سياسەت, ئابووری, عێراق

قوباد تاڵەبانی: "لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێم دەگاتە پەرلەمانی کوردستان"

- جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پرۆسەی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، ھاوکات یارمەتێدەر دەبێت بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی ھەرێم

Sarmand Hameed   | 13.04.2021
قوباد تاڵەبانی: "لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێم دەگاتە پەرلەمانی کوردستان"

Arbil

هەولێر - AA

جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پرۆسەی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، ھاوکات یارمەتێدەر دەبێت بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی ھەرێم و راشیگەیاند، لە ماوەی نزیکدا پڕۆژەیاسای بوودجەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ھێمن ھەورامی و سکرتێری پەرلەمان، مونا نەبی قەھوەچی لە ھۆڵی پرۆتۆکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بەسەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بەئامادەبوونی سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی دارایی و کاروباری ئابووری، و‌زە و سامانە سرووشتییەکان و سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی بەڕێوەچوو، ھەریەک لە رێواز فایەق و ھێمن ھەورامی لەدوو گوتەی جیادا رۆلی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستانیان لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەرزنرخاند و جەختییان لەوە کردەوە کە ھۆکاری سەرکەوتنی شاندەکە لەگفتوگۆکان و بەدەستھێنانی ئەو دەسکەوتە بەپشوودرێژی و ماندووبوون و ھەوڵە جدییەکانی شاندەکە بووە.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لەسەر گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمان و حکومەت کردەوە و پشتیوانیی پەرلەمانیشیان بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم لەو پرسەدا دەربڕی، ھەروەھا خستنەڕووی ئەنجامی رێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و وردەکاریی گفتوگۆکان و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق و ئاماژەکانی لەداھاتوودا کەلێی دەکەوێتەوە،‌ بەپرسێکی گرنگ و پێویست زانی بۆ پەرلەمانی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دواتر جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم، قوباد تاڵەبانی سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تیمی شاندی دانوستکاری ھەرێم ئەو دەسکەوتەی بەھاوبەشی و پشتیوانیی ھەموولایەک لە سەرۆکایەتییەکان، دوای چەند مانگێک لەگفتوگۆ و کۆڵنەدان بەدەستھێناوە.

قوباد تاڵەبانی پرۆسەی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانی لە یاسای بوودجە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەپرۆسەیەکی سەرکەوتوو ھەژمارکرد و پێی وابوو جگە لەوەی یارمەتێدەر دەبێت بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی ھەرێم، لەھەمان کاتدا متمانە دەگەڕێنێتەوە لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی و لەداھاتوودا رێخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و پرسی چارەنووسساز لەنێوان ھەردوولادا.

جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان روونکردنەوەی پێویستی لەبارەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو کە بەچ میکانیزمێک رێککەوتوون و رایگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم پابەند دەبێت بەو ئەرکانەی کە لەسەریەتی لە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق بۆ بەدەستھێنانی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە "رێککەوتنە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان و لێکتێگەیشتنی نێوانیان بووە کە توانیویانە بەڕاست و دروستی زانیارییەکان بگەیەنین و زۆر بەڕاشکاوی گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی تایبەت بەماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و پرسی بوودجە و داھات و خەرجییەکان و چۆنیەتیی جێگیرکردنی بڕگەیەک لەو یاسایە بکەن کەقابیلی جێبەجێکردن بێت".

جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، "وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆمان دەربڕیوە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشمان راسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە"، گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی عێراق پابەند بێت بەو رێککەوتنە دڵنیاتان دەکەمەوە کە باشتر دەتوانین ئیدارەی خۆمان بکەین و دۆخی داراییمان باشتر دەبێت".

دواتر سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرۆک و جێگر و ئەندامانی لیژنەکانی دارایی و کاروباری ئابووری و و‌زە و سامانە سرووشتییەکان و سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی، وێڕای ستایشکردنی ھەوڵەکانی شاندی دانوستانکار، جەختییان لەسەر پێویستیی پابەندبوونی ھەردوولا بە رێککەوتنەکە کردەوە و چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیازیشیان خستەڕوو و کۆمەڵێک پرسیاریشیان ئاراستەی شاندی دانوستانکار کرد.

لەبەرامبەردا شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەوردی وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیان دایەوە، کەپەیوەست بوون بەڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا و پشکی ھەرێم لە بوودحەی گشتیی عێراق و دۆخی دارایی ھەرێم و مووچەی مووچەخۆران و لێبڕینی مووچە و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و پلەبەرزرکردنەوە و ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێم بۆ پەرلەمان و ئاستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات.

لەنێو وەڵامەکاندا سەرۆکی شاندی دانوستانکار ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و سووریشن لەسەر ئەنجامدانی، بەتایبەت چاکسازیکردن لە داھات و خەرجی و کۆنترۆلکردنی دەروازە سنوورییەکان و پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێمیش رایگەیاند: "کە لە ماوەی نزیکدا پڕۆژەیاسای بوودجە دەگاتە پەرلەمانی کوردستان".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın