Heman Hussein Yaseen
15 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2026
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، ڕایگەیاند کە بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێی ھەرێم لە دەرەوە، ئەوا پێویستی بە بوودجە و ستافی کارمەند ھەیە، بەڵام ١٤ نوێنەرایەتیی ھەرێم لە مانگی چوارەوە تا ئێستا بوودجەیان وەرنەگرتووە.
سەفین دزەیی گوتیشی: "کاتێک دەمانەوێت نوێنەرایەتییەکان چالاک بکەین، دەبێت توانای ئەوەمان ھەبێت لە ھەموو بوارێکەوە ھاوکارییان بکەین، بەڵام نەبوونی بوودجە و ستاف گرفت دروست دەکات لەبەردەم کردنەوەی نوێنەرایەتی نوێی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە".
سەبارەت بە داواکارییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ ڤیزای تورکیا، سەفین دزەیی گوتی: "لەم مانگەدا زیاتر لە ١٥ ھەزار داواکاریی ڤیزای تورکیا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، ھەروەھا لە ماوەکانی ڕابردوودا شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ لەسەر پڕۆسەی ڤیزا لە پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی کراوە".
سەفین دزەیی جەختیشی کردەوە کە لە نێوان شارەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک گرفتێکی تایبەت لە پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزای تورکیا نییە، چونکە ناوەندەکانی پێشکەشکردنی ڤیزا لە ھەر سێ شارەکە بەردەستن و ھاووڵاتیان دەتوانن بەڵگەکانیان پێشکەش بکەن و ڤیزا وەربگرن.