ئابووری

"دوو هەزار شوێنکاری زێڕینگەری لە هەرێمی کوردستان هەیە"

- بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری خشڵ لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکر عەزیز: "لە هەولێر ٥٧٨ مۆڵەت دراوە بە دوکانەکانی زێڕینگەری، هەروەها ٩٤ مۆڵەتیش دراوە بە شوێنکاری چاککردنەوەی زێڕ".

Heman Hussein Yaseen   | 30.10.2019
"دوو هەزار شوێنکاری زێڕینگەری لە هەرێمی کوردستان هەیە"

Arbil

هەولێر - AA

لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٧٠٠ دوکانی زێڕینگەری و ٢٨٥ شوێنکاری چاککردنەوەی زێڕ هەیە و لە ماوەی رابردووشدا بە هۆی بارودۆخی ناوچەکە ئاستی هاوردەی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە و زێڕینگەرێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک زیاتر خواستی لەسەر فرۆشتن هەیە تا کڕین و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی هاوردەکردن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری خشڵ لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکر عەزیز سەبارەت بە ژمارەی مۆڵەتەکان لە هەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەولێر ٥٧٨ مۆڵەت دراوە بە دوکانەکانی زێڕینگەری، هەروەها ٩٤ مۆڵەتیش دراوە بە شوێنکاری چاککردنەوەی زێڕ کە بریتین لە حەوت مۆڵەتی زێڕی بە کۆمەڵ، ٥٦ مۆڵەتی وەرشەی سەربەخۆ، ١٥ مۆڵەتی وەرشەی پێشکەوتوو، ١٣ مۆڵەتی چاپی لیرە و دوو مۆڵەتی پاڵاوگە".

بەکر عەزیز گوتیشی: "لەم رێژەیەش، ٤٣ مۆڵەتی دوکانی زێڕینگەری، دوو مۆڵەتی وەرشەی پێشکەوتوو، سێ مۆڵەتی چاپکردنی لیرە و هەشت مۆڵەتی وەرشەی سەربەخۆ لە ئەمساڵ دراون بە خاوەنکاران".

هاوکات بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری دهۆک، عەبدولخالق عەبدولستار سەرحان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پارێزگای دهۆک بە گشتی ٤٨١ مۆڵەت دراوە بە دوکانەکانی زێڕینگەری و ٩٩ مۆڵەتیش دراوە بە وەرشە جۆراوجۆرەکان و ١٨ مۆڵەتیش دراوە بە کارگە".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری خشڵ لە پارێزگای سلێمانی، ٦٥٠ مۆڵەت دراوە بە دوکانەکانی زێڕینگەری و ٩٣ مۆڵەتیش دراوە بە وەرشە جۆراوجۆرەکان.

گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەران، وشیار یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەئێستادا ئاستی هاوردەکردنی زێڕ کەمیکردووە بە هۆی بارودۆخی ناوچەکەوە زیاتر هەناردە دەکرێت بۆ دەرەوە و خەڵک زیاتر دەیەوێت پارەی دەست بکەوێت و هەر یەک لە تورکیا و دوبەی زۆرترین هەناردەکردن و هاوردەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبووە، بەڵام ئێستا هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و دوبەی زیاترە".

لەبارەی جۆری زێڕ و رێژەی هاوردەکردن و هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان، وشیار یاسین گوتی: "پێشووتر مانگانە پێنج تا حەوت تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا ئێستا زۆر کەم بووەتەوە و مامەڵەکردن بە زێڕ وەک جاران گەرم نییە، ئێستا هەر لە تورکیا و دوبەی هەناردەکردن و هاوردەکردن هەیە، بە پلە یەک زێڕی خەلیجی و دواتریش زێڕی تورکی زۆر باوە".

وشیار یاسین گوتیشی: "ئابووری پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، بۆیە نرخەکانیش بەپێی بابەتی سیاسیی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. لە عێراق، زێڕی عەیار ٢١ باوە و لە وڵاتی ئێرانیش زێڕی عەیار ١٨ باوە، ئەمە پەیوەندی بە دیمۆگرافیاوە هەیە".

لەبارەی ژمارەی عەیارەکان و جیاوازییەکانییان، وشیار یاسین گوتی: "لە زێڕدا چەند عەیار بەرزبێتەوە، ئەوەندە رێژەی ماددەی سفر (مس) لە زێڕەکەدا کەمترە و پێچەوانەکەیشی راستە، ساڵانەش لە مانگی بەهار بەدواوە مامەڵەی زێڕ گەرم دەبێت بە هۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری".

زۆری تێچووی نەخشاندن کە هەقدەستیشی پێ دەڵێن زۆرجار دەبێتە گلەیی و گازاندە لە لایەن کڕیاران و خاوەنکارانیش هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی کە پارچە خشڵەکان دەنەخشێنن و لەمبارەیەوە وشیار یاسین گوتی: "خەڵک وا دەزانێت ئەو هەقدەستەی وەریدەگرین هەمووی بۆ گیرفانی زێڕینگەرەکەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە، بۆ نموونە من دەچمە دوبەی یەک کیلۆ زێڕ دەدەمە کارگەیەک، ئەویش یەک کیلۆ بازن دەدات و لەبەرامبەردا تێچووی نەخشاندنەکە لە ئێمە وەردەگرێن، کەواتا ئەگەر پارچەیەک خشڵ ٣٠٠ دۆلار هەقدەست وەرگرین ئەوا ٢٠٠ دۆلارمان لە دوبەی داوە، بۆیە ئەو نرخە ئێمە دیاری ناکەین و دەمێنێتەوە سەر کارگەکان".

لەبارەی هەبوونی زێڕی ساختە لە بازاڕەکاندا، وشیار یاسین گوتی: "زێڕی ساختە لە بازاڕ زۆرە، زێڕی ئەو وڵاتانەی کە وەزارەتی پلاندانانیان باشە ئەوا کێشەی نییە، بەڵام زێڕی عێراق کێشەی هەیە و بەناوی عەیار ٢١ دەیکڕین و پاشان بە عەیار ١٨ دەردەچێت و ئەمەش ئێمە تووشی گرفت دەکات بۆیە زێڕی عێراق بەبێ پشکنین ناکڕین".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın