ئابووری

نرخی گەنمی ھەرێمی کوردستان دوو هێندی نرخی گەنمی جیھانە

بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بەوەکالەت، ھێمن سەید موراد: "پڕۆژەیەک لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی گەنمی جووتیارانی کوردستان بە بازاڕی جیھانی بکرێت"‌.

Heman Hussein Yaseen   | 20.06.2020
نرخی گەنمی ھەرێمی کوردستان دوو هێندی نرخی گەنمی جیھانە

Arbil

ھەولێر - AA

رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و، بڕیاریشە پڕۆسەکە بەردەوام بێت، بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بڕی ٣٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرا و ئەمساڵیش بڕەکەی بۆ ٣٥٠ ھەزار تۆن زیادکراوە و لەم رێژەیەش بڕی ١١٠ ھەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە جووتیاران وەردەگیرێت و رۆژانە جووتیاران گەنمەکانییان لە پەنەرەکانی سایلۆ بەتاڵ دەکەن.

بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بەوەکالەت، هێمن سەید موراد ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، پارێزگای ھەولێریان کردووەتە نۆ ناوچە و دەشڵێت ئێستا پڕۆسەکە بە خێرایی دەڕوات بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو.

ھێمن سەید موراد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە لە ١٤ی مانگ دەستمان کرد بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر و خشتەیەکمان داناوە کە تیایدا ھەولێر کراوەتە نۆ ناوچە و، لە سەرەتاشدا دەستمان کرد بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری شارەدێی قوشتەپە، بڕی ئەو گەنمەی کە وەدریدەگرین ١١٠ ھەزار تۆن گەنمە و بڕەکە لە ساڵی پار زیاترە''.

وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکاندا، بە چەند رێکارێکدا دەڕوات و سەرەتا کێشی گەنمەکە وەردەگیرێت و دواتر رادەی شێی گەنمەکە و پاشان پۆڵێنی گەنمەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت لە کام نمرەدایە و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت، ھێمن سەید موراد گوتی: "سێ جۆری گەنم ھەیە، کە لە رووی کوالێتی و نرخەوەش جیاوازن، بۆ نموونە، گەنمی نمرە یەک بە ٥٦٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، گەنمی نمرە دوو بە ٤٨٠ دینار و، گەنمی نمرە سێ بە ٤٢٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، بێگومان بەرھەمی جووتیاران لەو بڕە زۆر زیاترە چونکە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ٣٩٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و لەو رێژەیەش ھەولێر ١١٠ ھەزار تۆن گەنمی بەردەکەوێت".

ھێمن سەید موراد ئەوەش دەخاتەڕوو کە ناوچەی شەمامک و قوشتەپە زۆرترین رێژەی گەنمی بەردەکەوێت بەھۆی ئەوەی زیاتر کاری کشتوکاڵی و چاندنی گەنم لەو ناوچانە دەکرێت.

ئەگەرچی پڕۆژەیەک ھەبوو بۆ ئەوەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بە بازاڕی جیھانیی بکرێت بەڵام بەھۆی دابەزینی نرخی گەنم لە بۆڕسەی جیھانی نەتوانراوە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت، ھێمن سەید موراد گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستا ناتوانێت گەنم لە بازاڕ بکڕێتەوە، پڕۆژەیەک لەبەردەستدابوو بۆ ئەم بابەتە، بەڵام نرخی تۆنی گەنم لە بۆڕسەی جیھانی زۆر ھەرزانترە لەو نرخەی کە حکوومەتی عێراقیی دەیکڕێت، واتا تۆنی گەنم لە بۆڕسەی جیھانی لە دەوروبەری ٢٠٠ دۆلارە، بەڵام ئەو گەنمەی حکوومەتی عێراق دەیکڕێت ٤٨٠ دۆلارە، ناتوانێت ململانێی گەنمی دەرەوە بکات چونکە لە دەرەوە نرخ ھەرزانترە، ئەم نرخەش بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ھاندانی جووتیاران بووە''‌.

ساڵانە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کێشەی وەرگرتنی شایستە داراییەکانییان ھەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێریش ئاماژە بەوە دەکات کە ھەوڵی ئەوەیان داوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە بێ گرفت بڕوات بۆ ئەوەی بە زووترین کات داوای شایستە داراییەکان بکەن و لەمبارەیەوە هێمن سەید موردا گوتی: ''ھەوڵمانداوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەبێ گرفت بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەزووترین کات شایستە داراییەکان داوا بکەین، پلانی ئەوەمان ھەیە رۆژانە دوو ھەزار و ٥٠٠ تۆن گەنم وەربگرین، لە رۆژانی سەرەتادا پڕۆسەکە تۆزێک بە سستی بەڕێوەدەچوو چونکە حکوومەتی عێراقی دەسەڵاتی ئەوەی پێ نەدابووین کە گەنمەکان لە پەنکەرەکان وەربگرین، تەنیا دەسەڵاتی ئەوەمان ھەبوو گەنم لە بەنزەکان وەربگرین و ئەم شێوازەش تۆزێک سستە و پێویستی بەکات ھەیە چونکە ھەر بارھەڵگرێک پێویستی بە ١٥ بۆ ١٨ خوولەک ھەبوو بۆ بەتاڵکردنی بارەکەی، بۆیە لەم دوو رۆژەدا رەزامەندییمان وەرگرت تا گەنمەکان لە پەنکەرەکانیش وەربگرین، ئەمەش شێوازی وەرگرتنی گەنمەکەی خێراتر کردووە بە جۆرێک پێشتر رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ بارھەڵگرمان وەردەگرت و ئێستاش لە سەرووی ١٠٠ بارھەڵگر وەردەگرین''.




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın