Başak Erkalan Köprübaşılı
06 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2026
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد بەرهەمهێنانی نەوت لە گابار گەیشتووەتە ٨٣ هەزار و ٣٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە و، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، چیای گابار کە قۆناغێک ناوی بە تیرۆرەوە بەسترابووەوە، دوای داماڵینی ناوچەکە لە تیرۆر، ئاڕاستەی خۆی بەرەو بەرهەمهێنان گۆڕی.
ئەو کەشە ئارام و پڕ متمانەیەی لە ناوچەکە بنیاتنراوە، ڕێگای بۆ کۆمپانیای هاوبەشی پترۆڵی تورکیا (TPAO) خۆش کرد بە ئاسانی توێژینەوەی سێزمیکی و کارەکانی هەڵکەندنی بیر لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات.
وەک ئەنجامێکی ئەم کارانە، لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ناوچەی گابار لە پارێزگای شڕناخ، گەورەترین دۆزینەوەی نەوت لە مێژووی کۆماردا ئەنجام درا. ئەو بیرە نەوتەی خرایە بواری بەرهەمهێنانەوە، ناوی شەهید ئەسما چەویکی لێنرا.
کۆمپانیای پترۆڵی تورکیا، ئەو بەرهەمهێنانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ناوچەی جودی-گابار بە کێڵگەی شەهید ئەسما چەویک دەستیپێکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢ بە کێڵگەی شەهید ئەفسەر ئاکدەنیز، لە ساڵی ٢٠٢٣ بە شەهید ئایبوکە یالچن، لە ساڵی ٢٠٢٤ بە مەهمەت عیرفان گیولەر، بوڵموشلار و بولەنت سادیئۆغڵو و لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا بە کێڵگەی ئاغاچیوردو فراوانتر کرد.
لە ڕێگای کێڵگەکانی گابارەوە کە بەرهەمهێنانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئەمڕۆ تێکڕا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمهێنراوە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد پێشتر لە گابار خوێن، فرمێسک و نائومێدی هەبوو، بەڵام بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بووەتە ناونیشانی بەرهەمهێنان، هەلی کار و ئومێد و، ڕایگەیاند: "بەشێکی بچووک لەوەی تورکیای بێ تیرۆر چی پێشکەش بە وڵاتەکەمان دەکات، لە گابار نیشانماندا. کاتێک ئەمە بەسەر تەواوی تورکیا و سەرجەم ناوچەکەدا بڵاودەکەینەوە، پشتیوان بە خودا داهاتووی تورکیا و هەموو ناوچەکە، داهاتووی هاووڵاتیان و گەلەکەمان زۆر ڕووناکتر دەبێت".
گوتیشی: "لەو ڕۆژانەی پێشنیاری یاسای پەیوەست بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لە پەرلەمانی تورکیادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەردەوام هەواڵی خۆش لە ناوچەکەوە دێن. بەرهەمهێنانی نەوتمان لە گابار گەیشتە ٨٣ هەزار و ٣٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد. بێوچان کار دەکەین و بەرهەمهێنان زیاد دەکەین، بەردەوامدەبین لە بوون بە ئومێد بۆ داهاتووی هاووڵاتییانمان".