ئابووری

پێشانگای نێودەوڵەتیی خشڵ و زێڕ لە هەولێر کرایەوە

- پێشانگاکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و ٣٠ کۆمپانیای تورکی و ئیتاڵی یەک کۆمپانیای ناوخۆیی بەشدارن و جۆرەها خشڵ و زێری جۆراوجۆر لە پێشانگاکەدا نمایشکراون.

Hawkar Yaseen   | 25.11.2021
پێشانگای نێودەوڵەتیی خشڵ و زێڕ لە هەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

بە بەشداری ٣٠ کۆمپانیای تورکی و ئیتاڵی و یەک کۆمپانیای کوردی، پێشانگای نێودەوڵەتیی خشڵ و زێر لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر کرایەوە.

پێشانگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا چەندین خشڵی جۆراوجۆر و زێڕ و ئامێری دروستکردنی خشڵ نمایش کراوە، بەئامانجی دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی فراوانتر لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئیتاڵیا لە بواری بازرگانیی خشڵ و زێڕدا.

لە مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، هەریەک لە کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای و بریکاری وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، سەروەر هەواری و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو بەشداربوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هەریەک لە کۆنسولی گشتیی تورکیا و بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پارێزگاری هەولێر باسیان لە گرنگی کردنەوەی پێشانگاکە کرد.

سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ لە پێشانگای خشڵی هەولێر بەشدارین، ئێوە دەزانن تورکیا لەگەڵ عێراق بازرگانییەکی زۆر باشی هەیە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی لەسەدا ٢٠ ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان زیادی کردووە، ئامانجی هەمووشمان ئەوەیە ئەو بازرگانییە بەرەوپێش بچێت و لە سێکتەری زیاتر کاربکرێت".

راشیگەیاند "ئەم جۆرە پێشانگایانە زۆر گرنگە کە بەتایبەت بۆ چەند سێکتەرێکی جیاواز دەکرێت، چەند رۆژێک پێش ئێستا پێشانگایەکی دیکەش کرایەوە و لەوێش نیوە زیاتری کۆمپانیاکان لە تورکیاوە هاتبوون".

هاکان کاراچای دەربارەی گرنگیی پێشانگاکە گوتی: "ئێمە ئاگادارین ساڵانە عێراق بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زێڕ هاوردە دەکات لەو بڕەش نزیکەی نیوەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی ئەم پێشانگایە کراوەتەوە کە بۆ یەکەم جارە لە عێراق و هەولێر پێشانگایەکی لەو جۆرە بکرێتەوە".

دواتر سەرۆکی دەستەی دۆستایەتی تورکیا و عێراق لە پەرلەمانی تورکیا، حوسێن شانڤەردی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ هەولێر، یەکەم جارە پێشانگایەکی زێڕ لێرە دەکرێتەوە، نزیکەی ٣٠ کۆمپانیای بواری زێڕ و خشڵ لەم پێشانگەیەدا بەشدارن، ئامانجیشمان ئەوەیە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان بەرەوپێش بچێت، ئێمە لەگەڵ عێراق دراوسێ و خزمی یەکین لە شرنەخ و ماردین خزم و کەسی ئێوەی لێیە و ئێمەش کەسوکارمان لێرەیە. لە هەمان کولتووردا دەژین و لە هەمان جوگرافیاداین، ئەوەی لەدەستمان بێت لە پەیوەندییە ئابوورییەکانماندا، دەمانەوێت لە بەرزترین ئاستدا بێت".

هەروەها بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، سەروەر هەواری لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "وەک وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی پیرۆزبایی ئەم رووداوە ئابوورییە لە هەولێر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم پێشانگایە زۆر ناوازە و دەگمەنە و بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، دەستخۆشی لە رێکخەرانی و کۆنسولگەری گشتیی تورکیا لە هەولێر دەکەین کە رۆڵێکی زۆر کاریگەرییان هەبوو لە ئامادەکردنی پێشانگاکە، ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی باشترین ئاسانکاریمان بۆ کردنەوەی پێشانگاکە کردووە".

گوتیشی: "کردنەوەی پێشانگاکە لە هەولێر گرنگیی خۆی هەیە، چونکە مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا، زێڕ پێگەیەکی بەهێزی هەبووە هەم لە مامەڵەکردنی بازرگانیی هەم پێشکەوتنی ئابووریی هەم لە پیشەسازیی و زێڕنگەریی، هەرێمی کوردستان لەئێستادا، وەک کیانێک لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، کرانەوەیەکی ئابووریی و بازرگانیی بەڕووی جیهاندا هەیە، زێر پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە ئابووریی وڵاتان کاریگەری لەسەر هێزی کڕینی دراوی هەر وڵاتێک بریتییە لە یەدەگی زێڕ، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگییەکی زۆر سێکتەری بازرگانیی و پیشەسازیی و کەرتەکانی دیکەی ئابووریی دەدات، دەمانەوێت ئەم پێشانگایە بکەینە دەستپێکێکی نوێ بۆ گرنگیدان بە بازرگانی زێڕ و خشڵ لەنێوان ئێمە و وڵاتە پێشکەوتووەکان و لەڕێگای ئەم پێشانگایەوە بتوانین پیشەسازی زێر پەرە پێ بدەین لە هەرێم".

راشیگەیاند "هیوادارم خاوەن کار و سەرمایەداران و ئەو کەسانەی لەبواری زێڕ و خشڵدا کاردەکەن بتوانن کۆنتاکتێکی باش بکەن لەم پێشانگایە و سوودی ئابووریی بۆ هەردوولا هەبێت".

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشدا پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند "ئەمڕۆ هەولێر رووداوێکی بازرگانیی و ئابووریی گەورە بەخۆوە دەبینێت کە بۆ یەکەمین جارە پێشانگای زێر لە هەولێر دەکرێتەوە، بازرگانی زێڕ و بەشێکی گرنگە لە بەرەوپێشچوونی ئابووریی وڵاتان و بەرەوپێشچوونی سێکتەرەکانی دیکەی ئابووریی لە وڵاتاندا، لەلای هەولێر و هەولێرییەکانیش پیشەسازی زێڕنگەریی و بازرگانیکردن بە زێڕ بەشێکە لەکاری ئەوان و لە مێژوودا بازاڕە میللییەکانی هەولێر بەشێکی گرنگی بازاری زێڕی تێدا هەبووە و شەقامی تایبەت بەخۆی هەیە".

گوتیشی: "بەهیوای ئەوەی کردنەوەی ئەم پێشانگایە بەشێکی گرنگ بێت لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووریی هەرێمی کوردستان و تورکیا و هەموو لایەکمان سوودمەندبین لە کردنەوەی ئەم پێشانگایەدا، کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمە چەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوورییە نەک تەنیا پشت بەستن بە یەک سەرچاوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان خوازیاری بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانین لەگەڵ هەردوو وڵاتی دراوسێ ئێران و تورکیا، هەروەها شارەکانی عێراقیش".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın