی عێراق بۆ بەدواداچوونی کاری بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوێنەرایەتی ١٢ وەزارەت دەکەن، سەردانی دەروازەی سەیران بەن لە سنوری قەزای پێنجوێن ( لە دووری ٩٦ کلم لە باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی ) یان کرد و لە نزیکەوە لە کاروباری دەروازەکەیان کۆڵییەوە.

سەرۆکی لیژنەکە، شاکر جبوری لەو بارەیەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوا و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردانی پێشوویاندا کە ساڵی رابردوو ئەنجامیاندا بە راپۆرتێک لایەنی حکوومەتیان لە تێبینی و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان و پێشنیار و راسپاردەکان ئاگادار کردووەتەوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە سەردانی دەروازە سنوورییەکان دەکەنەوە بۆ دیاری کردنی رێگاچارە و دواین گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونەکان لەو دەروازانەدا.

جبوری گوتیشی: "ئەوەی بینیمان ھیچ راسپاردەیەک جێبەجێ نەکراوە و چارەسەری بۆ نەکراوە لە لایەن ئیدارەی ئەو دەروازەیەوە، ئەوەش وەک خۆیان دەڵێن بەھۆی بەفەرمی نەناساندنی دەروازەکەوەیە لە لایەن حکومەتی فیدڕالییەوە، ئێمە ئەمە دەگوازینەوە و بە راپۆرتێک حکوومەتی ناوەندی لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوان بڕیاری کۆتایی دەدەن".

نوێنەرەکەی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایە دەبێت کە دەروازەکە دەکەوێتە سنوورییەوە.

لای خۆیەوە نوێنەری ھەرێمی کوردستان بۆ بە بەفەرمی کردنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ ئێران، سالار عەبدوڵڵا گوتی: "دوای ئەوەی لیژنەکە سەردانی دەروازەکەیان کرد بۆیان دەرکەوت ھیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا و ھیچ گەشەیەکی نەکردووە، ئێمەش ھۆکارەکەیمان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە تا حکوومەتی فیدڕالی رەزامەندی نەدات لەسەر بەفەرمی ناساندی دەروازەکە ئەوا حکوومەتی ھەرێم ناتوانێت بوودجە و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حکوومەتی فیدڕالی دڵنیایی بدات لەسەر بەفەرمی کردنەوەی دەروازەکە تا حکوومەتی ھەرێم بوودجە و پارەی پێویست بۆ دەروازەکە دابین بکات".

ساڵار عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین کە رووبەری دەروازەکە گەورە بکەین بۆ نزیکەی ١٠٠ دۆنم زەوی، بەڵام ھەموو کارەکان دەوستێتەوە سەر ئەوەی حکوومەتی ناوەند رەزامەندی دەدات لەسەر بەفەرمی ناساندنی دەروازەکە یان نا، ئەم لیژنەیەش راپۆرتی کۆتایی خۆی دەگەیەنێتەوە حکوومەت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی".

نوێنەری ھەرێمی کوردستان بۆ بە بەفەرمی کردنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی دەروازە سنوورییەکانی ئێران کۆبوونەوەیان کردووە و ئەوان لای خۆیانەوە ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ بەفەرمی ناساندنی دەروازەکە وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی.

ماوەی ساڵێکە لیژنەیەکی حکوومەتی فیدڕالی عێراق دەستی بە رێوشوێنی بەفەرمی ناساندنی مەرزەکانی کێلێ و سەیران بەن لە سنووری پارێزای سلێمان ، شۆشمێ و پشتە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کردووە و راپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە بۆ حکوومەتی عێراق بەرز کردووەتەوە.

لەسەردانی ئەمجارەشدا لیژنەکە ماوەی چەند رۆژێک دەمێنێتەوە و ھەر چوار دەروازەکە بەسەر دەکەنەوە و راپۆرتی کۆتایی خۆیان بۆ حکوومەتی ناوەندی بەرز دەکەنەوە بۆ بڕیاردان لەوەی ئەو دەروازانە بکرێنە دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتی، یان وەک خۆیان بمێننەوە کە لە ئێستادا دەروازەی بازرگانین.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın