ئابووری

"گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە"

- وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار: "گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا دەستبەریەك هەبێت كە هەرێم پابەند بێت رۆژانە لە 370 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم نەهێنێت".

28.06.2020
"گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە"

Arbil

بەغدا ــ AA

وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا دەستبەریەك هەبێت كە هەرێم پابەند بێت رۆژانە لە 370 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم نەهێنێت و ئاماژە بەوەیش دەكات كە بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم، هەوڵی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەدەن.

ئێحسان عەبدولجەبار لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیچمە فەرمی عێراق "ئەلسەباح" گوتوویەتی"لە بەرژەوەندی عێراقدایە بەردەوام بێت لە هاوكاریكردن و پێكەوەكاردن لەگەڵ رێكخراوی ئۆپێك بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بەرزببێتەوە".

گوتیشی: "وەزارەتی نەوت پابەندە بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بەپێی وادەكان بۆ مانگەكانی داهاتوو لەمساڵدا، بۆیە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆر كەمكراوەتەوە".

سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە جێەجێكردنی رێككەوتنەكەی ئۆپێك، وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار گوتی: "گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا دەستبەریەك هەبێت كە هەرێم پابەند بێت بەوەی کە رۆژانە لە 370 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم نەهێنێت".

جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی كە بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم، هەوڵی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەدەن و گوتی:

"گفتوگۆمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ دووبارە باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم، بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت لەژێر یەك سیاسەتی نەوتیدا و بەڕێوەبردنی سامانەكان لەژیر سیاسەتی فیدرالدا".

لە سەرەتای مانگی رابردوودا، ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە ١٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا رێككەوتوون.

لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا كە لە مانگی رابردووە چووەتە واری جێبەجێكردنەوە، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك، نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكەنەوە.

بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت عێراق، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، یەك ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كەم بكاتەوە.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın