شیکردنەوە, عێراق

ئاستەنگی دەرکردنی هێزە چەکدارەکان لە رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال

رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، رەنگە سەرەتایەک بێت بۆ دەرکردنی هێزە چەکدارەکان لە هەندێک ناوچە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.

Heman Hussein Yaseen, Fakhradin Ibrahim   | 13.10.2020
ئاستەنگی دەرکردنی هێزە چەکدارەکان لە رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال

Arbil

هەولێر - AA

ئەگەرچی ھێشتا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان ھەڵنەدراونەتەوە و چەندین ژن و منداڵی ئێزدی چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، ژمارەیەکی زۆریش لە کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن و بەھۆی بوونی مەترسیی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، رەنگە سەرەتایەک بێت بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ناوچەکە و گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی شنگال بۆ زێدی خۆیان.

بەرلە ٣ی ئابی ٢٠١٤، قەزای شنگال وەک ھەر قەزایەکی دیکە، دامودەزگای فەرمیی حکوومەتی لێ بوو، خەڵک بە ئاسایی خەریکی ژیان و گوزەرانی خۆیان بوون و لە بەرەبەیانی سێی ئابدا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزاکە و لەسەرەتاشدا، زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کەس دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ بوون و تەنھا لە گوندی کۆجۆ ٤٠٠ پیاوی گوندەکە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژران. 

هێرشی داعش بۆ سەر شنگال

رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ و لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ئەکاتی عێراق، نوری مالیکی، تیرۆریستانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ھێنا و شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد.

دوو مانگ دواتر و لە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و بەمھۆیەوە زیاتر لە ٣٦٠ ھەزار ئێزدی ئاوارەبوون، ٦٧ مەزاری ئێزدیان تەقێندرانەوە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئێزدی ئاوارەی دنیا بوون، تا ئێستا توانراوە نزیکەی دوو ھەزار و ٢٢٥ ژن و کچ، ھەزار و ٢٨٤ پیاو رزگار بکرێن و نزیکەی ھەزار و ٣٢٣ ژن و ھەزار و ٦٨٦ پیاویش چارەنووسیان نادیارە.

تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان لە کەمپەکان ژیان بەسەردەبەن و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و ھۆکارەکەیشی وەک خۆیان دەڵێن نەبوونی ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزارییە لە ناوچەکەدا و چاوەڕوان دەکرێت ئەم رێککەوتنە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی ھاووڵاتییانی سڤیل بۆ قەزای شنگال و دانانەوەی دامودەزگا فەرمییەکانی ئەم قەزایە.

رفاندنی زیاتر لە سێ ھەزار کچ و ژن و منداڵ و جیاکردنەوەی رەگەزی مێیینە لە رەگەزی نێرینە و دواتر کوشتنیان، رۆژانە وەک چالاکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکە بڵاودەکرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەنجامی برسییەتی و تینوویەتی لە میانی هەوڵدان بۆ خۆڕزگارکردندا لەدەست تیرۆریستانی داعش، زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە پیر و ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا.

لە ئەنجامی ئەم پەلامارە، جگە لە کوشتن و بڕین و زیندەبەچاڵکردنی ھاووڵاتییانی سڤیلی ئێزدی، زیاتر لە ٦٧ پەرستگا و شوێنی ئایینی خاپوورکران کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەھا ساڵ پێش ئێستا. 

ئازادکردنی شنگال بە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان

دوای مانەوەی ١٥ مانگ لە قەزای شنگال، رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ھێزەکانی پێشمەرگە، بە بەشداری حەوت ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەخۆی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەستپێکرد و لە میانی شەو و رۆژێکدا، شنگال کۆنترۆڵکرایەوە و قەزاکە لە تیرۆریستانی داعش پاککرایەوە و دواتر مەسعود بارزانی لەسەر چیای شنگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئازادکردنی شارەکەی راگەیاند.

ھاوکات چەند رۆژێک دوای ئازادکردنی شنگال لە چنگ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پەکەکە لە چوارچێوەی چەند گرووپ و رێکخراوێکی چەکداری لە شنگال جێگیربوو، ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە ئێزدییەکان و حکوومەتی ھەرێم و عێراقیشی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٤ی ئازاری ٢٠١٧ بەھۆی خۆپێشاندانی ھاووڵاتییانی سڤیل و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە کۆمەڵگای خانەسۆری سەربە شارەدێی سنوونێ سنووری قەزای شنگال، ھاووڵاتییەک کوژرا و دوای ئەو رووداوەش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی پێنج خاڵیدا، پەکەکەی بە ھۆکاری رووداوەکە زانی و جەختی لەوەکردەوە کە پەکەکە بە ھەموو شێوەیەک دەیەوێت بەریەککەوتن رووبدات، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نایەوێت ھیچ ئاڵۆزییەک رووبدات.

رۆژێک دوای رووداوەکە، گوتەبێژی کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "چەند گفتوگۆیەکی بەردەوام ھەیە لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەگشتی لەبارەی سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانە و ناوچەکانی دیکە کە ھاوسنووری سووریان و لەژێر کۆنترۆڵی داعش رزگارکراون، ئێمە بە گشتی نیگەرانین لەبارەی رەوشی دەورووبەری شنگال لە دەورووبەری رۆژئاوای نەینەوا".

رۆژی ١٧ ئازاری ٢٠١٧، سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەگەڵ میری ئێزدییان، میر تەحسین بەگ کۆبووەوە و رایگەیاند کە تا ھێزی نایاسایی لە شنگال ھەبێت ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەنین یارمەتی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال بدەن. 

هێزە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بوونە سەرئێشەی دوای داعش بۆ خەڵکی شنگال

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا چەند جارێک ھاووڵاتییانی شنگال گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان دژبە گرووپە چەکدارەکانی نێو شنگال ئەنجامدا و داوای چوونە دەرەوەی ھەموو گرووپێکی نایاساییان دەکرد و لە مانگی ئازاریشدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیس نەواف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە گرووپی چەکداری پەکەکە بەھیچ شێوەیەک لەلایەن ئیدارەی شنگال و ھاووڵاتییانی شارەکە قبووڵکراو نییە و قبووڵکراویش نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و ئیدارەی قەزای شنگال بە ھەماھەنگی ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعی قەزای شنگال بگەڕێتەوە سەر کارەکانی لە شنگال و پەکەکە و حەشدی شەعبی لە تەواوی ئەو دامودەزگا حکومییانەی کە تاکڕەوانە دەستیان بەسەرداگرتووە دەربکرێن، ھاوکات فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون لەلایەن سوپای تورکیا بۆسەر پەکەکە/یەپەگە لە عەفرین، چەکدارانی پەکەکە لە شنگال دەستیان بە گواستنەوەی ژن، منداڵ و گەنجانی ئێزدی کرد بۆ عەفرین و ھەر کوردێکی ئیزدی داواکارییەکانی پەکەکە رەت بکردایەوە گولـلەباران دەکرا و بە حوکمی چەک لە شەڕدا بەکارهێنا، ھەر بەو ھۆیەوە تا ئێستا گەنجێک کوژراوە و دووی دیکەش بریندار کراون.

ھەر ئەوکات بەرپرسی لقی ١٧ شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، قادر قەچاخ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو کە "ژمارەی کەسە رفێندراوەکانی ژێر دەستی چەکدارانی پەکەکە لە سەرەتای جێگیربوونیان لە شنگال و دەوروبەری تا ئێستا گەیشتووەتە سێ ھەزار کەس، رفێندراوان منداڵ و نەوجەوانان و بەشی ھەرە زۆریان کوردی ئێزدین و ژمارەیەک موسڵمانیشیان لەگەڵدایە لە رەگەزی نێر و مێ پێکدێن، رێگەش نەدراوە کەسوکاری رفێندراوان بۆ جارێکیش چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت".

لە پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا و لە ٣ی ئابی ٢٠١٩دا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە ئەوان لە خەم و ژانی ئێزدییەکان تێدەگەن و دووپاتیشکردەوە کە ئێزدیانی، شنگال، لالش و شەرفەددین لە کوردستان جیانابنەوە. داوای ئاوەدانکردنەوەی شنگالیشی کرد و راشیگەیاند کە نابێت ھیچ گرووپ و حزبێک، ببێتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکەکەی و پێویستە ناوچەکە سەقامگیر بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست دابین بکرێت و لە شەشەمین ساڵیادیشدا رایگەیاند کە شنگال کراوەتە مۆڵگەی چەکدارانی نایاسایی کە بێباکانە لەسەر برین و خەمی ئێزدییان خەریکی بەڕێوەبردنی ئەجێندا و بەرنامەی سیاسیانن.

ھاوکات بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی شنگال، سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند کە پێویستە کۆتایی بەم بارودۆخە ناسروشتییەی شنگال بھێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەکانی و پێویست دەکات رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر کە چیتر کارەسات و زوڵم و تاوان دژبە ئێزیدییەکان و پێکھاتەکانی تر دووبارە نەبێتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان رایگەیاند کە نابێت ھیچ ھێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال بمێنن و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال، ھەماھەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە. 

هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەرکردنی هێزە چەکدارەکان

سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، میر عیسمەت بەگ لەبری میری ئێزدییان، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بە گشتی رەوشی ئێزدییەکان باش نییە و ئەگەر خەڵک جارێک رەوشی باش نەبێت، ئەوا ئێزدییەکان دووجار، چونکە دوای پەلامارەکانی داعش، ئێزدییەکان زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێھێشتووە، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق دۆخەکە کەمێک ئاسایی بووەتەوە و بەشێکی زۆری عەرەبەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئێزدییەکان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بەتایبەت خەڵکی شنگال، چونکە ژیان لە شنگال لەژێر مەترسیدایە و ھەندێک چەکدار لەوێ ھەن و بووەنەتە ھۆی تێکدانی دۆخەکە و داوا دەکەین شنگال چۆڵ بکەن و شنگال بکەوێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەت شنگال، لەگەڵ جێگری پارێزگاری نەینەوا و قایمقامی شنگال کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر جێگری پارێزگاری نەینەوا، سیروان رۆژبەیانی رایگەیاند کە ئێستا لەناو شنگال ئیدارەیەکی ناشەرعی ھەیە و ئەوان وەک حکوومەتی خۆجێی مامەڵەی لەگەڵ ناکەن، لەبەر ئەوەی ئەو ئیدارەیە سەپێندراوە و جەختیشی کردەوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی پێش شەڕی داعش دەکەن.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری پارێزگاری نەینەوا، سیروان رۆژبەیانی راشیگەیاند کە ئارامی و ئاسایشی شنگال جێگیر نییە، لەوێ ئێستا پەکەکەی لێیە و حەشدی شەعبی لێیە و چەند ھێزێکی جیاجیای لێیە، خەڵکی شنگال کە ناگەڕێنەوە لە ترسی ئەو ناسەقامگیرییە بۆیە داوامان کردووە ئەو ھێزانە لەوێ نەمێنن بۆئەوەی خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە.

رۆژی ھەینی ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئە رێککەوتنەکە کۆتایی بە باڵادەستی گرووپە دەرەکییەکان دەھێنێت و یارمەتیدەرە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی چاودێری رێککەوتنە مێژووییەکەی کرد کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدرال لە شنگال لە بوارەکانی کارگێری و ئەمنیی بەھێز دەکات. 

کاردانەوەکان لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا

ھەر دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی رێککەوتنەکەش، ھەریەک لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێشوازییان لە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی ئیدارەی ھاوبەش و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرد.

دواتریش ھەریەک لە سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە سێ پەیامی جیادا، رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال بە ھەنگاوێکی ئیجابی وەسفکرد و رایانگەیاند کە ئەم رێککەوتنە سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و جەختیشیان لەوە کردەوە کە رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شنگال کە رووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەوە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش.

لەبەرامبەردا هەروەک چاوەڕوانیش دەکرا، لایەنگران و دەسەڵاتدارانی ‌حەشدی شەعبی رەتیان کردەوە کە رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندەی خەڵکی عێراق نییە. لەم بارەیەوە ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری مەهدی ئامرلی رایگەیاند کە بەندەکانی رێککەوتنەکە زۆر ئاڵۆزە و ئەوە سەرەتاییەک دەبێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەستووری عێراق کە باس لە چارەسەری کیشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات لەسەر هەندێک ناوچە. بە گوتەی ئامرلی، "جێبەجێکردنی ئەو مادەیە لە بەرژەوەندی کورد و بە زیانی لایەنەکانی دیکەی عێراقە".

وەک پڕوپاگەندەیەکیش دژ بە رێککەوتنەکە، لق و پۆپەکانی پەکەکە لە شنگال دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی ئاڵای و پۆستەری ئۆجەلان. لایەنگرانی پەکەکە لە شنگال بە بیانووی ئەوەی لە ئازادکردنی شنگالدا بەشداربوون دژ بە رێککەوتنامەکە درووشمیان دەگوتەوە. 

جێی ئاماژەیە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوایە و ١٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مووسڵ دوورە.

قەزاکە پێگەیەکی ستراتیجیی گرنگی ھەیە و ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا و دەکەوێتە نێوان چوار قەزاوە ئەوانیش قەزاکانی رەبیعە، عەیازییە، تەلەعفەر و قەیرەوان.

ھەروەھا شاخی شنگال دەکەوێتە بەشی پشتەوەی شارەکە و ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا و بەتایبەت دەکەێتە نیوان پارێزگای حەسەکە لە سووریا و پارێزگای نەینەوا لە عێراق، بەرزی شاخەکە نزیکەی ھەزار و ٤٠٠ مەتر دەبێت.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın