Zana Natık Kerem
22 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2026
وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خزەیر ڕایگەیاند، بەھای کۆی ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا واژوویان کردووە، ٢٠٠ ملیار دۆلارە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ڕێککەوتننامانە، دەبنە مایەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت و دابینکردنی ڕەخساندنی دەرفەتی کار.
وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خزەیر لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلعێراقییە" ڕایگەیاندووە کە سوورن لەسەر شەفافیەت لە خستنەڕووی زانیارییەکانی لەبەردەم ڕای گشتییدا و گوتی: "بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق، پەیامێکی دڵنیاییە بۆ کۆمپانیا جیھانییەکان، لەوەی ژینگەی وەبەرھێنان لە وڵاتدا سەرنجڕاکێشە".
باسم محەمەد خزەیر باسی لەوەش کرد کە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، حەوت ڕێککەوتننامەی گرنگیان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکا واژوو کردووە و ڕایگەیاند و بەشێك لەو ڕێککەوتننامانە لەگەڵ کۆمپانیای " HKN" بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەی حەمرین، و ڕێککەوتننامەیەکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ بەگەڕخستنی کێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە/٢ و پەرەپێدان بە کێڵگەکانی ناسرییە و بەلەد و ڕێککەوتننامەیەکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای ھالیبێرتۆن بۆ بەڕێوەبردنی تەواوکاریی کێڵگەکانی بن عومەر و سەندیباد لە بەسرە، ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ سزوریا سەبارەت بە ھێڵی گواستنەوەی نەوتی (حەدیسە – بانیاس)، واژوو کراون.
وەزیری نەوتی عێراق ڕوونیشی کردەوە، بەھای ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لە واشنتۆن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە لە کەرتی وزەدا واژوویان کردووە بەهاکەی ٢٠٠ ملیار دۆلارە جەختیشی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی ڕیککەوتننامەکاندا، دەرفەتی کار دابین دەکرێن، جگە لەوەش ڕێککەوتننامەکان، دەبنە مایەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت.
باسم محەمەد خزەیر ئاشکراشی کردووە کە لە ئێستادا، ٢٢ کۆمپانیای جیھانی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا کار دەکەن لە نێویاندا، کۆمپانیای BP بەریتانی کە کێڵگەی ڕومەیلە بەڕێوەدەبات.
وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خزەیر سەبارەت دۆسیەی غاز لە وڵاتەکەی ڕایگەیاند، عێراق خاوەنی توانای بەرھەمھێنانی غازە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ئاماژەی بەوەشدا کە پلانیان ھەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەپێی پرۆژە نوێیەکان، بەرھەمێنانی غاز، بگاتە ئاستی خۆبژێوی.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، توانای وڵاتەکەی لە بەرھەمھێنانی نەوت، چوار ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە و گوتی: "دانوستانیان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ھێڵی جەیھانەوە دەست پێکردووە، ھەروەھا ھیچ ڕێگرییەک لە بەشداریی کۆمپانیا تورکییەکان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکاندا لە عێراق بوونی نییە، پرۆژەکانی ھێڵی بۆڕییەکان بەرەو جەیھان و بانیاس و جێگرەوەی دیکەی جۆراوجۆر بۆ ھەناردەکردنی نەوت بەکاردەھێندرێت، بەتایبەت دوای ئەو قەیرانەی کە بە ھۆی داخستنی گەرووی ھورمزەوە بۆ ھەناردەی نەوتی عێراق دروست بوو".
باسم محەمەد خزەیر جەختی لەوەش کردەوە عێراق بەرەو قۆناغێکی گەورە لە زیادکردنی تواناکانی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت ھەنگاو دەنێت و گوتیشی: "حکوومەت ھیچ سەپاندنێک لە ھیچ لایەنێک قبوڵ ناکات، و کۆمپانیا ئەمریکییەکان خاوەنی تەکنەلۆژیای ھاوچەرخ و ئەزموونی درێژخایەنن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازدا".