ئابووری, اخبار تجزیه و تحلیل

"بۆ بازرگانیکردن هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەرێمی کوردستان نییە"

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، هێمن موراد حەسەن: "ئەو کاڵایانەی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاوردە دەکرێن لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، خۆشبەختانە ئەو ڤایرۆسە لە تورکیا بڵاونەبووەتەوە، بۆیە هیچ کێشە و گرفتێک لە رووی بازرگانییەوە بەدی ناکەین".

Heman Hussein Yaseen   | 26.02.2020
"بۆ بازرگانیکردن هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەرێمی کوردستان نییە"

Arbil

هەولێر - AA

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، هێمن موراد حەسەن رایگەیاند کە هاوردەکردنی کاڵاکان زیاتر لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل-ەوە دەکرێت بۆیە بە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، گرفتی گەورە لە بازاڕەکاندا روو نادات.

هێمن موراد حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژمارەیەک ناوچەی ئێران بڵاوبوویەوە، بۆ رێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سنوورەکان بەشێوەیەکی کاتی داخراون، چاوەڕوانی رێنماییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین تا بزانین بە چ شێوەیەک جموجۆڵی بازرگانی ئەنجام بدرێت".

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، هێمن موراد حەسەن سەبارەت بە گۆڕانکاری لەسەر نرخی شتومەک و کاڵا لە بازاڕەکانی شاری هەولێردا دوای داخستنی سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: "لە هەولێر دۆخی بازاڕ سەقامگیرە، نرخی هیچ کاڵایەک گران نەبووە، چەند حاڵەتێک هەبوو لە بازاڕی سەوزە و میوە، لیژنەکانی چاودێری بازرگانی سەردانی شوێنەکەیان کرد و سەرپێچیکارانیان سزادا، ئێستا لە شاری هەولێر هەموو نرخەکان لەژێر کۆنترۆڵی چاودێری بازرگانییە و بازاڕ ئاساییە".

هێمن موراد حەسەن لەبارەی ئەگەری زیاتری خواستی هاووڵاتییان لەسەر کڕینی کەلوپەل و کاڵاکان گوتی: "کۆگای کۆمپانیاکان پڕن لە کاڵا، هەرێمی کوردستان زیاتر پشتی بەستووە بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، زیاتر ئەو کاڵایانەی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، خۆشبەختانە ئەو ڤایرۆسە لە تورکیا بڵاونەبووەتەوە، بۆیە هیچ کێشە و گرفتێک لە رووی بازرگانییەوە بەدی ناکەین".

بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، هێمن موراد حەسەن ئاشکرایشی کرد کە پلانێکیان داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ و دروستبوونی قەیران و گوتی: "پلانێکی تۆکمەمان رێکخستووە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە پێداویستی رۆژانە بۆ خەڵک دابین دەکەن، خۆشبەختانە هیچ گرفتێک نەبووە کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستیەکانی هاووڵاتییان".

هێمن موراد حەسەن لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی قۆرخکردنی بازاڕەوە سزا دراون گوتی: "زیاتر لە هەشت لیژنەمان هەیە بۆ چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵە بازرگانییەکان لە شاری هەولێر، دوای ئەوەی سنووری حاجی ئۆمەران جموجۆڵی سست بووبوو، زیاتر لە ١٠ نووسینگەی سەوزە و میوە سزای دارایی و یاسایی دراون و گەڕان و پشکنینیش بەردەوامە".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە هیچ گۆڕانکارییەک روونادات و گوتیشی: "دۆخەکە بەرەو ئاسایی دەچێتەوە و دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە هاوردەکان لە سنووری نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە دەکرێت بۆیە هیچ کێشەیەک روونادات".



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın