هونەر و كلتوور

ئەشکەوتی شانەدەر.. شوێنێکی مێژوویی جیهانیی

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر سۆران ئەمیر شێروانی: "تیمێکی زانکۆی کامبرێجی بەریتانیا کارەکەیان بە کۆتا نەهاتووە بەڵام گرێبەستەکەیان کۆتایی هاتووە و داوایان کردووە بۆیان نوێ بکرێتەوە و لە ٢٨ی مانگ ئەو تیمە دێنەوە هەرێمی کوردستان".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 12.08.2019 - نوێکردنەوە : 26.08.2019
ئەشکەوتی شانەدەر.. شوێنێکی مێژوویی جیهانیی

Arbil

هەولێر - AA

ئەشکەوتی شانەدەر، وەک یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی جیهان هەژماردەکرێت و تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوەی لێکراوە و دۆزینەوەی کۆمەڵێک پەیکەرە ئێسکی مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن شوێنەوارناسی ئەمریکایی راڵف سولیکی وایکردووە کە بە درێژایی نیو سەدەی رابردوو، شوێنەوارناسان و شارەزایان خەریکی لێکۆڵینەوەبن و هاوکات دۆزینەوەی گۆڕستانێک لە قوڵایی ئەشکەوتەش بووەتە هۆکارێک کە شوێنەوارناسانی ئەمریکا و بەریتانیا بە درێژایی ئەو ماوەیە خەریکی لێکۆڵینەوەبن.

لە پێنج ساڵی رابردوو، تیمێکی زانکۆی کامبرێجی بەریتانی خەریکی لێکۆڵینەوە لەم ئەشکەوتە بوون و چواردە مەتریان لەناوەڕاستی ئەشکەوتەکە هەڵکۆڵیووە بۆ ئەوە بتوانن لێکۆڵینەوەکانییان بکەن بەڵام پارساڵ گرێبەستەکەیان تەواو بوو، بڕیاریشە لە ٢٨ی ئەم مانگە جارێکی دیکە تیمەکەی زانکۆی کامبرێج بە کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای بواری شوێنەوارناسی بگەڕێنەوە بۆ ئەشکەوتی شانەدەر بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم شوێنە و بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکەش بەردەوام دەبن لە کارکردن.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر ئاماژە بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوەکان بە سێ قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوون و ئاشکرایشی دەکات کە لە ٢٨/٨/٢٠١٩ دا، تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی کامبرێجی بەریتانیا دێنە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لێکۆڵینەوە لەم شوێنە دەکەن بەمەبەستی گەیشتن بە دەرەنجامی کۆتایی لەبارەی مێژووی تەواوی ئەشکەوتی شانەدەر.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگە سۆر سۆران ئەمیر شێروانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بە سێ قۆناغدا تێپەڕیووە، یەکەمییان لە ساڵی ١٩٥٠ کاتێک شوێنەوارناسی ئەمریکایی راڵف سولێکی سەردانی عێراقی کرد و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار سەردانی ئەشکەوتەکە دەکات و دەیکاتە بیرۆکەیەک کە کاری لەسەر بکات هەر بۆیەش دوای مۆڵەت وەرگرتن لە ٧/١٠/١٩٥١ دەستی بەکارکرد و لە قۆناغەکانی سەرەتایی چەند مەترێک چووە خوارەوە و ئێسکە پەیکەرێکی دۆزیەوە کە منداڵێکی نۆ مانگانەبوو، ئەم کارەی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٦٠ و لەگەڵ منداڵەکەش هاوکات چەندین یاری بەردینی کۆنی دۆزیەوە کە ژمارەیان ٢ هەزار و ٧٩٢ پارچە بوو، ئەو کاتە کاربۆن ١٤ هەبوو کە جۆرێکە لە پشکنین کە پشکنینێکی سادە بوو، ئەوکات ناوبراو رایگەیاند کە پێش ٦٠ تا ٧٠ هەزار ساڵ مرۆڤایەتی لێرە ژیاون".


سۆران ئەمیر شێروانی گوتیشی: "قۆناغی دووەم لە ١٩٥٣ دەستی پێکرد و ئەوکات هەندێک ئێسک و پەیکەری مرۆڤی دۆزیەوە و ئێسکە پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵیشی دۆزیەوە و ژمارەیان نزیکەی ٢١ پارچە بوو، دواتر لە کتێبێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕستانێک هەبووە کە دوای مرۆڤی نیاندەرتاڵ بووە، وای بۆ دەچێت کە مرۆڤ بە مەبەستی ئاژەڵداری لەو ناوچەیە ماوەتەوە و ژیانییان لەم ئەشکەوتە کردووە، هەر لە قۆناغی دووەم، راڵف سولێکی تۆزێک دەچێتە خوارەوە دەبینێت چەند جۆرێک گوڵ لەگەڵ مردووەکان نێژراون و ئاماژە بە هەشت جۆری گوڵ دەکات کە گوڵەکان زیاتر وەرزین و بریتین لە گوڵە بەیبوون، هێرۆ و چەند جۆرێکی دیکەیە".

لەبارەی قۆناغەکانی دواترەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستاش تیمێکی کامبرێجی بەریتانی هەمان بۆچوونییان هەیە کە ئەم شوێنە بە وڵاتی گوڵ ناودەبەن و لەمبارەیەوە دەڵێت: " راڵف سولێکی لە نووسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێسکە سەرێکی مرۆڤی نیاندەرتاڵی لەگەڵ بەشێک لە جەستەی لە شوێنێک بەجێهێشتوون و ئەمەش بۆ ئەوەیە کە تیمەکانی دوای خۆم بتوانن ئاسانتر کارەکانییان جێبەجێ بکەن".

سەبارەت بە قۆناغی کارەکانی تیمی کامبرێجی بەریتانیا، سۆران ئەمیر شێروانی گوتی: "تیمەکە کارەکەیان بە کۆتا نەهاتووە بەڵام گرێبەستەکەیان کۆتایی هاتووە و داوایان کردووە بۆیان نوێ بکرێتەوە و لە ٢٨ی مانگ ئەو تیمە دێنەوە هەرێمی کوردستان و چەند رۆژێک دواتر دەستبەکاردەبن و ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبن لە کارکردن لەم ئەشکەوتە".

ئەو بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر دەشڵێت: "خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی رابردوو، ئێسکە پەیکەری نیاندەرتاڵ لێرە دۆزرایەوە و زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لێرە ژیاون".

بەشێک لە کەلوپەلە دۆزراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران پارێزراون و بەشێکی دیکەش لە مۆزەخانەکانی ئەمریکایە و تا ئەو کاتەی مۆزەخانەیەکی شیاو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت ئەو کات کەلوپەلەکانی ئەمریکا و عێراقیش دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی ئەشکەوتەکە یەکێکە لە شوێنەوارە جیهانییەکان بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی لێکۆڵینەوە لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایان، هێشتا یونسکۆ نەیتوانیووە هیچ قسەیەک لەمبارەیەوە بکات بە پاساوی تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان، بەڵام بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە ئاماژە بەوە دەکات کە نووسراویان ئاراستەی لایەنی پەیوەنددار کردووە بۆ ئەوەی ئەشکەوتی شانەدەر بچێتە لیستی یونسکۆ، بەڵام پێی وایە ئەمە کاتی دەوێت.

ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە سەر بەرزایی لووتکەی چیای برادۆست لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و ٢٠٠ پێ لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، بۆ گەیشتن بەم ئەشکەوتە پێویستە ٣٩٠ پلیکانە سەرکەویت، مێژووی ئەم ئەشکەوتە بۆ ٨٠ هەزار ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە و بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەندرێت لە عێراقدا، بەرزاییەکەی ئەشکەوتەکە ١٨ مەتر و، درێژییەکەی ٤٠ مەترە، پانیی ٢٧ مەتر تا ٦٠ مەترە لە ناوەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın