Fakhradin Ibrahim Mohammad
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
کۆمپانیای دانە گاز لە عێراق بڕیاری داوە کە ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر "بە شێوازێکی پلەبەندی" بەرز بکاتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی دانە گاز'ی ئیماڕاتی، کۆمپانیاکە دڵنیایی ئەمنی لە هەرکام لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق وەرگرتووە و بۆیەش دەست بە زیادکردنی چالاکییەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکاتەوە.
لە ڕاگەیاندراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە: "دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی نوێی بارودۆخی ئەمنی و وەرگرتنی گەرەنتیی تەواو و دڵنیاکەرەوە لە باڵاترین ئاستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، پڕۆسەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە وریایی و بە شێوازێکی پلەبەندی دەستپێدەکات".
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی غاز لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەژمار دەکرێت و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەندین جار ڕووبەڕووی ھێرشی درۆن و مووشەکی بووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو بەھۆی جارێکی دیکە هەڵکشانی گرژییەکان لە ئاکامی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، وەک خۆپارێزییەک بۆ کارمەندان و ژێرخانی کۆڕمۆڕ، بەرھەمھێنانی غازیان لە کێڵگەکە کەم کردبووەوە.